هەواڵ

-

به‌یاننامه‌ی مه‌ڵبه‌ندی (9)ی رێكخستنی شاره‌زوور به‌ بۆنه‌ی 29هه‌مین ساڵیادی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه

3/15/2017 7:54:14 PM 273 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان دانیشتوانی تێكۆشه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌ورامان،شاره‌زوور

 29ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ڕۆژی 16ی ئازاری 1988 ڕژێمی پێشووی عێراق به‌ چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی نێوده‌وڵه‌تی بۆردومانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌میشه‌ زیندووی كردوو نزیكه‌ی 5 هه‌زار هاوڵاتی بێتاوانی له‌ منداڵ و گه‌نج و ژن و پیری به‌گازی سیانید و خه‌رده‌ل و جۆری سامناكی دیكه‌ ژه‌هر خوارد كرد

ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای بریندار كردنی دوو هێنده‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌، زیاد له‌وه‌ش شاره‌كه‌ي به‌ته‌واوه‌تی خاپور و وێران كرد و به‌رگی كۆمه‌ڵكوژی به‌جه‌سته‌ی شاره‌كه‌دا دادووری. ئه‌م ڕۆژه‌ له‌ مێژووی تاوانه‌كانی به‌عسدا به‌رامبه‌ر كورد، خاڵێكی ناوچه‌يي پێكهێنا كه‌ بووه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كۆمه‌ڵكوژی و تاوانی ترسناكی كه‌م وێنه‌، له‌لایه‌كی تر بێده‌نگیی جیهانی عه‌ره‌بی و ئسلامی له‌و سه‌رده‌مه‌دا وه‌ك پشتیوانی كردنی تاوانه‌كه‌ ڕۆڵی بینی، به‌مه‌ش هه‌ڵه‌بجه‌ قوربایه‌كی گه‌وره‌ی پیشكه‌ش كرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵیدا بووه‌ سیمبولی زامه‌كانی كوردستان و خه‌باتی كوردایه‌تی، بووه‌ ڕه‌مزی تاوانێكی قه‌ده‌غه‌ كراو و یاساغكراوی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ به‌تاوانی جینۆساید و دژه‌ مرۆڤایه‌تی ئه‌ژمار ده‌كرێت.

له‌ 16ی ئازار به‌دواوه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ ناونيشانی بانگی كوردستانی بوون و مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كورد كه‌ قوربانیه‌كانی پێشوو و پاشتری له‌گه‌ڵ زیندوو بۆوه‌ و دۆسیه‌یه‌ی گه‌لێكی به‌ش خوراو و زوڵم لێكراوی لێ پێكهات، ئه‌م تاوانه‌ ئاماژه‌ی غه‌درێكی كه‌م وێنه‌ و ڕه‌سمی ڕه‌نج و قوربانی بێشوماری گه‌لی كوردی برده‌ قۆناغێكی نوێ.

كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ جیهانی ڕاچڵه‌كاند، شه‌هید و برینداره‌كانی، وێنه‌ و دۆكیۆمێنته‌كانی، فۆتۆ و گرته‌ ڤیدیۆیه‌كانی، ویژدانی مرۆڤایه‌تیان خسته‌ به‌رده‌م پرسیار و هه‌ڵوێسته‌وه‌، زۆر له‌و ناوه‌ند و گروپانه‌ی ده‌نگی كوردیان نه‌ده‌بیست، به‌بینین یان زانینی ( ئه‌م ڕاستیه‌ تاڵه‌) ئارامیان شكاند، له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵ كوژی خه‌ڵی بێتاوان و مناڵ و ژندا به‌چاوی به‌ زه‌ییه‌وه‌ له‌ كوردیان ده‌ڕوانی كه‌ چه‌نده‌ بیكه‌سانه‌ زوڵمی لێده‌كرێت و ده‌چه‌وسێنرێته‌وه‌. هه‌ڵه‌بجه‌ بوو به‌ گوڕو تین بۆ پیشمه‌رگه‌ و تێكۆشه‌رانی كوردستان، بوو به‌ به‌ڵگه‌ و واقعی تاڵ بۆئه‌وانه‌ی خه‌میان چاره‌نوسی مرۆڤایه‌تی و باكیان ڕێزگرتنه‌ له‌سه‌رتایترین مافه‌كانی مرۆڤ، هه‌ڵه‌بجه‌ تۆمارێكی دیكه‌ی بۆ مێژوو خولقاند، ئیلهامی ئه‌ده‌بیاتی نوسه‌ران و ئه‌دیبان و هونه‌رمه‌ندانی ده‌وڵه‌مه‌نتر كرد، كه‌تائیستاش ڕه‌نگ و كاریگه‌ری ئه‌و تاوانه‌ و چیرۆكی قوربانیه‌كانی به‌ زیندووی ئاڕاسته‌ ده‌كرێن و باس ده‌كرێن.

له‌م ساڵیاده‌ مێژوویه‌دا مه‌ڵبه‌ندی 9ی ڕێكخستنی شاره‌زوور دوپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌له‌ماوه‌ی ئه‌و 29 ساڵه‌ی ڕابردوودا وه‌ك نوێنه‌ر و داكۆكیكاری هه‌ڵه‌بجه‌ تێده‌كۆشن له‌پیناویدا. جه‌ماوه‌ری خۆڕاگری هه‌ڵه‌بجه‌: جیگه‌ی خۆیه‌تی له‌م یاده‌ پڕ شكۆیه‌دا ئه‌وه‌ به‌ بیری هه‌موو لایه‌كدا بهینرێته‌وه‌ كه‌به‌ری ڕه‌نج و خوینی شه‌هیده‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌ك هه‌ر بناغه‌ی بۆ له‌ناوبرنی به‌عس داڕشت، به‌ڵكو گه‌وره‌ی كاره‌ساته‌كه‌ و وینه‌ و دۆكیۆمێنته‌كانی ڕووداوه‌كه‌ نه‌خشه‌ی عێراقی به‌ته‌واوه‌تی گۆڕی و پارێزگایه‌كی تری لێ دروست بوو به‌ناوی پارێزگای (هه‌ڵه‌بجه‌) كه‌له‌ ئیێستادا له‌ قۆناغی كۆتایی دروست بونیدایه‌ هه‌رۆیه‌ داوا له‌سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌كه‌ین چیتر مه‌سه‌له‌ی دابه‌شكرنی پۆسته‌كانی ئیداره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌كه‌نه‌ هۆكار بۆ دواخستنی جێگیربوی پاریزگای هه‌ڵه‌بجه‌ چونكه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ زۆری به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كماندا هه‌یه‌ و دواخستنی كاره‌ یاسای و ئیداریه‌كانی پارێزگا به‌لای یه‌كێتیه‌وه‌ مایه‌ی نیگه‌رانیه‌ و باله‌وه‌ش زیاتر خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ و كه‌سوكاری هه‌ڵه‌بجه‌ نیگه‌ران نه‌بن.

كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان جارێكی تر به‌م بۆنه‌ گرنگه‌ مێژوویه‌وه‌ سڵاوی ئه‌مه‌ك و وه‌فاداری بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌نێرین و ئه‌و به‌ڵێنه‌ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ خزمه‌تكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌شه‌پێدانی ده‌بێت به‌رده‌وام بێت تاده‌بێته‌ شارێكی نمونه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌روه‌ك بایه‌خی حكومه‌تی هه‌رێم جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی ستراتیژی له‌م شاره‌دا وه‌ك چۆن به‌هه‌ند وه‌رگیراوه‌ پێویسته‌ كاراتر و به‌گوڕتر بكرێت هه‌روه‌ها ته‌واوی هه‌وڵه‌كانمان چڕده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی پرۆسه‌ی قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی یاسایی زیان لێكه‌وتوان و چاره‌سه‌ر كردنی سه‌رجه‌م بریندارانی كیمیایی. سڵاو له‌سه‌رجه‌م شه‌هیده‌كان سڵاو له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی ناسنامه‌ی گه‌لی كورد

مه‌ڵبه‌ندی 9ی ڕێكخستنی شاره‌زووری (ی ن ك)

16/3/2017

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure