هەواڵ

-

مه‌لا به‌ختیارو جه‌میل هه‌ورامی و ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌ری وچه‌ندانی تر ئه‌م شوێنانه‌یان به‌سه‌رکرده‌وه‌

8/18/2017 9:08:23 PM 362 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی کارگێڕی، به‌هاوڕێیه‌تی جه‌میل هه‌ورامی، لێپرسراوو ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌ری، جێگری مه‌ڵبه‌ندی نۆی شاره‌زورو خه‌ڵه‌ف ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان و ژماره‌یه‌ک له‌پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان و هه‌ڤاڵانی ئۆرگانه‌ جیاوازه‌کانی یه‌کێتیی، ئه‌مڕۆ (18/8/2017) هه‌ردووگوندی گرێزه‌و ریشێنی به‌سه‌رکرده‌وه‌ و له‌لایه‌ن قایمقامییه‌تی قه‌زای سه‌ید سادق و خه‌ڵکی هه‌ردوو گونده‌که‌وه‌، به‌ناوی هاووڵاتیانی گونده‌کان و دانیشتوانی سنوره‌که‌وه‌، به‌گه‌رمی پێشوازی لێکراو سه‌ردانه‌که‌یان به‌وه‌فاو دانه‌بڕانی لێپرسراوی ده‌سته‌ی کارگێڕی، وه‌ک تێکۆشه‌رێکی دێرین و دانه‌بڕاو له‌ناوچه‌که‌و له‌خه‌ڵک و به‌ئاگابوون له‌کێشه‌ گرفته‌کانیان ناوبرد. 

 

پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ردانی گرێزه‌، سڵی نه‌کردۆته‌وه‌

 

له‌وته‌یه‌کیشیدا له‌گوندی گرێزه‌، مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی کارگێڕی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد، که‌ گوندی گرێزه‌ وه‌کو یه‌کێک له‌دێهات و گونده‌ تێکۆشه‌ره‌کانی تری کوردستان، وه‌کو یه‌کێک له‌و گوندانه‌ی که‌ پێشمه‌رگه‌، یه‌کێتیی و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، به‌یه‌کێک له‌گونده‌ پاکه‌کانی کوردستان زانیوه‌و یادو بیره‌وه‌ری درێژمان له‌ناوچه‌که‌دا هه‌یه‌. له‌و رووشه‌وه‌، پاش گێڕانه‌وه‌ی چه‌ند بیره‌وه‌رییه‌کی سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ، وتی: گوند به‌گوند و دێ به‌دێی ئه‌م سنوره‌و ناوچه‌که‌ ئه‌رکیان له‌گه‌ڵ کێشاوین، خزمه‌تیان کردووین و قه‌رزارباریان کردووین و ته‌ئکیدی کرده‌وه‌:

 

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، به‌نان و نمه‌کی ئه‌وان نه‌زانین، ئه‌وا ناتوانین ئامانجه‌کانی ئایینده‌ به‌دیبهێنین. بۆیه‌ به‌ئه‌مه‌ک و به‌ئه‌رک زانینی خه‌ڵک، یه‌کێکه‌ له‌ئه‌رکه‌کانی سه‌رشانی لێپرسراوان، ئۆرگان و کادره‌کانی یه‌کێتیی.

 

وتیشی: هاتنم بۆ گرێزه‌، هاتنم بۆ دێیه‌که‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامی گشتیی سلێمان وی سه‌ید ێادقه‌، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ هیچ کاتێک له‌سه‌ردانی ئه‌م گونده‌ سڵی نه‌کردۆته‌وه‌.

 

وێڕای دڵسۆزیی خه‌ڵکه‌که‌ی، رۆڵی پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌کانی گونده‌که‌ی له‌خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌دا به‌رز نرخاند و وتی: کاتێک پێشمه‌رگه‌و کادرێکی هه‌ر لایه‌ک که‌ شه‌هید ده‌بێ، مۆری هیچ حزبێکی پێوه‌نامێنێ و ده‌بێ به‌موڵکی کوردستان. بۆیه‌ هیچ کاتێک ره‌وایه‌تی نییه‌، که‌ جیاوازی نێوان هیچکام له‌شه‌هیده‌کان بکرێت و جیاوازیکردنیش له‌نێوان شه‌هیده‌کان، له‌ئاکارو بیروباوه‌ڕی یه‌کێتیی ناوه‌شێته‌وه‌و به‌ڵکو هه‌ر شه‌هیدێک که‌ له‌سه‌ر ئه‌م خاکه‌، بۆ رزگاریی و ئازادیی ئه‌م خه‌ڵکه‌ شه‌هید بێ، ئه‌وا تاجی سه‌ری ئێمه‌و سه‌روه‌رمانه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ له‌خزمه‌تی که‌سوکاری شه‌هیداندا ده‌بین.

 

لێپرسراوی ده‌سته‌ی کارگێڕی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد، که‌ له‌هه‌لومه‌رجێکدا هاتووین بۆ ئێره‌، که‌ دۆخه‌که‌ پرسیارو گفتوگۆی زۆر هه‌ڵده‌گرێ و له‌باره‌ی ریفراندۆمیشه‌وه‌، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد، که‌ بڕیاری ریفراندۆم، سه‌ره‌تای گۆڕینی بڕیارو عه‌قڵییه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌کان و ده‌وڵه‌ته‌کانه‌، سه‌ره‌تای گۆڕینی هاوکێشه‌کان و بڕیاره‌ سیاسییه‌کانه‌، که‌ ئێستا حسابی زیاتر بۆ کورد ده‌که‌ن و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، هه‌ڵوێستی وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی رونکرده‌وه‌و وتی: ریفراندۆم، بڕیاری چاره‌نوسی میلله‌ته‌که‌مانه‌ و یه‌کێتیش له‌ساڵی (1982)ه‌وه‌ دروشمه‌که‌ی به‌رز کردۆته‌وه‌ و راشیگه‌یاند: یان ریفراندۆم ده‌که‌ین و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دابین ده‌که‌ین و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ راده‌گه‌یه‌نین، یان ده‌بێ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، وڵاته‌ گه‌وره‌کان و هه‌رێمایه‌تی، گره‌نتیمان بده‌نێ، که‌ ته‌واوی کێشه‌کانمان چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن و ریفراندۆمیش ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌کی کورت دوابخرێ و هواشیخواست، که‌ ئه‌م پێچه‌ له‌مێژوودا، به‌باشی تێیبپه‌ڕێنین و وتی: نه‌ک نابێ ئه‌م ئاوه‌دانییه‌ تێکبچێ، به‌ڵکو ده‌بێ ئاوه‌دانتری بکه‌ین و جه‌ختیکرده‌وه‌: کوردستان به‌ گره‌نتی پێدان و جێبه‌جێکردنی ده‌ستور و به‌پشتیوانی نێوه‌ده‌وڵه‌تی ئاوه‌دان ده‌بێته‌وه‌ و رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر ئازایه‌تی رابردوو، ئازایه‌تی سه‌نگه‌ره‌کان و هه‌ڵمه‌تبردن بووبێ، که‌ دڵنیام له‌ویژدانی هه‌مووتاندایه‌. ئه‌وا ئازایه‌تی ئێستاش ئه‌وه‌یه‌، که‌ سه‌ر له‌ڕووداوه‌کان ده‌ربکه‌ین و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌و پڕوپاگه‌نده‌ی لابه‌لا، له‌ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانمان که‌مته‌رخی نه‌که‌ین و له‌و پێناوه‌شدا یه‌کێتیی هه‌ر یه‌کێتییه‌.  

 

سه‌ردانی که‌سوکاری شه‌هیدان، رۆحمان پاکده‌کاته‌وه‌

 

هاوکات له‌سه‌ردانه‌که‌یدا، مه‌لا به‌ختیار، له‌گرێزه‌و له‌ماڵی شه‌هید حه‌مه‌ ڕه‌ش گرێزه‌یی، پێشوازی له‌که‌سوکاری شه‌هیدان (فایه‌ق سابر گرێزه‌یی، سه‌ردار به‌کر، حه‌مه‌ عه‌زیز، نامیق محه‌مه‌د، ره‌فیق قا-در، حه‌مه‌ سه‌عید ره‌حیم  و سه‌ردار حه‌مه‌ڕه‌شید) کردو له‌وته‌یه‌کیشدا، پاشئه‌وه‌ی ته‌ئکیدی کرده‌وه‌: هیچ جیاوازیه‌ک له‌نێوان شه‌هیدانی رێگه‌ی خه‌باتی میلله‌ته‌که‌مان نییه‌، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد: ئێمه‌و مانانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان و خه‌ڵکی کۆنی گرێزه‌ که‌ ئیستا لێره‌ین، به‌شبه‌حاڵی خۆم، هه‌رچه‌ند له‌یاده‌وه‌ریمدا بیر له‌فه‌رمانده‌ دێرینه‌کان ده‌که‌مه‌وه‌، شه‌هید حه‌مه‌ ره‌ش گرێزه‌یی، یه‌کێک له‌فه‌رمانده‌ ده‌گمه‌نه‌کانی ئه‌وکاته‌ی یه‌کێتیی بووه‌. فه‌رمانده‌ بوه‌ به‌مانای ئه‌وه‌ی له‌قۆناغی سه‌ختدا خه‌باتی کردووه‌، فه‌رمانده‌ بووه‌ به‌مانای ئه‌وه‌ی له‌جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌کان و راپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانیدا، هیچ جۆره‌ نه‌خێرێکی نه‌زانیوه‌و یه‌کێکیش بووه‌ له‌کادره‌ پاک و ره‌وشتبه‌رزه‌کان و دیاره‌ ئه‌وه‌ش هه‌م بۆ خانه‌واده‌که‌یی و هه‌م بۆ پاکێتی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 

وتیشی: که‌سوکاری شه‌هیدان (فایه‌ق سابر گرێزه‌یی، سه‌ردار به‌کر، حه‌مه‌ عه‌زیز، نامیق محه‌مه‌د، ره‌فیق قادر، حه‌مه‌ سه‌عید ره‌حیم  و سه‌ردار حه‌مه‌ڕه‌شید) که‌ ئێستا لێره‌ دانیشتوون، له‌شۆڕشدا و بۆ سه‌رکه‌وتنی شۆڕش، گیانی خۆیان به‌ختکردووه‌و شه‌هیدانی دوای سه‌رکه‌وتن، دوای راپه‌ڕین و له‌هه‌ر شه‌ڕێکی تردا شه‌هید بووبێتن، سه‌رجه‌میان پارێزه‌ری سه‌رکه‌وتنه‌کان، ده‌ستکه‌وته‌کان و ئومێدبه‌خشینن بۆ ئایینده‌یه‌کی باشتر له‌کوردستاندا و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد، که‌: هه‌ر شۆڕشێک له‌دنیادا ته‌نها سه‌ربکه‌وێ و واز له‌قوربانییه‌کانی، واز له‌پێشکه‌وتن و سه‌رکه‌وتنی به‌رده‌وام بهێنێ، ئه‌وا ئه‌و شۆڕشه‌ له‌مێژوودا کۆتایی پێدێت و ناتوانێ ئامانجه‌کانی گه‌له‌که‌ی به‌دیبهێنێت. بۆیه‌ هه‌تا ئێستا کورد، له‌سه‌نگه‌رداین و ناشتوانین بڵێین: جیاوازی له‌نێوان سه‌نگه‌ری رابردوو و ئێستاماندا هه‌یه‌.

 

جه‌ختیشیکرده‌وه‌، که‌ سه‌ردان و بینینی که‌سوکاری شه‌هیدان بۆ هه‌موومان، رۆحمان پاکده‌کاته‌وه‌، ویژدانمان پاکده‌کاته‌وه‌و جارێکی تێمانده‌گه‌یه‌نێ، که‌: لێپرسراوان ئاگاتان له‌خۆتان بێ، که‌ ئێوه‌ حزبه‌که‌تان ژماره‌یه‌کی زۆر شه‌هیدی به‌خشیوه‌، بۆیه‌ ده‌بێ سه‌نگه‌ره‌کانتان پته‌و بکه‌ن، ده‌بێ کێشه‌کانتان چاره‌سه‌ر بکه‌ن و ده‌بێ ئایینده‌یه‌کی باشتر بۆ میلله‌ته‌که‌مان به‌دیبهێنن.  

 

له‌لایه‌ن خۆیشیانه‌وه‌ که‌سوکاری شه‌هیدان، به‌سوپاسه‌وه‌ له‌به‌سه‌رکردنه‌وه‌که‌ی لێپرسراوی ده‌سته‌ی کارگێڕیان روانی و به‌وه‌فاداریان بۆ شه‌هیده‌کانیان و که‌سوکاره‌کانیشیان ناوبرد.

 

نه‌مانتوانیوه‌ قه‌ره‌بووی ئه‌و هه‌موو چاکه‌یه‌ بکه‌ینه‌وه‌

 

له‌گوندی رێشین-یش، لێپرسراوی ده‌سته‌ی کارگێڕی، سه‌ردانی گونده‌که‌ی به‌مایه‌ی ئاسوده‌یی ناوبردو وتی: مایه‌ی خۆشحاڵی و ئاسوده‌یمه‌ سه‌ردانی گوندێک ده‌که‌م، که‌ به‌سه‌دان یادو بیره‌وه‌ریمان لێره‌و له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌یه‌ و پاشئه‌وه‌ی گوندی رێشینی به‌یه‌کێک له‌گونده‌ دڵسۆزه‌کان، پاک و میهره‌بان و به‌ئه‌مه‌ک ناوبرد، ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌کرد: کاتێک بیر له‌و مێژووه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌، ده‌بێ بیر له‌و دڵسۆزیی و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و جوتیار، سه‌نگه‌ره‌کان و دێهاته‌کاندا  و بیرێک له‌کاره‌ساته‌کان بکه‌ینه‌وه‌ و وتی: کاتێک دێهاته‌کانیان راده‌گواست، له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی گونده‌کان کۆده‌بوینه‌وه‌، ده‌یانوت خه‌فه‌ت له‌وه‌ ناخۆین رامانده‌گوێزن، به‌ڵکو خه‌فه‌ت له‌وه‌ ده‌خۆین، ئایا له‌دوای ئێمه‌ ئێوه‌ چیتان به‌سه‌ر دێت؟ کێ خزمه‌تتان ده‌کات و نان و ئاوتان ده‌داتێ و له‌و دیده‌شه‌وه‌، دڵسۆزیی نێوان خه‌ڵکی گوندو دێهاته‌کانی کوردستان و پێشمه‌رگه‌ی به‌بایه‌خه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاند و به‌نمونه‌یی ناویبرد و راشیگه‌یاند: یه‌کێتیی له‌ناو ژانی دوو کاره‌سات له‌دایکبووه‌، کاره‌ساتێکی شه‌هیدبوونی باشترین هاوسه‌نگه‌ره‌کانمان، کاره‌ساتێکی تریش به‌رگه‌ی ته‌رحیل و ته‌عریبی گوند و ناوچه‌کانی کوردستان بگرین. 

 

وتیشی: ئه‌و قۆناغه‌، له‌پارتیزانی (1976)ه‌وه‌ بۆ راگواستنی دێهاته‌کان، ئێمه‌ ره‌گوڕیشه‌مان له‌ناو جوتیاره‌کان و توانیمان به‌رده‌وامی به‌شۆڕش بده‌ین و دوژمنیشمان تێگه‌یاند، که‌ ناتوانێ ئیراده‌ی میلله‌تی کورد، بشکێنێ.

 

له‌کۆتایی وته‌که‌شیدا، لێپرسراوی ده‌سته‌ی کارگێڕی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد: مایه‌ی خۆشحاڵیمه‌ که‌ ئه‌مڕۆ هاتومه‌ته‌وه‌ خزمه‌تی خه‌ڵکی گوندی ریشێن، هه‌ست به‌ویژدانێکی ئاسوده‌ ده‌که‌م، که‌ هاتومه‌ته‌وه‌ بۆ لای خه‌ڵکێک، که‌ تا ئێستا قه‌رزارباری ئه‌و خه‌ڵکه‌ین و نه‌مانتوانیوه‌ قه‌ره‌بووی ئه‌و هه‌موو چاکه‌یه‌ بکه‌ینه‌وه‌، که‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ له‌گه‌ڵ شۆڕشیان کردووه‌. 

 

هه‌روه‌ک له‌کۆتایی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ هه‌ردوو گوندی گرێزه‌و ریشێن، لێپرسراوی ده‌سته‌ی کارگێڕی، چاره‌سه‌ری هه‌ندێک له‌پێداویستییه‌کانی ژیانی رۆژانه‌ی بۆ کردن و به‌ڵێنیشدا، هه‌میشه‌ له‌خزمه‌تکردنی خه‌ڵکی گوند و دێهاته‌کانی کوردستاندا بێ.

18/8/2017

مه‌ڵبه‌ندی ۹ی ڕێکخستنی شاره‌زوور

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure