هەواڵ

-

عه‌بادی كۆتا قسه‌ له‌سه‌ر ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌كات

12/5/2017 5:44:46 PM 29 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ئاماده‌یی خۆی بۆ ره‌وانه‌كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نیشانده‌دات و راشیده‌گه‌یه‌نێت: وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م، موچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌ راسته‌قینه‌كان ده‌نێرین.

حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌میانه‌ی كۆنفرانسی هه‌فتانه‌ی رۆژنامه‌وانییدا، كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5ی كانوونی یه‌كه‌می 2017 له‌دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق ئه‌نجامیدا، پابه‌ندبوونی به‌غدای به‌ ره‌وانه‌كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دووپاتكرده‌وه‌و راشیگه‌یاند:" سه‌رقاڵی وردبینیكردنی لیستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمین و دیوانی چاودێری داراییشم بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ راسپاردووه‌، پرۆسه‌كه‌ش زۆر ناخایانێت، بۆئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ری راسته‌قینه‌ له‌ موچه‌خۆری وه‌همی جیابكه‌ینه‌وه‌.
عه‌بادی ئاشكراشیكرد، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌ ئه‌میندارێتی گشتی راسپاردووه‌ بۆ هاوكاریكردنی هه‌رێم له‌ ته‌واوكردنی لیسته‌كه‌، وتی: هه‌نگاوی یه‌كه‌میشمان ناوه‌ بۆ پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.
له‌باره‌ی گفتوگۆكردنیش له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاند:" ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆو ئه‌وه‌شمان به‌ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا راگه‌یاند كه‌ پێمان باشه‌ وه‌فدێكی هاوبه‌شی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا كۆببنه‌وه‌و رێكبكه‌ون".
وتیشی: گه‌لی كورد به‌ گه‌لی خۆمان ده‌زانین و بۆ رێككه‌وتنیش پێویستیمان به‌ نێوه‌نگیری لایه‌نی ده‌ره‌كی نییه‌.
عه‌بادی باسی له‌وه‌شكرد كه‌ له‌پێناو به‌رگرتن له‌ رشتنی خوێن، وه‌فدێكی سه‌ربازیمان نارد بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی هه‌رێم سوورن له‌سه‌ر خوێن رشتن.

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure