هەواڵ

-

گازپرۆم كارەكانی لەم پارێزگایەی هەرێم رادەگرێت

12/6/2017 4:35:11 PM 8 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

كۆمپانیای گازپرۆمی دوای ماوەیەك كاركردن لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە، بۆ دۆزینەوەو وەبەرهێنان لەبواری نەوت و گازی سروشتی، كارەكانی لەسنورەكە رادەگرێت و جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش هۆكارەكەی رووندەكاتەوە.

 

كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لەلێدوانێكدا راگەیاند: پاش ئەوەی كۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیای گڵۆباڵی ئەمریكی دەستیان بەگەڕان كرد بۆ دۆزینەوەو وەبەرهێنان لەبواری نەوت و گازی سروشتی لەسنورەكەدا، لەئێستادا بەتەواوی كارەكانیان ڕاگیراوە.

وتیشی: هۆكاری سەرەكی ڕاگرتنی كارەكانیان بۆ بوونی مین و تەقەمەنی لەوناوچانەی كەگەڕان و پشكنیان تێدا دەكرد دەگێڕنەوە، هەرچەندە دڵنیابوونەتەوە ناوچەكە دەوڵەمەندە بەغازی سروشتی، لەگەڵ ئەوەشدا قەناعەتیان بەحكومەتی هەرێم كردوە لەم بلۆكەدا بكێشنەوە و وەبەرهێنانی زیاتر لەبلۆكی شاكەل بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی ئەم گرێبەستە لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەدا واژۆنەكراوە، بۆیە ناتوانن هیچ ڕێوشوێنێكی یاسای بگرنەبەر و"بەڵكو پەیوەندی بەوەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە هەیە".

كاوە عەلی، ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گرێبەستەكانی بڵاودەكاتەوە،"بەڵام ئەم گرێبەستەی تایبەت بە بلۆكی هەڵەبجەی بڵاونەكردوەتەوە، لەوڕووەشەوە ئێمە بەدواداچونمان كردوەو بەردەوام دەبین".

راشیگەیاند: پارەی بنیاتنانی تواناكان بۆ بلۆكەكە لەلایەن كۆمپانیاكەوە تەرخان دەكرێت، بۆ پرۆژەكانی ئەم ناوچەیە و لەكاتی واژووی گرێبەستەكەدا دیاریكراوە، بەڵام ئێستا زوڵم دەكرێت و پێیان نادرێت.

 

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure