هەواڵ

-

بۆ یه‌كه‌مجار نیللی زاكس ده‌درێت به‌نوسه‌رێك كه‌ به‌ئه‌وروپی نانوسێت

12/11/2017 5:49:51 PM 170 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆ یه‌كه‌مجار له‌ 56 ساڵی مێژووی خه‌ڵاتی نیللی زاكس درا به‌ نووسه‌رێك كه‌ به‌ زمانێكی ئه‌وروپی نانوسێت.

رۆژی 11-12-2017 له‌ سه‌نته‌ری شاری دۆرتمۆندو به‌ ئاماده‌بوونی چه‌ندین كه‌سایه‌تی گرنگی شاره‌كه‌و به‌ ئاماده‌بوونی پارێزگار بریگیت یۆده‌ر، خه‌ڵاتی نیللی زاكسی درایه‌ نووسه‌ری كورد به‌ختیار عه‌لی.

خه‌ڵاتی نیللی زاكس یه‌كێكه‌ له‌ خه‌ڵاته‌ هه‌ره‌ كۆن و گرنگه‌كانی ئه‌ڵمانیا كه‌ له‌ ساڵی 1961 ـه‌وه‌ ده‌به‌خشرێت، ئه‌م خه‌ڵاته‌ وه‌ك به‌شی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵاته‌ ئه‌ده‌بییه‌ ئه‌وروپییه‌كان له‌لایه‌ن شاره‌كانه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێت، واته‌ یه‌كێك له‌ شاره‌كان ده‌بێت به‌ سپۆنسه‌ری خه‌ڵاته‌كه‌، وه‌ك خه‌ڵاتی هێنریش بۆل كه‌ شاری كۆڵن ده‌یبه‌خشێت و خه‌ڵاتی هێلدا دۆمینی شاری هایدلبرگ. نیللی زاكس شاعیری به‌ناوبانگی ئه‌ڵمان خۆی یه‌كه‌م كه‌س ئه‌م خه‌ڵاته‌ی وه‌رگرتووه‌، دوای پێنج ساڵ له‌ وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ ساڵی 1966 بوو به‌ هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵ.

ئه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌ له‌ خه‌ڵاته‌كانی تر جیاده‌كاته‌وه‌ دوو شته‌، یه‌كه‌م لیستی ناوی ئه‌و نووسه‌رانه‌یه‌ كه‌ وه‌ریانگرتووه‌ كه‌ هه‌موو نووسه‌ری زۆر ناسراوی ناو جیهانی زمانی ئه‌ڵمانین یان نوسه‌ری زۆر جیهانین، دووه‌م ئه‌م خه‌ڵاته‌ هه‌ر دوو ساڵ جارێك ده‌درێت به‌ نوسه‌رێكی ژن و دوو ساڵی داهاتوو ده‌درێت به‌ نووسه‌رێكی پیاو.

ئه‌وانه‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌یان وه‌رگرتووه‌ به‌شێكیان ناوی زۆر ناسراوی دونیای ئێمه‌شن و له‌مێژه‌ خوێنه‌ری خۆرهه‌ڵاتی به‌ كاره‌كانیان ئاشنایه‌، وه‌ك ئه‌لیاس كانیتی، ئیریك فرۆم، میلان كۆندێرا، كریستا ولف، میشیل ئۆنداتی، داڤید گرۆسمان، نادین گۆردمێر، ئه‌لفرید ئه‌ندریتچ، هێلدا دۆمین. واته‌ زۆربه‌یان ناوی پله‌ یه‌كی ئه‌ده‌بیاتی دونیان.

ئه‌م خه‌ڵاته‌ یه‌كه‌مجاره‌ به‌ نوسه‌رێكی ئاسیایی و ئه‌فریقایی و ئه‌مریكای لاتین ده‌به‌خشرێت كه‌ به‌ زمانی نه‌ته‌وه‌ی خۆی ده‌نوسێت، واته‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ مێژووی خه‌ڵاته‌كه‌دا به‌ نوسه‌رێك ده‌درێت كه‌ به‌ زمانێكی ئه‌وروپی نانوسێت، ئه‌وه‌ی نوسه‌رێكی كورد ته‌نیا به‌ دوو رۆمانی وه‌رگێڕدراو ئه‌م خه‌ڵاته‌ی وه‌رگرت، گۆڕانێكی گرنگه‌ له‌ خودی رێچكه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌داو بایه‌خی ئه‌ده‌بیاتی نوسه‌ر له‌ ئێستادا ده‌رده‌خات.

ئه‌م خه‌ڵاته‌ ته‌نیا به‌جۆره‌ ئه‌ده‌بیاتێكی ئینسانی ده‌به‌خشرێت، كه‌ هه‌وڵی لێكنزیكبوونه‌وه‌و تێگه‌یشتن له‌نێوان مرۆڤه‌كان و كه‌لتووره‌كاندا ده‌دات.

نیللی زاكس خۆی قوربانییه‌كی ده‌ستی نازییه‌كان بوو، له‌ ئه‌ڵمانیا هه‌ڵهات و له‌ سویده‌وه‌ خه‌باتی بۆ به‌ها ئه‌ده‌بی و مرۆڤایه‌تییه‌كان ده‌كرد.

بۆنه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ردوو وه‌رگێڕ راوێژ سه‌لیم و ئوته‌ كانتێرا لانگ به‌ڕێوه‌چوو.

M9sharazoorله‌ ئاكاونتی ره‌سمی به‌ختیار عه‌لی وه‌رگیراوه‌

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure