هەواڵ

-

دواین قسه‌ی عه‌بادی له‌سه‌ر ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم

1/9/2018 5:56:06 PM 65 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

حه‌یده‌ر عه‌بادی پابه‌ندبوونی حكومه‌تی عیراق به‌ ره‌وانه‌كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نیشانده‌دات و راشیده‌گه‌یه‌نێت: به‌رپرسانی هه‌رێم جدی نین له‌ پابه‌ندبوون به‌ به‌ڵێنه‌كانیان له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی ده‌ستور و داهاتی نه‌وتی فرۆشراویش ناچێته‌ حیسابی حكومه‌ته‌وه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌میانه‌ی كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانیی هه‌فتانه‌یدا، كه‌ ئه‌مڕۆ 9ی كانونی دووه‌می 2018 ئه‌نجامیدا، رایگه‌یاند:" هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی 2017، بڕی 9 ترلیۆن دیناری له‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو ده‌ستكه‌وتووه‌، جگه‌ له‌ داهاتی دیكه‌ كه‌ رانه‌گه‌یاندراوه‌.
وتیشی: ئه‌و داهاته‌ی كه‌ هه‌رێم له‌ فرۆشتنی نه‌وت ده‌ستی كه‌وتووه‌، نه‌خراوه‌ته‌ حیسابی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌، كه‌سیش نازانێت ئه‌و پاره‌یه‌ چی لێهاتووه‌و له‌ حیسابێك دانراوه‌.
به‌وته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، ئه‌و ئاماره‌ی له‌باره‌ی داهاتی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ستیان كه‌وتووه‌، رۆژانه‌ له‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوه‌ پێیان ده‌درێت، ئاشكراشیكرد، ئه‌و 9 ترلیۆن دیناره‌ی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها داهاتی ئه‌و نه‌وته‌یه‌ كه‌ تۆماركراوه‌، به‌ڵام به‌شێكی دیكه‌ی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو، تۆمار نه‌كراوه‌و نازانرێت داهاته‌كه‌ی چه‌نده‌.
عه‌بادی جارێكی دیكه‌ پابه‌ندبوونی حكومه‌تی به‌غدای به‌ ره‌وانه‌كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان نیشانداو رایگه‌یاند:" موچه‌ دابه‌شده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌ شێوازی خۆمان نه‌ك به‌ شێوازی هه‌رێم، ده‌مانه‌وێت موچه‌ بگه‌یه‌نینه‌ ده‌ست فه‌رمانبه‌ران نه‌ك ده‌ستی حزبه‌كان". سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، به‌رپرسانی هه‌رێمیشی به‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانیان تۆمه‌تبار كردو وتی: ئه‌وان جدی نین له‌ پابه‌ندبوون به‌  به‌ڵێنه‌كانیان له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوری عیراق و رێككه‌وتن له‌سه‌ر راده‌ستكردنی خاڵه‌ سنورییه‌كان.
حه‌یده‌ر عه‌بادی جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ رێگه‌ ناده‌ن جارێكی تر وڵات وێران بكرێته‌وه‌.

 

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure