هەواڵ

-

ئاماده‌كاری بۆ یادی 30 ساڵه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كرێت

1/28/2018 7:31:05 PM 66 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئه‌مڕۆ 28-1-2018 به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌حمود حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و به‌ ئاماده‌بوونی پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌و قائیمقام و سه‌رۆكی شاره‌وانی و رێكخراوی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئاماده‌كاری یادی 30 ساڵه‌ی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پرسی یادكردنه‌وه‌ی 30 ساڵه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و میكانیزمی یاده‌كه‌و سوودوه‌رگرتن له‌ گرفته‌كانی ساڵانی پێشوو و به‌رنامه‌ی یاده‌كه‌ تاووتوێكرا.

وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان ده‌ستخۆشی له‌ ئیداره‌ی پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ كردو ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت یاده‌كه‌ شایسته‌ به‌ قوربانیدانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ بێت و سوود له‌ كه‌موكوڕی یاده‌كانی ساڵانی رابدوو وه‌ربگرن.

دواتر گفتوگۆ كرا سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌و كات و ساتی یاده‌كه‌و پێشوازیكردن له‌ كه‌سانی بیانی و دابه‌شكردنی ئه‌ركه‌كان.

پاشان وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان سه‌ردانی باره‌گای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ی كردو گوێی له‌ داواكاری كارمه‌ندانی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گرت.

له‌ كۆتایی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌ڵه‌بجه‌، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ی كردو له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا شێوازی به‌شداریكردنی زانكۆ له‌ڕێگای ئه‌نجامدانی پانێڵ و سیمینار له‌و یاده‌دا خسته‌ڕوو.

له‌ به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا باس له‌ كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی جینۆسایدو دانانی پرسی جینۆساید له‌ پرۆگرامی خوێندنی زانكۆو گرفتی كرێی خوێندنی كوڕو كچی شه‌هیدان له‌ زانۆكاندا كرا.

PUKmedia : M9sharazoor

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure