هەواڵ

-

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی لەبارەی كۆنگرەوە بڕیاریدا

2/12/2018 6:43:15 PM 76 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بڕیاریدا رۆژی 15ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنەكەیان بۆ بڕیاردان لەسەر رۆژی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی بەڕێوەبچێت.

ئەمڕۆ 12ی شوباتی 2018، ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرپەرشتی عادل موراد سكرتێری ئەنجومەن كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لەشاری سلێمانی ئەنجامدا. سەرەتای كۆبوونەوەكەش بەساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی هەڤاڵ مام جەلال و سەروەرانی نیشتیمان دەستیپێكرد، پاشان عادل موراد لە وتەیەكی كورتدا دواین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسیەكانی باس كرد، پاشان گفتوگۆی چڕوپڕ لەبارەی خاڵەكانی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەوە كراو ئەم راگەیەندراوە بڵاو كرایەوە.

 

دەقی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی ئەمرۆی ئەنجومەنی ناوەندی

سەرەتا ئەنجومەنی ناوەندی نیگەرانی خۆی بۆ هێرشە زەمینی و ئاسمانیەكانی سوپاس توركیا بۆ سەر عەفرین و هەوڵدان بۆ داگیركردنی دێهاتەكانی ئەو دەڤەرە دەربڕی و بەتوندی شەهیدكردنی هاووڵاتیانی شەرمەزار كرد كە دوور لەیاسا نێودەوڵەتیەكان و بەها مرۆڤایەتیەكان بەپێشكەوتوترین چەكی هەمەجۆر بۆردوومانی هاوڵاتیانی بێ تاوان لە ئارامترین ناوچەی سوریا دەكرێت.

دۆخی ناوخۆی یەكێتی و بەستنی كۆنگرە

سەبارەت بەدۆخی ناوخۆی یەكێتی و بەستنی كۆنگرە، ئەندامانی ئەنجومەن دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕی هەڤاڵانەو بەرپرسیارانەو مێژوویانە بەكۆی دەنگی هەڤاڵانی ئامادەبوو بڕیاردرا كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی لە رۆژی 15ی شوباتی 2018، ئەنجام بدرێت و لەو كۆبوونەوە هاوبەشەدا پێكەوە بڕیار لەسەر رۆژی بەستنی كۆنگرە بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی ناوەندی نوسراوی رەسمی ئاڕاستەی سەرجەم هەڤاڵانی سەركردایەتی دەكات و پرسی كۆنگرە یەكلادەكەنەوە.

ئامادەو هەمواركردنەوەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ

سەبارەت بەڕەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ك)یش كە لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندییەوە ئامادە كراوەو پاشان هەمواركراوتەوەو لەلایەن لیژنەی باڵای كۆنگرەوە پەسەند كراوە، دەبێتە بناغەو پرۆژەی رەسمی یەكێتی بۆ كۆنگرەی چوارەم.

 لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا بەمەبەستی وەرگرتنی راو سەرنجی ئۆرگان و كادیران و ئەندامانی یەكێتی و بۆ ئەوەی ببێتە پرۆژەی هەموو هەڤاڵانی یەكێتی دەقی رەشنووسی پەیڕەی ناوخۆ لەڕێی میدیای رەسمی یەكێتیەوە بڵاوبكرێتەوە، پاشان لە كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی پەسەند بكرێت، داواش لە میدیایی یەكێتی كرا گرنگی بەبڕگەو ماددەكانی رەشنووسەكە بدەن.

دۆخی ناوچە دابڕێندراوەكان و دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە تەرخانكرا بۆ دۆخی كەركوك و دوزخورماتوو خانەقین و شەنگال و مەخمور و دەشتی نەینەوا، هەڤاڵانی ئەنجومەن داوا دەكەن سەرجەم هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دوور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی و بەبەرنامەیەكی هاوبەشەوە هەوڵی ئاسایكردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە و جێبەجێكردنی ماددەی (140) ی دەستوری عیراق بدەن، هەروەك ئەنجومەنی ناوەندی نیگەرانی خۆی دەربڕی كە لایەنێكی سیاسی كوردستان لەپێناو بەرژەوەندی تەسكی حزبەكەی شانبەشانی بەشێك لە پێكهاتەكانی توركمان وعەرەبی كەركوك رێگری دەكەن لە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە، چونكە دەستبەكاربوونی پارێزگارێكی كورد لە كەركوك دەبێتە مایەیی ئاسایكردنەوەی دۆخی شارەكە و دروستبوونی متمانە لەلایەن هاوڵاتیان و رێگریكردن لەو پێشێلكارییانەی لە كەركوك دەكرێت.

رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان و گەڕانەوە بۆ رێبازەكەی مام

هەر لە كۆبوونەوەكەدا تیشكخرایە سەر چۆنیەتی رێكسختنەوەی پەیوەندییەكانی (ی.ن.ك) لەگەڵ بەغداو هێز و لایەنە سیاسیەكانی عیراق لەسەر ئەو بناغەی كە كاتی خۆی لەلایەن سەرۆك مام جەلال-ەوە داڕێژراوەو خزمەتی بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكات.

لە كۆتایدا هەڤاڵانی ئەنجومەن سوپاسی پشوو درێژی ئۆرگان و جەماوەری (ی.ن.ك)ی كردو سڵاوی تایبەتی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان و سەرجەم هەڤاڵانی یەكێتیی نارد.

ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ك)

12/2/2018

M9sharazoor

 

 

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure