هەواڵ

-

ته‌نها 162 لیستی یه‌كێتییه‌

3/13/2018 5:36:59 PM 35 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

لیستێك هه‌یه‌ به‌ناوی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ جه‌ماوه‌ر كۆده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و لیسته‌ یه‌كێتی نین و ته‌نها ژماره‌ ((162)) لیستی یه‌كێتیه‌.

له‌ وتارێكی عه‌بدولواحید محه‌مه‌د سه‌رۆكی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستاندا كه‌ ئه‌مڕۆ 13-3-2018 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ لیسته‌كه‌ ره‌نگی قاوه‌یی و پرته‌قاڵی كاڵیشی تێدایه‌ به‌ دزی و به‌ ئاشكرا باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا جیاوازیان نیه‌و هه‌ر له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی مامی گه‌وره‌ن، ته‌نانه‌ت چه‌ند كه‌سێكیان له‌ ئێستاوه‌ ده‌ستیان به‌ ریكلام كردووه‌و ده‌چنه‌ ماڵان و خۆیان به‌ یه‌كێتی ده‌ناسێنن و ته‌نانه‌ت ناوی هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانیش دێنن كه‌ پشتیوانیان ده‌كه‌ن.

له‌ سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌دا هاتووه‌، یه‌كێتی له‌ رۆژی دامه‌زراندنیه‌وه‌ باوه‌ڕی نه‌گۆڕی به‌ خه‌باتی سه‌ر راست و راسته‌قینه‌ له‌پێناو ئازادی كوردستان هه‌بووه‌، له‌و پێناوه‌دا نه‌ كه‌می كردووه‌ نه‌ یه‌ك رۆژیش پاشه‌كشێی له‌و بنه‌مایه‌ كردووه‌، له‌هه‌ر كوێی یه‌كێتی پێویست بووبێت كوڕه‌ ئازاكانی له‌وێ بوون، شه‌ڕی كوردستانی رۆژهه‌ڵات نمونه‌یه‌كی زیندوو و حاشا هه‌ڵنه‌گره‌، هاوكاری په‌یتا په‌یتای كوردستانی باكوریش له‌وێ راوه‌ستی، به‌مدوواییه‌ش كوردستانی رۆژئاوا كه‌ له‌به‌رچاوی هه‌موان ئاشكراو دیار بووه‌، لێ مخابن ئه‌م یه‌كێتییه‌و مامی گه‌وره‌ نانه‌كه‌یان بێ خوێ بووه‌، له‌پای ئه‌و هه‌موو یارمه‌تیه‌ كه‌ باجی زۆریشی سه‌ربار بووه‌، له‌زۆر بوارو بابه‌تدا تیرو توانجی لێگیراوه‌ بگره‌ هێرشیشی كراوه‌ته‌سه‌ر، پێویسته‌ بوترێ نه‌ك هه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌ قاره‌مانه‌ بگره‌ له‌ناو خودی خۆشیدا نانه‌كه‌یان هه‌ر بێ خوێ بووه‌، گه‌واهی ئه‌و بێ خوێیه‌ له‌وه‌دایه‌ له‌كاتێكدا ئه‌م یه‌كێتیه‌ زاده‌و فێرگه‌ی پێگه‌یاندنی خه‌ڵكانێك بووه‌ كه‌ ده‌بوو هه‌تا بوون و نه‌بوونیان هه‌ر منه‌تبار بان، چونكه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و نان و خوێیه‌ نه‌بوایه‌ كه‌سانی ئاسایی ده‌بوون هاوشانی ملیۆنان كه‌سی ئه‌م هه‌رێمه‌، جێگه‌ی نیگه‌رانیه‌ بۆ ئێمه‌مانان و هه‌موو دڵسۆزانی یه‌كێتی، ئه‌وانه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی چاكه‌ی ئه‌م رێبازو فێرگه‌یه‌ بده‌نه‌وه‌، له‌پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ریان وه‌شاندووه‌و كاریان بۆ له‌باریه‌كبردنی كردووه‌و ده‌كه‌ن.

له‌ به‌شێكی تری وتاره‌كه‌شدا هاتووه‌، له‌بیرمانه‌ له‌ 2009 كاتێك بڕیاری هه‌ڵبژاردن كرا لیستێك له‌ هه‌ناوی یه‌كێتی راگه‌یه‌نرا، بێ ئه‌وه‌ی به‌قه‌د یه‌ك ده‌نكه‌ نۆك سودی بۆ یه‌كێتی هه‌بێت، كه‌چی په‌یتا په‌یتا داوایان له‌ دۆست و لایه‌نگرانی یه‌كێتی ده‌كرد ده‌نگیان پێبده‌ن، به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش هه‌ر یه‌كێتین، زۆر به‌داخه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێكی زۆر كه‌وتنه‌ ژێر هه‌ژمونی ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌و ده‌نگیان پێدان، ده‌ریشكه‌وت نه‌ك یه‌كێتی نه‌بوون بگره‌ ده‌هۆڵی گۆڵ كردنیشیان له‌ یه‌كێتی لێده‌دا، جێگای سه‌رنجه‌ راگه‌یاندنی یه‌كێتی و ته‌نانه‌ت سه‌ركردایه‌تیش هه‌وڵی ئه‌وه‌یان نه‌دا له‌لایه‌ك جه‌ماوه‌ره‌كه‌ تێبگه‌یێنن و ئه‌و فێڵه‌یان لێ ئاشكرا بكه‌ن، له‌لایه‌كی تر ده‌مامكی ئه‌و كه‌سانه‌ لابده‌ن و روی راسته‌قینه‌یان ده‌رخه‌ن كه‌ نه‌ك یه‌كێتی نین بگره‌ ناحه‌زیشن.

له‌باره‌ی ئه‌و لیسته‌ی ئێستاشه‌وه‌ كه‌ به‌ناوی یه‌كێتییه‌وه‌ جه‌ماوه‌ر كۆده‌كه‌نه‌وه‌، نووسیویه‌تی: ئێستاو له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بۆ په‌رله‌مانی عێراق، لیستێكی تر هه‌ڵتۆقیوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ره‌نگی قاوه‌یی و پرته‌قاڵی كاڵیشی تێدایه‌، به‌ڵام لێره‌و له‌وێ به‌ دزی و به‌ ئاشكرا باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا جیاوازیان نیه‌و هه‌ر له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی مامی گه‌وره‌ن، ته‌نانه‌ت چه‌ند كه‌سێكیان له‌ ئێستاوه‌ ده‌ستیان به‌ ریكلام كردووه‌و ده‌چنه‌ ماڵان و خۆیان به‌ یه‌كێتی ده‌ناسێنن و ته‌نانه‌ت ناوی هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانیش دێنن كه‌ پشتیوانیان ده‌كه‌ن.

ئه‌و نووسه‌ره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم وه‌ك كادیرێكی یه‌كێتی دڵنیامه‌ زۆربه‌ی كادیره‌كانیش هه‌ر ئه‌و هه‌سته‌یان هه‌یه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ داواكارین هه‌موو سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی به‌ ئاشكراو به‌ راشكاوانه‌ راسته‌و راست بڵێن ته‌نها ژماره‌ ((162)) لیستی یه‌كێتیه‌، ئه‌وه‌ی تر هه‌رچی بوترێت و بانگشه‌ی بۆ بكرێت یه‌كێتی نیه‌و راست ناكه‌ن، له‌ دوورو نزیكه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیان به‌ یه‌كێتیه‌وه‌ نه‌ماوه‌، ئه‌وان بۆ خۆیان كارده‌كه‌ن، یه‌كێتیش بۆ كوردایه‌تی و كوردستانیه‌ت و شه‌هیدان و كه‌ركوك و خانه‌قین و مه‌خمورو شنگال و دووزو ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕێنراوه‌كانی تر كارده‌كات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێشنیار ده‌كه‌م له‌ سه‌روبه‌ندی ده‌ستپێكردنی بانگشه‌ی هه‌ڵبژاردن، هه‌موو سه‌ركرده‌كان له‌به‌رده‌می جه‌ماوه‌ر، ئه‌و راستیه‌ رابگه‌یێنن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامان و دۆستان و ده‌نگده‌رانی یه‌كێتی به‌رچاویان رون بێت و ده‌نگی خۆیان به‌ملاو به‌ولا نه‌ده‌ن، چیتر ئه‌و گۆڵه‌ی له‌ 2009 كرا، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌لایه‌ن برا سه‌وزه‌ ته‌ڵخه‌كانه‌وه‌ لێمان نه‌كرێت.

PUKmedia : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure