هەواڵ

-

وه‌زیری دارایی: مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ بانكی ناوه‌ندی هه‌ولێر ئاماده‌يه‌

3/13/2018 5:38:42 PM 21 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

دوێنێ12-3-2018  وه‌فدێكی حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌ سه‌رۆكایه‌تی پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری دارایی كۆبووه‌وه‌.

له‌كۆتایی هاتنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌كه‌ی به‌ ئیجابی وه‌سف كرد و وتی: 90% وردبینه‌كان له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی ته‌واو بووه‌ و هیواده‌خوازین سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق فه‌رمانی خه‌رج كردنی مووچه‌ی ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ بدات به‌ر له‌هاتنی جه‌ژنی نه‌ورۆز.

وتیشی: حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌كاری كردووه‌ بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان و سه‌ره‌تاش حكومه‌تی هه‌رێم مووچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دابه‌شده‌كات و وه‌زاره‌ته‌كانی تریش دواتر دابه‌شده‌كرێت.

ڕاشیگه‌یاند: پاره‌ی پێویست بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقه‌وه‌ له‌لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندی هه‌یه‌ و ته‌نها فه‌رمانی سه‌رۆكی وه‌زیرانی عیراق ده‌وێت.

هه‌روه‌ها عه‌لی عه‌لاق پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: حكومه‌تی هه‌رێم هاوكاری زۆری كردووین له‌باره‌ی سیاسه‌تی داهاتییه‌كانییه‌وه‌ بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندی.

وتیشی: هیوادارین هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدادا هه‌بێت له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا هه‌بێت له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و خۆشگوزه‌رانی هاووڵاتیاندا.

ڕاشیگه‌یاند: هه‌وڵده‌ده‌ین مۆڵه‌ت بدرێته‌ هه‌موو ئه‌و بانكانه‌ی كه‌ سه‌ر به‌ بانكه‌كانی هه‌رێمن، ئه‌ویش له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوور.

PUKmedia :  M9sharazoor

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure