هەواڵ

-

حکومەتی هەرێم داوایەکی بەپەلە لە بەغدا دەکات

3/16/2018 6:03:21 PM 40 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، لە ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە و تێیدا داواش لەدەوڵەتی عێراق دەکات ئەرکی سەر شانی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجە جێبەجێ بکات.

 

لەو پەیامەدا کە وێنەیەکی دەست کەوتووە، دەشڵێت:دووپاتی دەکەنیەوە کە ئەوەی لە توانادا بێت بۆ خزمەتی ھەڵەبجە درێغی ناکەین.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی ئەنجومەنی وەزیران لە یادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا

لە سییەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەی شەھیدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ھەڵەبجە دادەنەوێنین، بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە یادی ئەو شەھیدە نەمرانە لە ساوایان، منداڵان، ژنان، پیاوان، گەنجان و پیران دەکەینەوە کە لە ماوەی تەنیا چەند خولەکێکدا سەرلەبەیانیی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ بوونە قوربانیی دڕاندایەتیی یەکێک لە ھەرە ڕژێمە دکتاتۆرییەکانی مێژوو، لەبەر ھیچ شێتک نا، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بوون.

لە کاتێکدا تاوانی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەی شەھید پێنج ھەزار شەھیدی بەدوای خۆیدا جێھێشت، نزیکەی دە ھەزار برینداریشی خستەوە بۆ ئەوەی تا ماون ژیانێکی پڕ لە مەینەتی بژین و لە ژان و ئازار بترازێ، ھیچ چێژێک لە ژیان نەبینن و ببنە گەواھیی ئەو تاوانە گەورەیەی دژی مرۆڤ و سروشت و ژیان لەبەر چاوی جیھان ئەنجام درا و ئەوسا کەس لێی نەھاتە دەنگ،  تاوانێک کە مەزلوومیەتیی گەلی کوردستان و دڕاندایەتیی دەسەڵاتی ئەوسای بەغدای بە ھەموو جیھان نیشان دا.

لەم یادە سامناک و خەمناکەدا، دووپاتی دەکەنیەوە کە ئەوەی لە توانادا بێت بۆ خزمەتی ھەڵەبجە درێغی ناکەین و جارێکی دیکەش داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکەین ئەرکی سەر شانی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجە جێبەجێ بکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ڕێگە ‌نەدات جارێکی دیکە تاوانێکی لەو جۆرە لە ھیچ شوێنێکی سەرزەمین دووبارە ببێتەو.

نەمری بۆ شەھیدانی ھەڵەبجە و ھەموو شەھیدانی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران ھەرێمی کوردستان

١٦/٣/٢٠١٨

 

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure