هەواڵ

-

دادگا: مه‌ریه‌م هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ به‌ڵام هاوناز نیه‌

4/10/2018 7:12:22 PM 89 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

مه‌ریه‌م باروتچیان ونبوویه‌كی شاری هه‌ڵه‌بجه‌یه‌و ساڵی 2015 له‌ وڵاتی ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی پشكنین و دۆزینه‌وه‌ی خێزانی راسته‌قینه‌ی خۆی. دوای ئه‌نجامدانی پشكنینه‌كان و چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌ركه‌وت كه‌ ناوی هاونازه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ئه‌وكات ده‌ركه‌وت، له‌لایه‌ن دادگای سلێمانیه‌وه‌ راده‌ستی خێزانێك كرا كه‌ ئه‌وكات به‌ خێزانه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی ناوبرا. پاشان ده‌ركه‌وت كه‌ منداڵی ئه‌و خێزانه‌ نییه‌و دادگا چه‌ند دانیشتنێكی له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامدا، به‌وپێیه‌ی برایه‌كی هاوناز داوای یاسایی تۆماركردبوو گوایه‌ ئه‌و كچه‌ هاوناز نییه‌، ئه‌مڕۆش 10-4-2018 دوا دانیشتنی دادگا ئه‌نجامدرا.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌، مه‌ریه‌م هه‌ڵه‌بجه‌یی له‌ چه‌ند كاتژمێری رابردوودا له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك پۆستێكی بڵاوكردبووه‌وه‌، كه‌ تێیدا نووسیبوی رۆژی 10ی نیسان دادگاییه‌و چیتر ده‌بێت من و هاوناز بۆ ئه‌به‌د له‌یه‌كتری جیابینه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی نووسیبوو كه‌ "وێرانم، ته‌واو وێران بووم به‌ده‌ست ونبوونی خۆمه‌وه‌".

له‌ دوا دانیشتنی دادگای سلێمانیشدا له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌، دادوه‌ر نازناوی هاونازی له‌ مه‌ریه‌م وه‌رگرته‌وه‌، ته‌نها وه‌كو كچێكی هه‌ڵه‌بجه‌یی و به‌بێ زانینی ناو و ناسنامه‌ی راسته‌قینه‌ی ناسێنرا. به‌وپێیه‌ی هه‌مووو به‌ڵگه‌كان ده‌یسه‌لمێنن كه‌ مه‌ریه‌م هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ به‌ڵام نایسه‌لمێنێت كه‌ هاوناز بێت.

هه‌روه‌ها دادگا بڕیاری ئه‌وه‌شی داوه‌ كه‌ رێكاره‌ یاساییه‌كان بگیرێنه‌به‌ر كه‌ وه‌كو كچێكی هه‌ڵه‌بجه‌یی ونبووی بێ دایك و باوك ناسنامه‌ی عیراقی بۆ مه‌ریه‌م ده‌ربهێنرێت. چونكه‌ ناو و ناسنامه‌كه‌ی تری لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌.

PUKmedia : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure