هەواڵ

-

وادەی دابەشكردنی پارەی كارمەندانی كۆمسیۆن ئاشكرا دەكرێت

6/3/2018 7:11:49 PM 36 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئۆفیسەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عیراق، سەرقاڵی وردبینیكردنی گرێبەستی ئەو كەسانەن كە وەك كارمەندی كۆمسیۆن لەڕۆژی دەنگدان لەئەركدابوون، سەرۆكی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنیش رایدەگەیەنێت: دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پارەی ئەو كارمەندانە دابەشدەكرێت.

 

عەلی قادر، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق راگەیاند: دوای متمانە بەخشین و پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پارەی كارمەندانی سەر سندوق دابەشدەكرێت، كە لەڕۆژی دەنگدان لەئەركدابوون.
وتیشی: "هەموو كارمەندێك گرێبەستێكی لەگەڵدا كراوە، وردبینی بۆ گرێبەستەكە دەكرێت و پاشان پارەكە دەدرێت، كە ئەویش لەڕێگەی چەند بانكێكەوە دەبێت".
لەلایەن خۆشییەوە، زانا عوسمان خورشید، بەرپرسی راگەیاندن و بڵاوكردنەوەی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاند: تائێستا پارەی كارمەندانی كۆمسیۆن لەبەغداوە نەهاتووە، ئۆفیسەكان سەرقاڵی وردبینی ناوی ئەو كەسانەن كە لەڕۆژی دەنگدان وەك كارمەندی كۆمسیۆن لەئەركدابوون، ئەگەر تەواو بوو، لەزووترین كات دەست بەدابەشكردنی پارەكە دەكرێت.
وتیشی: "بڕی پارەكە لەنێوان 200 بۆ 300 هەزار دیناردایەو كارمەندێكی ئاسایی بڕی 200 هەزار دیناری پێدەدرێت".

 

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure