هەواڵ

-

پاشەكەوت نامێنێت و مووچەی خانەنشینان زیاد دەكات

6/11/2018 5:22:57 PM 43 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

پەرلەمانتارێكی كوردستان رایدەگەیەنێت بەپێی یاسای نوێی چاكسازی مووچەو خانەنشینی و دەرماڵەكان، پاشكەوتی مووچە هەڵوەشێنراوەتەوەو كەمترین مووچەی خانەنشینیانیش 400 هەزار دینار دەبێت و پلە باڵاكانیش بەڕێژەی 50% خانەنشین دەكرێن.

رێبواس فایەق پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان لەبارەی ناوەرۆكی راپۆرتی ئامادەكراوی لیژنەكانی پەرلەمان لەسەر یاسای چاكسازی موچە و خانەنشین و دەرماڵەكان راگەیاند: ئەمڕۆ 11ی حوزەیرانی 2018، سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەكانی دارایی و یاسایی پەرلەمان كۆبوونەوەو بەپێ راپۆتەكەش كەمترین مووچەی خانەنشینی شارستانی كراوە بە 400 هەزار دینار.

وتیشی: بەپێی ماددەیەكەی یاساكە پاشەكەوتی مووچە كۆتایی پێدێت و ئەو پارەیەی مووچەخۆرانیش كە بەهۆی سیستمی پاشەكەوتەوە بڕدراوە، وەزیری دارایی پابەندكراوە هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆران بكاتەوەو لەڕێی ئەو هەژماری بانكییەشەوە فەرمانبەران قەرزەكانی حكومەت و قەرزی پێشینەكانی پێبدەنەوە، هەروەها هەركاتێك بارودۆخی دارایی حكومەت باشبوو حكومەت مانگانە لەگەڵ مووچەدا مووچەی مانگێكی پاشەكەووتی مووچەخۆران بداتەوە.

لەبارەی بڕینی دەرماڵەكانی مووچەخۆرانیشەوە، وتی: ئەو ماددەیە لەیاساكەدا لابراوەو دەرماڵەكان بەردەوام دەبن، چونكە پێمانوایە ناكرێت بەیاسا دەرماڵە مووچەخۆران ببڕێت.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی باسی لەوەشكرد كە لەناو یاساكەدا باس لەخانەنشینی پلە تایبەتەكان كراوە، لەوبارەیەوە رایگەیاند: لەناو یاساكەدا پلە تایبەتەكان وەك سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی و سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرەكان و پەرلەمانتاران دەتوانن بەڕێژەی 50%ی مووچەو دەرماڵەكانیان خانەنشین بكرێن، لەكاتێكدا پێشتر بەڕێژەی 80% خانەنشین دەكران، هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش كە ئەمە دوا خولە بۆیان هەیە خانەنشین ببن وەك پەرلەمانتاران دەتوانن خانەنشین ببن، بەڵام بەڕێوەبەرە گشتییەكان و پۆستەكانی دیكە لەكارەكانیان بەردەوام دەبن تا تەمەنی خانەنشین بوونی خۆیان.

رێواس فایەق تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە بەپێی ناوەرۆكی یاساكە پەرلەمانتاران دەتوانن خۆیان خانەشین بكەن، یان بگەڕێنەوە سەر كارەكانی پێشوویان، یان مووچەی خانەنشینی رەتبكەنەوە.

PUKmedia : M9sharazoor

 

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure