هەواڵ

-

مه‌رجی 50 ساڵ ته‌مه‌ن بۆ خانه‌نشینی وه‌زاره‌تی ناوخۆ داده‌نرێت

6/12/2018 7:08:12 PM 23 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

پرۆژه‌ی هه‌مواكردنه‌وه‌ی خانه‌نشینی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماده‌یه‌ و چاوه‌ڕوانده‌كرێت پرۆژه‌كه‌ به‌خرێته‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌.

سه‌عید مه‌سیفی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاند: له‌ئێستادا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی خانه‌نشینی كارمه‌ندانی ناوخۆ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ ئاماده‌كراوه‌و لیژنه‌كانی په‌رله‌مان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌كردوه‌و ئاماده‌یه‌ بخرێته‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌.

وتیشی: به‌پێی ئه‌م پرۆژه‌ نوێیه‌ مه‌رجی ته‌مه‌ن بۆ خانه‌نیشنی هه‌یه‌ و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌توانن هه‌ر كات ته‌مه‌نیان گه‌یشته‌ 50 ساڵـ ئه‌وسا داوای خانه‌نیشینی بكه‌ن، به‌مه‌رجێك 15 ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م یاسایه‌ی ئێستا كارمه‌ندانی ناوخۆی پێ خانه‌نشین ده‌كرێت، كه‌ مه‌رجی ته‌مه‌نی تێدانیه‌ و ته‌نها 15 ساڵ خزمه‌تی ده‌وێت، له‌ هیچ وڵاتێك نیه‌و ته‌نانه‌ت له‌ یاسا هه‌مواركراوه‌كانی پێشووی خانه‌شینی وه‌زاره‌تی ناوخۆشدا گه‌ڕاوم یاسایی له‌و شێوه‌یه‌م به‌چاو نه‌كه‌وتووه‌، بۆیه‌ پێده‌چێت ئه‌و یاسایه‌ی له‌ئێستادا كارمه‌ندانی ناوخۆی پێ خانه‌نشین ده‌كرێت، ته‌نها حكومه‌ت به‌ رێنمایی ئه‌و بڕیاره‌ی دابێت.

سه‌عید مه‌سیفی راشیگه‌یاند: به‌پێی مادده‌ی 35 ی خانه‌نشینی عیراق، كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ مه‌رجی ته‌مه‌نیان هه‌یه‌و پێویسته‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌رو 63 ساڵانه‌وه‌ بێت، به‌ڵام ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یكردوه‌، 50 ساڵی ده‌ستنیشان كردوه‌، واتا هێشتا له‌گه‌ڵ یاسای خانه‌نشینی حكومه‌تی عیراق بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ 13 ساڵ كه‌متره‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌پرۆژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان له‌خوار 50 ساڵییه‌وه‌و دوای خانه‌نشینی ده‌كه‌ن، پێویسته‌ هۆكارێكی تایبه‌تی وه‌ك ( نه‌خۆشی) یان هه‌ر حاڵه‌تێكی دیكه‌ی هه‌بێت و به‌ره‌سمی داوای خانه‌نشینی بكات و پشتگیری لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری به‌ داواكارییه‌كه‌یه‌وه‌ هاوپێچ بكات، ئه‌وسا داوای خانه‌نشینی بكات.

له‌ئێستادا كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ خانه‌نیشی مه‌رجی ته‌مه‌نی تێدا نیه‌و ته‌نها 15 ساڵ خزمه‌ت مه‌رجه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌داهاتوودا پرۆژه‌ نوێیه‌كه‌ بخرێته‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌و دوای ده‌نگدان له‌سه‌ری ببێته‌ یاسا و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌و یاسا نوێیه‌ خانه‌نیشن بكرێن.


PUKmedia : M9sharazoor

 

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure