هەواڵ

-

توركیا په‌لاماری هه‌رێم ده‌دات.. ره‌زامه‌ندی عیراق و ئێران وه‌رده‌گرێت

6/12/2018 7:24:14 PM 18 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

وه‌زیری به‌رگری توركیا، رایده‌گه‌یه‌نێت هێرش و په‌لاماره‌كانمان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و ره‌زامه‌ندی هه‌ریه‌ك له‌ ئێران و عیراقیشمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ وه‌رگرتووه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیش ره‌تیده‌كاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ 12ی 6ی 2018، نوره‌دین جانكیلی، وه‌زیری به‌رگری توركیا، رایگه‌یاند:" هێرش و په‌لاماره‌كانمان له‌ناو خاكی باكوری عیراق (هه‌رێمی كوردستان) به‌رده‌وام به‌ئامانجی له‌ناوبردنی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌و پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ لێیان.

ناوبراو له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، وڵاته‌كه‌ی بۆ درێژه‌پێدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌دژی په‌كه‌كه‌، ره‌زامه‌ندی هه‌ردوو حكومه‌تی ئێران و عیراقی وه‌رگرتووه‌، وتی: ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌شمان به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی ئه‌و وڵاتانه‌ نابێت.

له‌وه‌ڵامی ئه‌و لێدوانه‌دا، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ رێككه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ توركیا كردبێت و رایگه‌یاند:" ره‌زامه‌ندیمان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی توركیا له‌ناو خاكی عیراق نه‌داوه‌".

وه‌زیری به‌رگری توركیا ئاشكراشیكرد، ژماره‌ی هێزه‌كانیان له‌هه‌رێمی كوردستان زیادكردووه‌و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كیان ته‌واوكردووه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی قۆناغی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ناوچه‌ی قه‌ندیل، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندبوونی ئێران و عیراق بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر قه‌ندیل به‌مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌.

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure