هەواڵ

-

سامانه‌ سروشتیه‌كان ملیۆن و نیوێک دۆلار قه‌رزارى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌‌‌

6/27/2018 7:06:26 PM 12 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

ماوەی سێ ساڵە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پارەی دوو پسووڵەی نەوتی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە قەرزارە، كە نە پارەكەی داوەتەوە بە هاووڵاتیانی ئەو دوو پارێزگایە كە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار دەكات و نە لە ‌بەرامبەریشدا نەوتی پێداون. داواكاری گشتی هەرێم بە نووسراوی ڕەسمی لەسەر ئەو كەیسە داوای زانیاری و ڕوونكردنەوەی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كردووە.

بهپێى ڕێككه‌وتنێكى ساڵى 2014 له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا، حكومه‌تى هه‌رێم پابه‌ندكراوه‌، به‌ دابینكردنى نه‌وتى سپیى ماڵان، به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕاستى ساڵى 2016دا وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانى ئاگاداركرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت تواناى دابینكردنى نه‌وتى نییه‌.

هاوكات حكومه‌تى هه‌رێم له‌ڕێگه‌ى بریكارى خۆراك پسووڵه‌ى نه‌وتى ژماره‌ 24ى بۆ ساڵى 2015، پسووڵه‌ى نه‌وتى ژماره‌ 25 بۆ ساڵى 2016 دابه‌شكرد كه‌ پاره‌ى هه‌ر پسووڵه‌یه‌كیان بۆ هه‌ر خێزانێك دوو هه‌زارو پێنجسه‌د دینار بووه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان ئه‌و پسووڵه‌یه‌ى ڕه‌تكرده‌وه و بڕیاریدا به‌ دروستكردنى كارتى زیره‌ك كه‌ بۆ هه‌ركارتێك بڕى 9 هه‌زارو 500 دینار وه‌رگیرا، هاوكات به‌ دوو پسوڵه‌ى ڕابردووش نه‌وت نه‌دراو پاره‌ش نه‌گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان.

خەدیجە عەبدولجەبار ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كە سەرۆكی لیژنەیەك بووە بۆ لێكۆڵێنەوە لەسەر ئەو دۆسیەیە، وتى: لە پسووڵەی ژمارە 24دا نیوەو لە پسووڵەی ژمارە 25دا سەرجەمیان نەوتیان وەرنەگرتووەو پارەكەشیان بۆ نەگەڕێنراوەتەوە، كە بە نزیكەیی بۆ هەر پسووڵەیەك پارە لە 482 خێزانی هەردوو شارەكە وەرگیراوە.

له‌ دواى فه‌وتانى نه‌وت، له‌ سه‌ره‌تای ساڵى 2017دا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى و ڕێكخراوى هه‌ڵوێست بۆ چاودێری كارو پڕۆژه‌كانى حكومه‌ت، له‌سه‌ر دابه‌شنه‌كردنى نه‌وتى سپى سكاڵایان له‌سه‌ر كۆمپانیاكه‌و ئه‌و كه‌سانه‌ش تۆماركرد كه‌ پێشتر واژۆیان كردووه‌ بۆ دروستكردنى كارتى نه‌وت.

ڕێباز كه‌مال غه‌ریب سه‌رۆكى ڕێكخراوى هه‌ڵوێست بۆ چاودێریكردن له‌سه‌ر كاروبارى حكومه‌ت وتى: دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌كه‌مانه‌وه‌ كۆنووسى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى درا به‌ داواكارى گشتى و ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌، ئنجا ئه‌نجومه‌نى پارێزگارى سلێمانى كۆنووسه‌كه‌ى پێشكه‌شى داواكارى گشتى كرد، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامى داواكارى گشتى ئاگادارنین و پێشبینییش ناكه‌م قه‌ره‌بووى هاووڵاتیان بكرێته‌وه‌.

هۆشیار ئیسماعیل ئه‌ندامى لیژنه‌ى سامانه‌ سروشتییه‌كانى سلێمانى ده‌ڵێت: به‌ حسابى حكومه‌تى هه‌رێم بێت، هه‌ركاتێك بڕیاردرا ده‌عمى نه‌وت بۆ پارێزگاكان بكات، به‌ پسووڵه‌ى 24 و 25 دابه‌شده‌كرێت، كه‌ نرخى هه‌ر به‌رمیلێك به‌ 40 هه‌زار دینار دیارىكراوه.‌

بە وتەی خەدیجە عەبدولجەبار ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بێت 723 خێزان لە هەردوو پارێزگاكە نەوتی ئەو كارتەیان وەرنەگرتووەو پارەكەشیان نەدراوەتەوە، كە دەكاتە یەك ملیارو 807 ملیۆن و 500 هەزار دینار، كە زیاتر لە یەك ملیۆن و پێنجسەد هەزار دۆلار دەكات.

هاوكات حكومه‌تى هه‌رێم بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى هاووڵاتیان له‌مباره‌وه‌ بێده‌نگى هه‌ڵبژاردووه‌و هیچ جۆره‌ بڕیارێكى نییه‌، ئه‌مه‌ش جگه‌له‌وه‌ى كه‌ له‌ هه‌ردوو ئه‌م پارێزگایه‌دا بۆ كارتى زیره‌ك بڕى 9 هه‌زار و 500 دینار له‌ دانیشتووانى هه‌ردوو پارێزگاكه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 9 ملیارو 91 ملیۆن و 500 هه‌زار دینار.

غاڵب محه‌مه‌د ئه‌ندامى لیژنه‌ى سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى بۆ ده‌ڵێت: سه‌ره‌تا ده‌مانزانى نه‌وت نییه‌، بۆیه‌ سكاڵامان له‌سه‌ر كۆمپانیایه‌كى ئه‌هلى و ئه‌و كه‌سانه‌ش تۆماركرد كه‌ واژۆیان له‌سه‌ر‌ دروستكردنى ئه‌و پسووڵه‌یه‌ كردبوو.

وتیشى: له‌وكاته‌دا داواكارى گشتى نه‌هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت و پڕۆسه‌ى دابه‌شكردنى كارتى نه‌وتى ڕانه‌گرت، تائێستاش سكاڵاكه‌مان جێبه‌جێ نه‌كراوه و وه‌ك خۆى ماوه‌ته‌وه‌.

هاوكات دانا محه‌مه‌د جه‌زا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى وتى: له‌نێوان ئێمه و پارێزگارى سلێمانى له‌سه‌ر پسووڵه‌ى 24 و 25 له‌گه‌ڵ كارتى زیره‌ك تێنه‌گه‌یشتنێك هه‌بووه و هه‌یه‌، ئێمه‌ داوامانكرد پاره‌ى پسووڵه‌ى 25 بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان 2500 دیناریان لێوه‌رگیراوه‌و نه‌وتیش دابه‌شنه‌كرا، ئینجا ده‌بوو نۆ هه‌زارو پێنجسه‌د دینار بۆ كارتى زیره‌ك وه‌ربگرێت، تائێستاش ئه‌م تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى هه‌ر ماوه.‌

هێشتا وه‌زاره‌تى سامانه ‌سروشتییه‌كان ئه‌وه‌ى یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌داته‌وه‌ هاووڵاتیانى سنوورى سلێمانى یان نه‌وته‌کەیان پێده‌دات، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى دوو ساڵ به‌سه‌ر وه‌رگرتنیدا تێپه‌ڕبووه‌.

محه‌مه‌د حه‌سیب به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانى سلێمانى ده‌ڵێت: له‌پێش ئه‌وه‌ى ببمه‌ به‌ڕێوه‌به‌ر، وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان بڕیاریدابوو به‌ پسووڵه‌ى 24 و 25 نه‌وت دابه‌شبكات، ئه‌وه بوو كارى پێنه‌كرا، ئێستاش چاوه‌ڕوانى بڕیارى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانى هه‌رێم ده‌كه‌ین، به‌ دابینكردنى نه‌وت، یان گه‌ڕاندنه‌وه‌ى پاره‌ى هه‌ردوو پسووڵه‌كه‌ قه‌ره‌بووى هاووڵاتیان بكه‌ینه‌وه.‌

هاوکات دڵشاد فایز وتەبێژی دەستەی داواکاری هەرێم وتى: لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا نووسراومان ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە تا ڕوونکردنەوەی زیاترمان بدەنێ لەسەر دۆسیەی ئەو پسووڵانە.


M9sharazoor : ئاژانس

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure