هەواڵ

-

سێ كەس لەسەر كەیسی مریشكە فڕێدراوەكانی زەڵم دەستگیردەكرێن

7/4/2018 6:30:43 PM 92 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەسەر كەیسی فڕێدانی نزیكەی دوو هەزار مریشكی لەناوچوو بۆ ناو ئاوی چەمی زەڵم سێ كەس دەستگیركراون كە یەكێكیان خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكەوە، سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوەش لەكەیسەكە رایدەگەیەنێت بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستیان كەوتووە تۆمەتباری دەستگیركراو كارەكەی ئەنجامداوەو بۆ جێبەجێكردنی سزاكانیش بەسەریدا چاوەڕێی بڕیاری دادوەر دەكەن.  

هێمن حەمە حسێن بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوەیە لەسەر كەیسی فڕێدانی مریشكەكان بۆ ناو ئاوی زەڵم، راگەیاند: لەسەر كەیسی فڕێدانی نزیكەی دوو هەزار مریشكی مردارەوە بوو بۆ ناوی ئاوی زەڵم لەسنوری ناحیەی سیروانی پارێزگای هەڵەبجە رویداوە، سێ كەس دەستگیركراون كە یەكێكیان خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكەیە كە لەگوندی بانی شاری ناحیەی خورماڵە لەگەڵ دوو كرێكاریدا كە بەڕەگەز عەرەبن و پاسەوانی كێڵگەكە بوون.

وتیشی: لەسەر روداوەكە كۆمەڵێك سەرداوی باشمان دەستكەوتووە كە 90%ی بۆ ئەوە دەچێت ئەو تۆمەتبارەی دەستگیركراوە كە خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكەی كارەكەی ئەنجامدابێت، بەڵام هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.

ئەوەشی خستەڕوو كە بەڵگەكان ئەوەیە كە خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكە مریشكێكی زۆری مرداربۆتەوەو دیارنەماوە كە هەمان قەبارەی ئەو مریشكانەیە كە فێردراونەتە چەمی زەڵم، هەروەها ئەو پێداویستیانەشی مریشكەكانی پێ گوازراوەتە بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكە دەگەڕێتەوە، بەڵام چاوەڕێی لێكۆڵینەوەكانین  كە لەلایەن دادوەرەوە بەڕێوەدەچێت.

بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان ئاماژەی بەوەشداوە كە بەهەماهەنگی شارەوانییەكان و لیژنەی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاكی هەڵەبجەو كۆمپانیای گارێكس، تەواوی ئاوی زەڵم لەو مریشكانە پاكراونەتەوەو تەنانەت یەك مریشكیشی تێدا نەماوە، وتیشی: نمونەی مریشكە فڕێدراوەكان و ئاوی چەمی زەڵم رەوانەی پشكنین كراوە تا بزانرێَت ئاوەكە پس نەبوەو مریشكەكان نەخۆش نەبوون تا لەسەلامەتی هاووڵاتیان دڵنیابین.

لەبارەی سزاكانیش، وتی: لەكاتی یەكلابوونەوەی دۆسیەكە بەپێی هەردوو یاسای ژینگەی هەرێمی كوردستان و سزادانی عیراقی تۆمەتبارەكان سزا دەدرێن، جگە لەوەی وەك ئیدارەی ناحیەی سیروان تێچووی پاكردنەوەی ئاوەكەی لێوەردەگرینەوە لەگەڵ وەرگرتنەوەی مۆڵەتی كێلێگە پەلەوەرییەكەی.

PUKmedia : M9sharazoor

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure