هەواڵ

-

دەروازەی پشتەی نێودەوڵەتی لەنێوان هەرێم و ئێران دەكرێتەوە

7/9/2018 6:26:52 PM 50 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە كاركردنی بۆ كردنەوەی دەروازەیەكی نێودەوڵەتی لەنێوان هەرێم و ئێران دەستپێكردو بڕیاریشە تا كۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ كارەكان تەواو ببَت و ئەمساڵدا دەروازەكە بەڕەسمی بكرێتەوە.

ئەمڕۆ 9-7- 2018 لەپارێزگای هەڵەبجە دەستكرا بەكاركردن لە دەروازەی نێودەوڵەتی پشتەو وابڕیاریشە لەكۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵدا دەروازەكە بەڕەسمی بكرێتەوەو هاووڵاتیان ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نێوان هەڵەبجەو كرمانشانی تێدا ئەنجام بدەن.

دەروازەی پشتە لە ناحیەی بەمۆی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە ماوەی 25 ساڵە بە شێوەیەكی ناڕەسمی لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە 10-2-2018 بە بیانووی ناڕەسمیەوە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە داخرا، ئەمڕۆش بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەستكرا بەكاركردن لەو دەروازەیەدا تا بەڕەسمی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بكرێتەوە.

سەبارەت بە دەستكردن بەپرۆژەكەو ماوەی كاركردن تیایدا، عەمیدی ماف پەروەر سالار عەبدوڵڵا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەروازە سنورییەكان لە لێدوانێكیدا وتی: دەروازەی پشتە لەڕاستیدا دەروازەی سەرتەك بوو، بەڵام كە نوێنەرانی حكومەتی ناوەند هاتن بڕیاری گواستنەوەیاندا بۆ سەر سنوری هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران، ئێستا دەستكراوە بەدروستكردنی ئەم دەروازەیە، لەسەر روبەری 30 دۆنم زەوی دەكرێتە دەروازەیەكی نێودەوڵەتی.

وتیشی: چۆن لێرە كار دەكرێت لە دیوی ئێرانیش بەهەمان شێوە كاركردن دەستیپێكردوە، ئەوانیش دەروازەی بەشی خۆیان فراوان دەكەن، بەتەواوبونی دەروازەكە ئاوەدانی و هەلیكار بۆ ناوچەكە دەڕەخسێنێت.

دەربارەی كاتی كردنەوەی دەروازەی پشتەش، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەروازە سنوورییەكان وتی: بەنیازین ئەم پڕۆژەیە تا 24-8-2018 تەواو بكەین، چونكە لەو رۆژەدا وەفدێكی حكومەتی ناوەند لە بەغداوە دێت و بەدواداچوون بۆ پرۆژەكە دەكات، ئەو راسپاردەیەی سەرۆك وەزیرانی عیراق داویەتی بزانن تەواو بووە یان نا.

لەبارەی كێشەو رێگاوبان و كردنەوەی فەرمانگەكان و هەر كێشەیەكی تر عەمید سالار عبدوڵڵا وتی: دوای تەختكردنی زەوییەكەیی 12 فەرمانگەی تایبەتمەند دەكرێنەوە و كارەباو ئاوی بۆ دابین دەكرێت، بۆ كێشەی رێگاوبانیش لەلایەن پارێزگای هەڵەبجەوە پشكنینی بۆ كراوەو ئێستا لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە ژێر دەستی  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر بدرێت و دواتر دەستبەكار دەبن.

بەنێودەوڵەتی كردنی دەروازەی پشتە سودێكی زۆر بەبازرگانانی هەردوو وڵات دەگەیەنێت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی فراوانتر دەكات، سەبارەت بەم لایەنە ئاسۆ محەمەد عەلی نوێنەری بازرگانەكانی دەروازەی سەرتەك وتی: كردنەوەی دەروازەكە سود تەنها بەیەك ناوچە ناگەیەنێت، بەڵكو سودی بۆ هەموو ناوچەكانی ئێرە دەبێت، زۆر گرنگە بۆ خەڵكی هەژار تا بێن لێرە كار بكەن، داخستنی زیانێكی گەورە بوو، چونكە رۆژانە زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر لێرەوە هاتووچۆیان دەكرد،دوای داخستنیشی بازرگانەكان دەچوون لە باشماخ و حاجی ئۆمەران كاریان دەكرد، بەڵام دوای كردنەوەی دووبارە ئاڵوگۆڕ لێرەوە دەست پێدەكاتەوە.

دەروازەی پشتە داهاتی  ساڵانەی نزیكەی سێ ملیارو 500 ملیۆن دینارەو حكومەتی عیراق سێ مانگی داناوە بۆ ئەوەی دووبارە دەروازەكە بەشێوەی نێودەوڵەتی بكرێتەوە، پێویستیشە تا 24-8-2018 كاركردن لە دەروازەكە تەواو  ببێت.

PUKmedia  : M9sharazoor

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure