هەواڵ

-

وەفدێکی پارێزگای ھەڵەبجە سەردانی سەرۆک کۆمار دەکات

7/31/2018 6:11:48 PM 72 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، وه‌فدێكی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌یشته‌ به‌غداو پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌وه‌كاله‌ت داواكارییه‌كانیان ئاشكراده‌كات و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت: سه‌رۆك كۆمار نوسراوی بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌، لیوایه‌كی پاسه‌وانی سنور بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ دابنرێت.

عه‌لی عوسمان، پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌وه‌كاله‌ت  ڕاگه‌یاند: له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم،  سه‌ردانی به‌غدامان كرد بۆ به‌دواداچونی چه‌ند بابه‌تێك، له‌سه‌ره‌تاشدا سه‌ردانی سه‌رۆك كۆمارمان كردو باسی ڕێكاره‌كانی ته‌واوبونی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌و بابه‌تی كردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ی فیدراڵی عێراقیمان كرد، كه‌ له‌هه‌نگاوی كۆتایداین.

وتیشی:" سه‌رۆك كۆمار نوسراوی بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی دانانی لیوای پاسه‌وانی سنور له‌ هه‌ڵِه‌بجه‌، هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی تری هه‌رێم، پێویستیشه‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌و كاره‌ جێبه‌جێ بكات".

ئاماژه‌ی به‌داواكارییه‌كی تریشیان كردو وتی:" داوامانكردووه‌ سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ته‌ندروستی كۆبینه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی پارێزگاكه‌ به‌ره‌وپێش بچێت و له‌بابه‌تی به‌شه‌ ده‌رمان و چه‌ند بابه‌تێكی تر، هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی تری هه‌رێم، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێت، جگه‌ له‌وه‌ش به‌دواداچون بۆ نوسراوه‌كانمان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ڕابردوو كردومانه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆرت و كارتی زانیاری  و ژماره‌ی ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت، بۆئه‌وه‌ی پێش پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ بخرێنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌".

عه‌لی عوسمان ڕاشیگه‌یاند: بۆ دروستكردنی هۆڵی ڕۆشنبیری هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ له‌وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بڕیاری بۆ ده‌رچووه‌، سبه‌ینێ سه‌ردانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ده‌كه‌ین، هه‌موو ڕێكاره‌كانی مه‌رزی ته‌وێڵه‌ ته‌واو بوون و حه‌یده‌ر عه‌بادی واژۆی له‌سه‌ر كردوه‌و كاره‌كان ته‌نها لای ئێران ماون، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌باڵیۆزی ئێرانی ده‌كه‌ین كاره‌كان ته‌واوبكه‌ن.

 

M9sharazoor : SNN

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure