هەواڵ

-

چۆنێتی ده‌ستكاریكردنی موچه‌ی خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ ئاشكراده‌كرێت

8/6/2018 6:07:02 PM 288 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

په‌رله‌مانی كوردستان كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ یه‌ك مانگی ته‌مه‌نی ئه‌م خوله‌یدا پڕۆژه‌یاسای موچه‌ی خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناخۆ زیاد بكات و سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیش ورده‌كاریی زیادكردنه‌كه‌ ئاشكراده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت"ده‌مانه‌وێت له‌بری ده‌رماڵه‌كان، موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی هێزه‌كانی ناوخۆ زیاد بكه‌ین".

 

دلێر ماوه‌تی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاند: پڕۆژه‌یاسای چاككردنی موچه‌ی خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ یه‌كێكه‌ له‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ده‌مانه‌وێت له‌ماوه‌ی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا تێپه‌ڕێنین و بیكه‌ین به‌ یاسا.

وتیشی:"چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین، بۆئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌یاسای گرنگ بخرێنه‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌و تێپه‌ڕێنرین".

به‌وته‌ی دلێر ماوه‌تی، فراكسیۆنی یه‌كێتی و ته‌واوی فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ی‌ كاری جددی ده‌كه‌ین بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ی كه‌ تایبه‌ت به‌خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ، چونكه‌ به‌ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه‌ نزیكه‌ی 50 هه‌زار كه‌س له‌هێزه‌كانی ناوخۆ خانه‌نشین ده‌بن.

سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كه‌ی یه‌كێتی ئاشكراشیكرد، ئێستا هێزه‌كانی ناوخۆ له‌سه‌ر بنه‌مای موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی خانه‌نشین ده‌بن كه‌ بڕه‌كه‌ی زۆركه‌مه‌، بۆیه‌ به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی موچه‌كانیان خۆیان خانه‌نشین ناكه‌ن.

له‌باره‌ی چۆنێتی زیادكردنی موچه‌ی خانه‌نشینی ئه‌و هێزانه‌، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی ده‌ڵێت"ئێستا موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی هێزه‌كانی ناوخۆ كه‌مه‌، به‌ڵام ده‌رماڵه‌كانیان زۆره‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت پێچه‌وانه‌ی بكه‌ینه‌وه‌، موچه‌ی بنه‌ڕه‌تیان بۆ زیاد بكرێت بۆئه‌وه‌ی له‌كاتی خانه‌نشینبووندا موچه‌یان زیاد بكات".

 

SNN : M9sharazoor 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure