هەواڵ

-

مه‌لا به‌ختیار: ئه‌شكی كاكه‌ قوباد و كاندیده‌كانی ترم ده‌گرم

9/11/2018 5:36:57 PM 94 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كاگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند، به‌مایه‌ی سوپاس و وه‌فاداری بۆ جه‌نابی مام جه‌لال و یه‌كێتی زانی، كه‌ خزمانی هه‌مه‌وه‌ند له‌بازیان، ئه‌مڕۆ (11/9/2018) له‌یه‌كه‌مین رۆژی كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی و ده‌سته‌ی كارگێڕیان كردووه‌ و رایگه‌یاند: به‌نده‌ ئه‌گه‌رچی نیگه‌ران و چه‌ندین سه‌رنجم هه‌یه‌، به‌ڵام له‌به‌ر وه‌فاداری و به‌ڵێنم بۆ مام، بۆ رۆحه‌ پاكه‌كه‌ی، بۆ ویژدان و ئاكاری شۆڕشگێڕیم، بۆ هاوسه‌نگه‌ره‌ شه‌هیده‌كانم، ئه‌وه‌تا چاكی مه‌ردایه‌تیم لێ هه‌ڵكردووه‌و له‌پێناو یه‌كێتیدا، ئه‌شكی كاكه‌ قوباد و هه‌ڤاڵه‌ كاندیده‌كانی ترم ده‌گرم..!

به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی، له‌دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ خزمانی هه‌مه‌وه‌ند، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌: به‌درێژایی مێژوو، نه‌ته‌وه‌كه‌مان و ئێوه‌ی خزمانی هه‌مه‌وه‌ندیش، له‌ئه‌زمونه‌كانی مێژوودا، حزبه‌كانتان تاقیكردۆته‌وه‌، ئێمه‌ی یه‌كێتیی نه‌ حزبی بنه‌ماڵه‌ین و ته‌نها گروپێكین، به‌ڵكو ئه‌م حزبه‌، حزبی كورده‌واری راسته‌قینه‌یه‌، حزبێكه‌ له‌دوای كاره‌ساتی جۆراوجۆر و گلانی چه‌ندین راپه‌ڕین و سه‌رداری كورد، دروستبووه‌. واتا یه‌كێتی له‌ناو ژانی چۆكدادان و له‌ناو ژانی دوو سه‌د ساڵه‌ی شكستی نه‌ته‌وه‌ی كورددا دروستبووه‌و ئه‌وه‌ش نهێنییه‌كی دیاره‌، كه‌ له‌دوای دامه‌زراندن و دروستبوونی یه‌كێتیی و شۆڕشی نوێ، گه‌له‌كه‌مان شۆڕشی نوێ شكستی نه‌خواردووه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ یه‌كێتیی تاقه‌ حزب بووه‌ له‌مێژوودا شكستی ره‌تكردۆته‌وه‌ و نه‌شیهێشتووه‌ كوردیش شكست بخوات. سه‌ره‌ڕای ئه‌نفاله‌كان، كیمیاباران و ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و گوند سوتان و وێرانكردنه‌، یه‌كێتیی و پارتیزانه‌كانی نه‌ك نه‌یانهێشت میلله‌ته‌كه‌مان شكست بخوات! به‌ڵكو كارێكیان كرد كه‌ تروسكاییه‌كی ئومێد له‌ناو نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌بڕێت، هه‌تا گه‌یاندیان راپه‌ڕین و فیدراڵ!.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: یه‌كێتیی نیشتمانیی و شۆڕشی نوێ، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و ماڵوێرانی و قوربانی به‌خشینه‌دا، به‌پێوه‌ خۆی راگرت و هیچ كام له‌و كاره‌ساتانه‌ وایان نه‌كرد، یه‌كێتیی بڵێت: شۆڕشی نوێ كۆتاییهات!

وتیشی: شۆڕشی نوێ، سه‌د به‌رامبه‌ر هه‌موو شۆڕشه‌كانی رابردوو، كاره‌ساتمان به‌سه‌ردا هات و ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی به‌خشیمان، سه‌ره‌ڕای پیلانه‌كان، رێكه‌وتنه‌ نهێنییه‌كان، رێككه‌وتنی عیراق و ئێران، به‌ڵام سه‌نگه‌رمان چۆڵنه‌كرد و نه‌چه‌مینه‌وه‌! ئێستاش به‌رده‌وامین له‌خه‌باتی مه‌ده‌نی، دیموكراسی و فراوانكردنی پانتایی ئازادیدا به‌رده‌وامین.

بۆ خزمانی هه‌مه‌وه‌ندییشه‌كانیش، رایگه‌یاند: ئێستا رۆژی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌ و خێڵی وه‌كو ئێوه‌، جوامێری بنوێنن. هه‌روه‌ك چۆن ئه‌وكاته‌ی ئێمه‌ له‌شاخ و له‌خه‌باتدا بووین، داواتان لێده‌كردین جوامێری بنوێنین و به‌رده‌وام خۆڕاگربین. ئێستاش كه‌ له‌شار و گۆڕه‌پانی ئازادیداین، ئێمه‌ داوتان لێده‌كه‌ین، شانبه‌شانی هه‌موومان، هه‌ڵمه‌ت بكه‌ن و به‌رده‌وامبین بۆ حزبی شه‌هیده‌كانتان، بۆ رۆحی مام و وه‌فاداریتان، جوامێری بنوێنن.

ده‌بێ هه‌موومان شه‌ونخونی بكه‌ین و ئه‌شكی كاكه‌ قوبادو كاندیده‌كانمان له‌ لیستی (105) بگرین، ئه‌شكی هه‌ڵبژاردن بگرین و نه‌هێڵین تاقه‌ ده‌نگێكمان به‌فیڕۆ بڕوات و نه‌شهێڵین هیچ لایه‌ك فێڵمان لێبكات. چونكه‌ ئه‌مجاره‌، له‌هه‌موو جارێك زیاتر، ناحه‌زه‌كانمان له‌پیلان و بۆسه‌دان بۆمان، نه‌هێڵین خه‌ونی هیچ یه‌كێك بێته‌دی، كه‌ به‌ئاواتی ئه‌وه‌وه‌ن یه‌كێتی مه‌منونیان بێ، چونكه‌ یه‌كێتیی ته‌نهاو ته‌نها مه‌منونی میلله‌ته‌كه‌مان، مه‌منونی گۆڕی شه‌هیده‌كان و كه‌سوكار و خانه‌واده‌كانیان، مه‌منونی دڵسۆزان، كادرو جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ده‌بێ.

بۆیه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌تان، به‌ به‌رزی ده‌نرخێنم و چاوه‌ڕێی هیممه‌تانم و هیوادارم ئێوه‌و هه‌ر لایه‌كی تر، نیگه‌رانییه‌كیشی هه‌بێ، یبه‌خشێته‌ خوێنی شه‌هیده‌كان و رۆحی پاك و به‌رزی مام جه‌لال، كه‌ سایه‌ی هه‌موومانه‌، هه‌روه‌ك چۆن به‌نده‌ سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانی و سه‌رنجه‌كانم، چاكی مه‌ردایه‌تیم لێ هه‌ڵكردووه‌و له‌پێناو یه‌كێتیدا، ئه‌شكی كاكه‌ قوباد و هه‌ڤاڵه‌ كاندیده‌كانی ترم له‌ لیستی (105) ده‌گرم.


PUKmedia : M9sharazoor

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure