هەواڵ

-

جەخت لەسەر هەماهەنگی نێوان عیراق و بەریتانیا دەكرێتەوە

10/10/2018 6:01:24 PM 3 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئێوارەی ئەمڕۆ 10-10-2018 كۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری سلێمانی، پێشوازی كرد لە جۆن ویڵكس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و مارتن وار كونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان.

لە سەرەتای دیدارەكەدا باڵیۆزی بەریتانیا پیرۆزبایی گەرمی خۆی ئاراستەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی د. بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆماری عێراق.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا، جێگری سكرتێری گشتی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق باسیان لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق كردو هیوایان خواست لە ئایندەیەكی نزیكدا حكومەتی نوێی عێراق بە بەشداری هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان پێكبهێنرێ و حكومەتێكی نیشتمانی بێ و مافی سەرجەم پێكهاتەكانی تیا پارێزراو بێ.

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بەجێگری سكرتێری گشتی ڕاگەیاند كەپێویستە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕۆڵی بەرچاوی خۆی ببینێ لە كوردستان و عێراق.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجامەكان بەشێكی تری دیدارەكە بوو، پەیوەست بەم باسە كۆسرەت ڕەسول عەلی ڕایگەیاند كە لەژێر ڕۆشنایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی چاوەڕوانی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە دەكەن.

لە دیدارەكەی نێوانیان كۆسرەت ڕەسول عەلی و جۆن ویڵكس  بەوردی باسیان لە پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كردو هاوكات جەختیان لە هەماهەنگی قووڵی نێوان هەردوولا كردەوە.

M9sharazoor : نوسینگەی رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ


Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure