هەواڵ

-

فەرمانگەیەكی فیدراڵی لەپارێزگای هەڵەبجە دەستبەكار دەبێت

10/15/2018 5:19:51 PM 146 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەكۆی شەش فەرمانگەی فیدراڵی لەپارێزگای هەڵەبجە، كارەكانی دەستبەكاربوونی فەرمانگەیەك لەتەواوبووندایە، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانیش رایدەگەیەنێت: كردنەوەی فەرمانگەكانی (رەگەزنامە، پاسپۆرت، نیشنگەو كارتی زانیاری) پێویستی بەفەرمانی هەولێر هەیە، فەرمانگەی پاسەوانی سنوریش لەلایەن بەغداوە فەرمانەكەی نەگەڕاوەتەوە.

 

عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی راگەیاند: هەموو رێكارەكانی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گومرگی پارێزگای هەڵەبجە، تەواو بووەو بەفەرمانێك لەلایەن بەغداوە لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی جیاكراوەتەوە.
وتیشی: "لە هەڵەبجە بینایەك بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكە دابینكراوە، عەقید بیلال كراوەتە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی پارێزگای هەڵەبجەو لەئێستادا سەرقاڵی رێكخستنەوەی بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیە لەو قەزاو ناحیانەی سەر بە پارێزگاكەن".
راشیگەیاند: سەبارەت بەكردنەوەی فەرمانگەكانی (رەگەزنامە، پاسپۆرت، نیشنگەو كارتی زانیاری)، لەلایەن بەغداوە فەرمانی كردنەوەی ئەو چوار فەرمانگەیە دەرچووەو پێویستە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیشەوە فەرمانیان بۆ دەربچێت و بەڕێوەبەری نوێیان بۆ دابنرێت، بەڵام تائێستا هیچ گۆڕانكارییەكی نوێ نییە.
عەمید سالار ئاشكراشیكرد، كە تائێستا فەرمانی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسەوانی سنوور لەپارێزگای هەڵەبجە لەلایەن بەغداوە نەگەیشتۆتەوە هەرێمی كوردستان بەدەستی ئەوان نەگەیشتووە.

 

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure