هەواڵ

-

سەرۆك كۆمار: مەبەستم بوو بێمە خزمەت مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە

10/28/2018 5:52:32 PM 34 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

سەرۆك بەرهەم رایدەگەیەنێت، هەرچەندە هەڵەبجە هێمای شەهیدو هێمای زوڵم و هێمای سستەمكارییە كە لە رابردوودا لێیكراوە، بەڵام دەبێت بەكردەوە ئەوە بسەلمێنین كە هەڵەبجە ببێتە هێمای ئاوەدانی و بوژاندنەوەو پێكەوە ژیان و ئاشتی كۆمەڵایەتی.

ئەمڕۆ 28-10-2018 دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق بە هاوڕێیەتی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و خانمی یەكەمی عیراق خاتوو سەرباخ ساڵح سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد، لەلایەن ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و لێپرسراوانی فەرمانگە حكومییەكان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان بە گەرمی پێشوازی لێ كردن.

سەرەتا سەرۆك بەرهەم ساڵح سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی كرد، پاشان لەسەر مەزاری شەهیدان تاجە گوڵینەی سەرۆكایەتی كۆماری دانا.

سەرۆك كۆمار وتەیەكی پێشكەشكرد و ئاماژەیكرد بۆ گرنگی شاری هەڵەبجە لە ئاستە جیاجیاكاندا، دواتر وتی: مەبەستم بوو بێمە خزمەت مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە بۆ راگەیاندنی پەیامی بایەخدان بە هەڵەبجەی نازدار، هەڵەبجەی شەهید، هەڵەبجەی پایتەختی ئاشتی و پێكەوە ژیان، پەیامی رێزگرتن لە قوربانی و فیداكارییەكانی میللەتەكەمان.

دووپاتیشیكردەوە، ئاوەدانی ئەم وڵاتەو پێشكەوتنی ئەم وڵاتە لە پێش هەموو شتێكەوە بەندە بە رێزگرتن لەمێژووی پڕ سەروەریمان، پێویستە رێزبگرین لە خەبات و فیداكاری شەهیدەكانمان و پێشمەرگەكانمان، ئەو مرۆڤانەی كە بەگیانی خۆیان ئەم ئازادیی و ئاوەدانییەی وڵاتیان پاراستووە.

سەبارەت بە گرنگی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجەش سەرۆك كۆمار وتی: بێگومان بە پارێزگا بونی هەڵەبجە پەیامێكی گرنگ بوو، پەیامی بایەخی حكومەتی هەرێم كوردستان بو، پەسەندكردنیشی لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە بەهەمان شێوە هەنگاوێكی گرنگ بوو، بەهیواین لەمەودوا دەستی ئاوەدانی زیاتر و خزمەتكردنی زیاتر بەم ناوچەیەوە دیار بێت و بتوانین بەهەمومان چ لە هەرێم چ لەبەغداوە حەقی مەینەتی و مەزوڵومیەتی هەڵەبجە بدەینەوە.

سەرۆك بەرهەم ساڵح دووپاتیكردەوە: عیراق وڵاتێكی پڕ مەینەتیی و كێشمە كێش و بێنەو بەرە بووە، عیراق زوڵمی زۆری تیادا رووی داوە، ئەمڕۆ لە قازانجی خەڵكی كوردستانە لە قازانجی پێكهاتەكانی ترە هەموومان پێكەوە هاوكارو هەماهەنگ بین بەپشت ئەستوری و پشت بەستن بەدەستوری عیراق.

 بۆئەوەی مافەكانی پێكهاتەكانی عیراق پارێزراوبێت و دەبێت نەهێلین جارێكی تر ئەو زوڵم و زۆرەی رابردوو ئەو ستەم و دوژمنكارییەی رابردوو دووبارەبێتەوە هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە خەڵكی هەڵەبجە، خەڵكی بەسرەو مەحاویل خەڵكی لێقەوماوی موسل هەموومان هاوكارو هەماهەنگی یەكتربین بۆ ئەوەی خێروبێری ئەم وڵاتە بۆ هەموو پێكهاتەكانی بێت و نەهامەتیەكانی رابردوو دووبارە نەبێتەوە.

دواتر لە كۆبونەوەكەیدا لەگەڵ پارێزگار و بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگای هەڵەبجە سەرۆك كۆمار گوێی لە داواكاریی و گیروگرفتەكانیان گرت. لە كۆبونەوەكەدا بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گفتوگۆی ورد كرا لەبارەی شایستە قانونی و دەستورییەكانی پارێزگای هەڵەبجە لە لایەن حكومەتی فیدراڵەوە، لەو بارەیەوە سەرۆك كۆمار روونیكردەوە كە لەبەغداد قسە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵیی دەكات تا باشترین خزمەتی هەڵەبجە بكرێ.

 هاوكات سەرۆك كۆمار تەئكیدی كردەوە لەسەر گرنگی دانانی بەرنامەو پلانی گونجاو بۆ پرۆژەی بازرگانی و كشتوكاڵی لە ناوچەكەدا بە تایبەتی لە دەشتی شارەزوردا كە زۆر لەبارە بۆ پرۆژەی كشتوكاڵ، سەرۆك بەرهەم ساڵح بەڵێنیدا كە پشتگیری تەواوی ئەو پرۆژە بازرگانیی و كشتوكاڵییانە بكات لە روانگەی شایستەكانی هەڵەبجە لای حكومەتی فیدراڵ، پێویستی پشتگیری كردنی مادیی و مەعنەوی پارێزگای هەڵەبجەشی دووپاتكردەوە.

پاشان هەر ئەمڕۆ سەرۆك كۆمار لە میانەی سەردانەكەیدا چاویكەوت بە نوێنەرانی جوتیارانی ناوچەكە كەلەرێی سەرۆكایەتی كۆمارەوە داواكاریی خۆیان بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی گەنمی جوتیاران خستە رو كە دەبێت حكومەتی فیدراڵ بیداتەوە پێیان، سەرۆك بەرهەم بەڵێنی پێدان كە داواكاریەكەیان دەگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدارو هەوڵی جددی دەدات بۆ گەڕانەوەی پارە قەرزەكانیان.

M9sharazoor : نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك كۆمار 

 

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure