هەواڵ

-

میكانیزمی پێدانی 49 ملیۆن دیناره‌كه‌ی په‌رله‌مانتاران ئاشكراده‌كرێت

11/6/2018 5:06:24 PM 9 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

تائێستا هیچ بڕیارێك له‌سه‌ر شێوازی پێدانی پاداشته‌ 49 ملیۆن دیناره‌كه‌ی په‌رله‌مانتارانی خانه‌نشینكراو نه‌دراوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستانیش رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ پاشه‌كه‌وت بكرێت، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌دارایی ده‌ڵێت: ره‌نگه‌ هاوشێوه‌ی فه‌رمانبه‌ران، پاره‌كه‌یان به‌شێوه‌ی قیست پێبدرێت.

هیوا نه‌سره‌دین، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌وه‌كاله‌ت راگه‌یاند: پێشتر له‌په‌رله‌مانی كوردستان بودجه‌ی تایبه‌ت به‌خۆمان هه‌بووه‌، پاداشتی په‌رله‌مانتاران له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ خه‌رجده‌كرا، به‌ڵام ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و ده‌بێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ پاره‌كه‌ی بۆ ته‌رخان بكرێت.

وتیشی:" هه‌روه‌ك چۆن پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی په‌رله‌مانتاران له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ كراو هیچ قسه‌یه‌كیش نه‌كرا، له‌كاتێكدا په‌رله‌مان له‌سه‌رو حكومه‌ته‌وه‌یه‌، ئێستاش ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه‌ ئه‌و 49 ملیۆن دیناره‌ی په‌رله‌مانتاران وه‌ك پاداشت وه‌ریده‌گرن، پاشه‌كه‌وت بكرێت".

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ له‌وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، كاتێك به‌نموونه‌ فه‌رمانبه‌رێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ خانه‌نیشن ده‌بێت، شه‌ش مانگ موچه‌ وه‌ك پاداش له‌فه‌رمانگه‌كه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت، له‌لایه‌ن خانه‌نشینیشه‌وه‌  موچه‌ی 12 مانگ وه‌ك پاداشت وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام هه‌موو پاره‌كه‌ به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ وه‌رناگرێت، به‌ڵكو به‌ چوار قیست پێیانده‌درێت، هه‌رسێ مانگ جارێك قیستێكی پێده‌درێت، بۆیه‌ ره‌نگه‌ پاداشتی په‌رله‌مانتاره‌كانیش هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ خه‌رج بكرێت، نه‌ك به‌سه‌ره‌ یه‌كه‌وه‌ پێیان بدرێت.

له‌زانیارییه‌كاندا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، هه‌ر په‌رله‌مانتارێك كه‌ خانه‌نشین ده‌بێت، موچه‌ی مانگانه‌ی به‌سیستمی كۆنی موچه‌، بڕی شه‌ش ملیۆن و 560 هه‌زار دینار ده‌بێت، به‌سیستمی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ (60%)ی ئه‌و پاره‌یه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی چوار ملیۆن دینار.

 

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure