هەواڵ

-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومرگی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كرێته‌وه‌

11/22/2018 7:47:06 PM 15 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

به‌یانی ئه‌مڕۆ 22-11-2018 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی گومرگی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌كه‌سایه‌تی حكومی و حزبی و وه‌فدی حكومه‌تی عیراق كرایه‌وه‌.

سه‌ره‌تایی مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ خوێندنی چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز ده‌ستیپێكردو پاشان هه‌ردوو سروودی نیشتمانی عیراقی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شكرا.

پاشان عه‌قید بیلال عه‌بدولجه‌بار به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومرگی هه‌ڵه‌بجه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو ئاماژه‌ی به‌ قورباییه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ كرد له‌سه‌رده‌می رێژمی پێشووی عیراق و وتیشی، له‌م بۆنه‌یه‌دا سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی كوردستان و هه‌ڵه‌بجه‌ داده‌نوێنین.

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد: سوپاسی حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌راتییه‌ی له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كرده‌وه‌و له‌مڕۆوه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پێده‌نێته‌ قۆناغێكی دیكه‌ی گه‌شه‌كردنه‌وه‌.

له‌پاشان ئازاد تۆفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: تاكه‌ به‌ڵگه‌ی هه‌بوونی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی رێژمی پێشووی عیراق له‌ لایه‌ن نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌یه‌ كه‌له‌ ساڵی 1988 دا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ روویدا.

وتیشی: حكومه‌تی هه‌رێم و عیراق و ده‌وڵه‌تانی نێوده‌وڵه‌تیش قه‌رزاری هه‌ڵه‌بجه‌ن و پێویسه‌ ئاوڕی زیاتری لێبدرێته‌وه‌، چونكه‌ تائێستاش ئاسه‌واری چه‌كی كیمیاویی له‌سه‌ر خه‌ڵكی پارێزگاكه‌ ماوه‌و رۆژانه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ره‌.

پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: پێویسته‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌موو ئه‌و ئیمتیازاتانه‌ی پێبدرێت كه‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق هه‌یانه‌و كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومرگیش له‌م پارێزگایه‌ گرنگی خۆی هه‌یه‌ و له‌م مه‌راسیمه‌شدا سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ هاوكارمانن له‌ به‌ره‌وپێشبردنی هه‌ڵه‌بجه‌.


PUKmedia :M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure