هەواڵ

-

نرخی نەوت دادەبەزێت و قەیرانی دارایی سەرهەڵدەداتەوە

12/3/2018 5:36:01 PM 4 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەهۆی دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا، هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی قەیرانی دارایی لە عیراق و هەرێمی كوردستان دەدرێت، ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ڕایدەگەیەنێت: ئەگەر حكومەت بۆ پڕكردنەوەی ئاستی كورتهێنان، خەرجییەكان كەمبكاتەوە، كاریگەری خراپ لەسەر پشكی هەرێم دەبێت.

 

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕاگەیاند: دابەزینی نرخی نەوت، رەنگدانەوەی لەسەر بودجەی گشتی 2019ی عیراق دەبێت و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی قەیرانی داراییشی لێدەكرێت.
وتیشی: "لەناو پرۆژەیاسای بودجەی 2019، خەرجییە گشتییەكان بە 132 ترلیۆن دینار دیاریكراوە، ئەگەر حكومەتی عیراق بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان، پەنا بۆ كەمكردنەوەی ئەو خەرجییانە ببات، پشكی هەرێمیش لە بودجە كەمدەبێتەوە".
لەماوەی یەك مانگدا، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا، بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و لەئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت، بە 60 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت.
پەرلەمانتارەكەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئەگەری كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم بەهۆی دەستبردنی حكومەتی بەغدا بۆ كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان، مەترسی دەكرێت جارێكی تر هەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی ببێتەوە.

 

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure