هەواڵ

-

كێشەكەی نێوان هەرێم و بەغدا سەرهەڵدەداتەوە.. تایبەتە بەفەرمانبەران

12/27/2018 4:53:08 PM 8 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

حكومەتی عیراق لەڕێگەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ەوە داوای لیستی ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم دەكات، پەرلەمانتارێكی لیژنەی داراییش رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو داواكارییەوە، كێشەی ژمارەی فەرمانبەران دروست دەبێتەوە، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەش پەیامێكیش ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكات.

 

شیروان میرزا، پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند، بەپێی داتاكەی حكومەتی هەرێم كە پشتی بە بایۆمەتری بەستووە، ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم بریتییە لە ملیۆنێك و 242 هەزار كەس، ئەو ژمارەیەش لای عیراق زۆرە.
وتیشی:" لە بودجەی 2019ی عیراقدا هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم بە 682 هەزار كەس جێگیركراوە، بۆیە بڕگەیەك بۆ پڕۆژەیاساكە زیادكراوەو داوای لیستی ژمارەی فەرمانبەران لەهەرێم دەكرێت".
راشیگەیاند، جارێكی تر ژمارەی فەرمانبەران كێشە لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست دەكاتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی، چارەسەر ئەو كێشەیە دیاریدەكات و داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات، پۆلێنكاریی بۆ موچەخۆرەكانی بكات.
وتیشی:"دەبێت خانەنشینان و سودمەندبووانی چاودێری كۆمەڵایەتی لە فەرمانبەران جیا بكرێنەوە، چونكە لەعیراق ئەو دوو توێژە لەسەر ژمارەی فەرمانبەران ئەژمار ناكرێن".
ئاشكراشیكرد، دەبێت كار لەسەر ئەوە بكرێت كە موچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی بخرێنە سەر بەغدا، هاوكات تەواوی هێزە ئەمنیەكانی هەرێمیش جیا بكرێنەوە هاوشێوەی عیراق، ئەگەر ئەو كارەش بكرێت، ئەوە ژمارەی موچەخۆران كەمدەبێتەوەو دەگاتە ئەو ژمارەیەی كە لای عیراق هەیە.

 

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure