هەواڵ

-

حكومەتی هەرێم قەرز بەقەرز دەداتەوە..زانیاری ئاشكرادەكرێت

1/3/2019 5:10:19 PM 11 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

پەرلەمانتارێكی كوردستان زانیاریی گرنگ لەبارەی دانەوەی قەرزەكانی كۆمپانیای دانەغازەوە ئاشكرادەكات و ڕاشیدەگەیەنێت، "ئەو قەرزە بەقەرزی دیكە دراوەتەوە".

 

عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند، "دانەوەی قەرزی كۆمپانیای دانەغاز لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، تائێستا بەشێكی ڕونە، واتە ئەوەی دەزانرێت ئەوەیە قەرز بەقەرز دراوەتەوە".
ڕونیشیكردەوە، "حكومەتی هەرێم بڕی زیاتر لەملیارێك دۆلاری لەكۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕوسی وەرگرتوەو بەكاریهێناوە بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیای دانەغاز".
سەبارەت بەقەرزەكەی كۆمپانیا ڕوسیەكەش، عەلی حەمەساڵح وتی:"ئایا قەرزەكەی ڕوسنەفت چی بەسەرهات یان كۆی قەرزەكە چەندە، بەڕاستی ئەمە ئاشكرانییە تائێستا".
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەشی ڕونكردەوە، "لەچوارچێوەی دامەزراوەییداو بەم حكومڕانیەی ئێستا ناوترێت حكومڕانی، چونكە كە نەزانرێت بڕی قەرزەكە چەندەو چۆن دراوەتەوە، بەڕاستی ناتوانرێت هیچ خوێندنەوەیەكی بۆ بكرێت".
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەشی دەستكەوتون، بەشێكی ئەو كێڵگەو بیرە نەوتیانەی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا ڕوسیەكە ڕێككەوتنیان لەسەر كردوە، دەكەونە سنوری ناوچە جێناكۆكەكان و پێشتر بەدەست هەرێمەوە بون و ئێستا لەدەستیدا نەماون.
لێدوانی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەكاتێكدایە، پێشتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی وەرگرتنی پارە لەكۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕوسی وتبوی:"هیچ بڕە پارەیەكمان وەك پێشەكی لەكۆمپانیا ڕوسیەكە وەرنەگرتوە لەبەرامبەر گرێبەستی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لەچەند كێڵگەیەكی نەوتی سنوری هەرێم و ناوچە دابڕێندراوەكان".

 

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure