هەواڵ

-

ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌سه‌ر ڕفاندنی‌ كادیرانی‌ یه‌كێتیی هاته‌ده‌نگ

1/3/2019 5:13:04 PM 34 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ هه‌رێم له‌باره‌ی‌ هه‌ڵكوتانه‌سه‌رو ڕفاندنی‌ كادیرانی‌ یه‌كێتیی له‌هه‌ولێر له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ پارتیه‌وه‌ هاته‌ده‌نگ و وته‌بێژی‌ ده‌سته‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هه‌رحاڵه‌تێكی‌ ده‌ستگیركردن هه‌بێت ده‌بێ به‌بڕیاری‌ دادوه‌ر بێت".

 

محه‌مه‌د گۆمه‌شینی وته‌بێژی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێم  ڕاگه‌یاند، "پێویسته‌ هۆكاره‌كانی‌ ده‌ستگیركردن و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر ئه‌و چه‌ند ماڵ و كه‌سه‌ی‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی‌ یه‌كێتیی‌ كه‌باسی‌ لێوه‌ده‌كرێت بۆ ڕای‌ گشتیی‌ ئاشكرابكرێت".

وتیشی‌:"تائێستا به‌فه‌رمی‌ له‌و حاڵه‌تی‌ ده‌ستگیركردنه‌ ئاگادارنه‌كراوینه‌ته‌وه‌و ئاسایشیش هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ نه‌داوه‌، ئه‌وه‌ی‌ باسده‌كرێت ئه‌گه‌ر ڕاستبێت، ئێمه‌ نیگه‌رانین له‌هه‌بونی‌ هه‌رحاڵه‌تێكی‌ له‌وشێوه‌یه‌ له‌شارو شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێم".

وته‌بێژی‌ ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "وه‌ك ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ، له‌لایه‌ن كه‌سوكاری‌ ئه‌و ده‌ستبه‌سه‌ركراوانه‌وه‌ هیچ سكاڵایه‌كمان پێنه‌گه‌یشتوه‌، هه‌ركاتیش به‌فه‌رمی‌ بڵاوكرایه‌وه‌ به‌دواداچونی‌ بۆ ده‌كه‌ین".

ئه‌وه‌شی‌ وت:"ژماره‌ی‌ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی‌ یه‌كێتیی‌ زیادیكردوه‌، له‌كاتێكدا به‌فه‌رمی‌ هیچ شتێك نه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتیی‌ و نه‌ له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ پارتیه‌وه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام حاڵه‌ته‌كان پێویستیان به‌به‌دواداچونه‌و ده‌ركردنی‌ به‌یاننامه‌ هه‌یه‌".

به‌وته‌ی‌ گۆمه‌شینی، "ئه‌وه‌ی‌ مه‌به‌ستمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو حاڵه‌تێكی‌ ده‌ستگیركردن ده‌بێت به‌بڕیاری‌ دادوه‌ر بێت، ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانی‌ شتی‌ فه‌رمی‌ ده‌كه‌ین، بۆئه‌وه‌ی‌ به‌دواداچونی‌ خۆمان بكه‌ین".

 

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure