هەواڵ

-

پۆلیسی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماری رووداوه‌كانی 2018 راده‌گه‌یه‌نێت

1/3/2019 5:19:57 PM 91 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماری رووداوه‌كانی ساڵی 2018ی سنووری پارێزگاكه‌ ئاشكراكرد و رایگه‌یاند، ته‌نیا سێ تاوانی كوشتن و حاڵه‌تێكی خۆكوشتن تۆماركراون.

رائید به‌رزان عوسمان، وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: له‌ ساڵی 2018 دا ته‌نها سێ حاڵه‌تی كوشتن و یه‌ك رووداوی  خۆكوشتن له‌ سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ تۆماركراوه‌.

وتیشی: به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو خۆشبه‌ختانه‌ تاوانه‌كان له‌ سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌میان كردووه‌، له‌وانه‌ش شه‌ڕكردن، دزیكردن و كوشتن ئه‌و رووداواونه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان تێدا كراوه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌زار و یه‌ك حاڵه‌ت.

سه‌باره‌ت به‌ كۆی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی له‌ سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سه‌ر تاوانی جۆراجۆر له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا ده‌ستگیر كراون به‌رزان عوسمان رایگه‌یاند: 606 كه‌س ده‌ستگیر كراون له‌و ژماره‌یه‌ش 569 كه‌سیان پیاون و 13 كه‌سیشیان ژنن، 24 كه‌سی تریشیان نه‌وجه‌وانن.

هاوكات وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شكرد، له‌ ماوه‌ی ساڵی 2018 دا ده‌ستبه‌سه‌ر 52 چه‌كی جۆراوجۆردا گیراوه‌ كه‌ 21 كڵاشینكۆف، 11 تاپڕ، 11 ده‌مانچه‌، 3 ده‌مانچه‌ی توركی، 4 سه‌مینۆف، یه‌ك بادی و یه‌ك ویزه‌. بوون.

M9sharazoor

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure