هەواڵ

-

دارایی لەبارەی رێككردنەوەی موچەوە زانیارییەكی گرنگ دەخاتەڕوو

4/21/2019 6:02:02 PM 15 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر داهاتی نەوتی هەرێم و رێككردنەوەی موچەی فەرمانبەران دێتە دەنگ و ئەندامێكی لیژنەكەش رایدەگەیەنێت: ئەگەر بەغداش پارە نەنێرێت، هەرێم دەتوانێت بە داهاتی نەوت، موچەی تەواوی فەرمانبەران بدات.

 

د.شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان راگەیاند: لەدابەشكردنی موچەدا هەرێمی كوردستان سێ مانگ لەدوای بەغداوەیە، بیانووی وەزارەتی داراییش ئەوەیە كە جیاوازی ئەو سێ مانگە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2018، ئەوكاتە بەغدا لەڕۆژی 20ی 3ی 2018 بڕی 317 ملیارەكەی رەوانەكرد، بۆیە ئەو دواكەوتنە تائێستاش بەردەوامە.
وتیشی: "وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێ، لەبەرئەوەی بەغدا سێ موچەكەی ساڵی (2018)ی نەناردووە، بۆیە ناچارە ئەو پارەیەی ئێستا مانگانە دەینێرێت، موچەی سێ مانگ پێش ئێستای پێبدات".
د.شێركۆ جەودەت ئاماژەی بەوەكرد كە ئەوان وەك پەرلەمان قەناعەتیان بەوە نییە هەموو داهاتی نەوتی هەرێم هەر ئەوەبێت كە دەدرێت بەوەزارەتی دارایی، كە مانگانە (378) ملیار دینارە، راشیگەیاند: ئێستا هەرێم رۆژانە 420 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، بۆیە بەداهاتی نەوتی هەناردەكراوو داهاتی ناوخۆ، ئەگەر پارە لەبەغداشەوە نەیەت دەتوانرێت موچەی تەواو بدرێت.
ئەو پەرلەمانتارە، باسی لەوەشكرد كە جگە لەو بڕە پارەیەی مانگانە دەدرێتە وەزارەتی دارایی، نازانرێت داهاتی نەوتی هەرێم چی لێدێت و بە شاراوەیی ماوەتەوە، وتیشی: تائێَستا هیچ بەڵگەیەك لەبەردەستدا نییە كە حكومەت ئەو بڕە پارەیەی داهاتی نەوت كە نایگەڕێنێتەوە بۆ دارایی، درابێتەوە بە قەرز، بۆیە دانەوەی قەرزەكانیش نادیارەو بەڕاپۆرتێكی دارایی چۆنیەتی دانەوەیان نەخستۆتەڕوو.

 

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure