هەواڵ

-

پاره‌ی‌ دوو مانگ به‌سه‌ر مامۆستایانی وانه‌بێژ دابه‌شده‌كرێت

4/23/2019 7:19:43 PM 13 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

وه‌زاره‌تی‌ دارایی، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی‌ پاره‌ی پێویست بۆ كرێی وانه‌بێژی‌ مامۆستایانی‌ زانكۆ ده‌دات و سه‌رۆكی‌ زانكۆی سه‌لاَحه‌دینیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌فته‌ی‌ داهاتوو پاره‌ی‌ مانگێكی‌ دیكه‌شیان بۆ خه‌رجده‌كرێت.

د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی، سه‌رۆكی‌ زانكۆی سه‌لاَحه‌دین ڕاگه‌یاند وه‌زاره‌تی‌ دارایی و ئابووری‌ حكومه‌تی هه‌رێم، رۆژی‌ 22ی 4ی 2019 ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی‌ پاره‌ی‌ پێویست بۆ ئه‌و مامۆستایانه‌ ده‌ربڕیوه‌ كه‌ به‌شه‌وانه‌یان له‌زانكۆكاندا وتۆته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ ئێستادا ده‌ستكراوه‌ به‌خه‌رجكردنی‌ كرێی وانه‌بێژی‌ بۆ مانگی‌ 10ی ساڵی رابردوو بۆ ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه‌ به‌گرێبه‌ست وانه‌ له‌زانكۆكه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌.
وتیشی:" چاوه‌ڕوانده‌كرێت سه‌ره‌تای‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتوو، پاره‌ی‌ وانه‌بێژی‌ مانگی‌ 11ی‌ 2018 بۆ مامۆستایانی‌ زانكۆ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ داراییه‌وه‌ ته‌رخان بكرێت.
سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر بڕیاربوو كرێی وانه‌بێژی‌ بۆ هه‌ردوو مانگی‌ 10 و 11ی 2018 به‌یه‌كه‌وه‌ خه‌رج بكرێت، به‌لاَم دواتر جیاكراوه‌ته‌وه‌و ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ته‌نها كرێی وانه‌بێژیی مانگی‌ 10 خه‌رجده‌كرێت و هه‌فته‌ی‌ داهاتووش كرێی مانگی 11ی ساڵی پار بۆ مامۆستایانی‌ زانكۆكه‌ خه‌رجده‌كرێت.
به‌وته‌ی د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی، ئه‌و مامۆستا گرێبه‌ستانه‌ی‌ زانكۆ، كه‌ به‌شه‌وانه‌یان وتۆته‌وه‌، له‌سه‌رداهاتی‌ ناوخۆ مانگانه‌ كرێی وانه‌بێژییان بۆ خه‌رجكراوه‌ و هیچ مانگێك دوانه‌كه‌وتووه‌و له‌كاتی‌ خۆیدا مانگانه‌ بۆیان خه‌رجكراوه‌ .
راشیگه‌یاند: ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ دارایییه‌وه‌ بۆمان ته‌رخانكراوه‌، بۆ مامۆستایانی‌ میلاك خه‌رجده‌كرێت و هه‌ركات پاره‌ی‌ دیكه‌مان بۆ ته‌رخانبكرێت، به‌سه‌ر مامۆستایاندا دابه‌شیده‌كه‌ین كه‌ زیاتر له‌ به‌شه‌وانه‌ی‌ خۆیان، وانه‌یان له‌ زانكۆ وتۆته‌وه‌.

 

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure