هەواڵ

-

بۆ ساڵی داھاتوو موچە بەم شێوەیە نابێت... پەیامێک لەداراییەوە

6/5/2019 5:35:26 PM 21 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لێدوانەکەی عادل عەبدولمەھدی لەبارەی رادەستنەکردنی نەوت، بە پەیامێک بۆ ھەرێم وەسفدەکات و ئەندامێکی لیژنەکەش رایدەگەیەنێت: ئەگەر ھەرێم لەمەلەفی نەوت نەیەتە پێشەوە، ناتوانین بۆ ساڵی داھاتوو ناردنی موچەی فەرمانبەران لەبودجەدا جێگیر بکەینەوە.

 

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند: وەکو ئەندامانی لیژنەی دارایی چەند جارێک رامانگەیاندووە، عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عیراق فشاری زۆری لەسەرە لەبارەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.

وتیشی: "ناکرێت لەماوەی شەش مانگی رابردوودا عیراق بەھەموو شێوەیەک ھاتۆتە پێشەوەو موچەی فەرمانبەرانی ناردووە، بەڵام ھەرێم نەوتی رادەستنەکردووەو پەیوەندییە نەوتییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا روون نییە".

راشیگەیاند: لەمەوداو دەستدەکرێت بەدانانی بودجەی ٢٠٢٠ی عیراق، بەڵام تائێستا روون نییە ھەرێم نەوت رادەست دەکات یان نا، بۆیە لێدوانەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراق پەیامێکە بۆ ھەرێمی کوردستان کە یان نەوت رادەست بکات یان لانیکەم رێککەوتنێکی نوێ بکەن بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بۆئەوەی روون بێت بۆ خەڵکی عیراق کە عادل عەبدولمەھدی لەسەر چ بنەمایەک موچە بۆ ھەرێم رەوانە دەکات.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەڵێت: "ئەگەر ھەرێم نەیەتە پێشەوەو لەسەر مەلەفی نەوت رێککەوتن نەکات، بەدڵنیاییەوە ساڵی دیکە ناتوانین ناردنی موچەی فەرمانبەران لەبودجەدا جێگیر بکەن، چونکە پەرلەمانتارە عەرەبەکان دەنگ بەو بڕگەیە نادەنەوە کە موچەی فەرمانبەران لەدەرەوەی رادەستکردنی نەوت جێگیرکراوە".

لەلایەن خۆشییەوە، فازڵ فەتلاوی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، "لەدوای جەژنی وەفدێکی باڵای حکومەتی ھەرێم و پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری نەوت و دارایی عیراق کۆدەبنەوە، بەمەبەستی دانانی میکانیزمێک و پابەندکردنی ھەرێم بەڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ بەغدا".

 

SNN : M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure