هەواڵ

-

واده‌ی‌ ناردنی‌ پاره‌ی‌ موچه‌ له‌به‌غداوه‌ ئاشكراكرا.. 23ی‌ مانگ كۆتایی دێت

6/8/2019 5:45:01 PM 5 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریی حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌موو جۆره‌ خشته‌یه‌كی تایبه‌ت به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌مێدیاكانه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌، به‌وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش له‌دوای 13ی مانگه‌وه‌ پاره‌كه‌ی به‌غدا ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت و بڕیاریشدراوه‌ له‌ماوه‌ی نێوان (5 بۆ 23)ی هه‌موو مانگێك كۆتایی به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ بهێنرێت.

 

به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ وه‌زاره‌تی‌ داراییه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوه‌، تائێستا ته‌نها فه‌رمان دراوه‌ به‌گه‌نجینه‌كانی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ 9ی 6ی 2019 موچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و دارایی دابه‌شبكه‌ن.

ئه‌وه‌شی‌ وت:"تا پاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان كه‌ بڕه‌كه‌ی 378 ملیار دیناره‌ له‌به‌رده‌ست بێت، موچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ش له‌م هه‌فته‌یه‌دا دابه‌شده‌كرێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ چاوه‌ڕێی پاره‌كه‌ی به‌غدا ده‌كرێت بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌".

به‌وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی، "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریی خشته‌ی موچه‌ بڵاوناكاته‌وه‌، به‌ڵكو ڕۆژانه‌ یان چه‌ند ڕۆژ جارێك گه‌نجینه‌كانی هه‌رێم له‌دابه‌شكردنی موچه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كان ئاگادارده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و خشتانه‌ی كه‌ له‌مێدیاكانه‌وه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، ڕاست نییه‌و ته‌نها گاڵته‌كردنه‌ به‌خوێنه‌ر".

هه‌ر به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كانی‌ سه‌رچاوه‌كه‌، وه‌زاره‌تی دارایی بڕیاریداوه‌ ڕۆژانی 5ی هه‌موو مانگێك ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ بكات و ڕۆژی 23ی هه‌موو مانگێكیش كۆتایی پێبهێنێت.

له‌باره‌ی پاره‌كه‌ی به‌غداشه‌وه‌ ئاشكرایكرد، "ئه‌و پاره‌یه‌ بڕه‌كه‌ی 452 ملیار دیناره‌و له‌دوای 13ی مانگه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت".

 

SNN :M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure