هەواڵ

-

كێشه‌ داراییه‌كانی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت

8/30/2019 5:00:45 PM 64 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌میانی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌، بڕیاریدا به‌شێك له‌ كێشه‌ داراییه‌كانی زانكۆ چاره‌سه‌ربكات، دوپاتیشیكرده‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بێت درێغی ناكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بوی به‌شێكی له‌ خه‌می هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان بده‌ینه‌وه‌.

له‌درێژه‌ی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ مه‌یدانییه‌كانی د. ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌مه‌به‌ستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون و گوێگرتن له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ 29-8-2019، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌ و، به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد و، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاری چاره‌سه‌ری پێویستی بۆ كێشه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی زانكۆكه‌ی دا.

له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌دا، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ڕاوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی و ڕاگری كۆلێژه‌كانی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماده‌یبوون، د. دانا عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ و مامۆستایانی زانكۆ به‌خێرهاتنی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و وه‌فدی وه‌زاره‌تی كرد و، سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ گرنگ وه‌سفكرد بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربون له‌ دۆخی خوێندنی باڵا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و، گوێگرتن له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی زانكۆ و چاره‌سه‌ركردنیان، هه‌روه‌ك ئاماژه‌شی به‌ زیادبونی چالاكییه‌ زانستییه‌كانی زانكۆكه‌یان كرد به‌تایبه‌ت به‌رزبونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌كان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، د. ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ وته‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیمان بۆ سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌ و، به‌شداریمان له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ، بریتیه‌ له‌ گوێگرتن له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی زانكۆ و، هه‌وڵدان بۆ دانانی میكانیزمێكی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و كێشانه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتماندایه‌، بۆ ئه‌وه‌ش له‌ وه‌زاره‌ت درێغی ناكه‌ین بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئاست ئه‌و زوڵم و سته‌مانه‌ی له‌سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس له‌و شاره‌ كراوه‌، بتوانین به‌خزمه‌تكردن كه‌مێك له‌و ئازاره‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌.

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتیشی بۆ من و هه‌موانیش هه‌ڵه‌بجه‌ مێژویه‌كی گرنگ و پێگه‌یه‌كی پر بایه‌خی بۆ گه‌له‌كه‌مان هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌رچیمان بۆ بكرێت ناتوانین به‌ ته‌واوه‌تی قه‌رزی هه‌ڵه‌بجه‌ بده‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش درك به‌ ماندووبن و هه‌وڵی مامۆستاو فه‌رمانبه‌رانی زانكۆكه‌تان ده‌كه‌ین و، له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ هه‌وڵ بۆ پێشخستنی زانكۆكه‌تان ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت باشتر له‌ رابردوو به‌رده‌وام بین له‌ پێشخستنی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی هه‌موومانه‌ بایه‌خی زیاتر به‌ زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ بده‌ین و، هه‌وڵ بۆ پێشخستنی توانا زانستی و ئه‌كادیمییه‌كانی زانكۆ بده‌ین.

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا، له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌، د. ئارام محمد قادر تیشكی خسته‌ سه‌ر ڕه‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و وتی: شاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هۆی قوربانییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بۆته‌ شارێك، كه‌ خاوه‌ن پێگه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌دڵ و به‌گیان هه‌موو هه‌وڵێكمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ین به‌ زانكۆیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و، له‌سه‌ر ئاستی جیهانی خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی گرنگ بێت له‌ نه‌خشه‌ی ئه‌كادیمی جیهانی.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ڕاوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی وه‌زاره‌ت و، سه‌رجه‌م ڕاگره‌كانی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌، پێشنیاز و بۆچونی خۆیان له‌باره‌ی كاروباره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ زانكۆ و پلانی كاكردن و داواكارییه‌كانیان خسته‌ڕو.

هه‌ر له‌ په‌راوێزی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌، د. ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژماریه‌ك له‌ مامۆستا و خوێندكار كۆبووه‌و، له‌ داواكاری و پێداویستییه‌كانی كۆڵییه‌وه‌و، به‌پێی یاساو ڕێنماییه‌كان بڕیاری چاره‌سه‌ركردنی پێدان.

M9sharazoor : ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure