هەواڵ

-

ناوی كاندیدی لایەنەكانەكان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ دەكرێن

9/5/2019 7:06:04 PM 210 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیەنێت: رۆژی یەكشەممەی داهاتوو ناوی كاندیدی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەكەن.

كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێكیدا رایگەیاند: ناوی تەواوی كاندیدی لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا گەیشتوونەتە دیوانی پارێزگا.

راشیگەیاند: بەپێی بەركەوتەی لایەنەكان لە ئەنجومەنی پاریزگای هەڵەبجە، یەكێتیی 6 كاندید و بزووتنەوەی گۆڕان 5 و پارتی 3 و یەكگرتوو 4 و كۆمەڵ 3 و بزوتنەوەی ئیسلامی 2 و هاوپەیمانی"شیوعی و سۆسیالیست و زەحمەتكێشان" 1 و كۆتایی كاكەییەكان 1 كاندیدیان بەردەكەوێت.

وتیشی: بڕیارە رۆژی یەكشەممە بەمەبەستی وردبینیکردن، ناوی كاندیدەكان بە نووسراوی رەسمی رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بكرێن و دوای وردبینیكردنیش ناوەكان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێن بە مەبەستی دامەزراندنیان تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم.

كاوە عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دوای تەواوبوونی كارەكانیان ئەو ئەندامانە خانەنشین ناكرێن و دەگەڕێنرێنەوە سەر كارەكانی پێشوویان.

 M9sharazoor : Kurdsat News

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure