هەواڵ

-

بڕیارێكی حكومه‌ت كێشه‌ی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

9/8/2019 4:47:41 PM 145 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌واوی داهاته‌كان و ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی، كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و بریكاری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاریش رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و بڕیاره‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی دروست ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌زوویی چاره‌سه‌ر نه‌كرێت.

 

به‌پێی بڕیارێكی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌مه‌ودوا داهاتی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنی (گشت خه‌رجییه‌كانی موچه‌، نه‌سریه‌ی گشتی فه‌رمانگه‌كان، ئێشكگری، كرێی مانگانه‌، چاپكردن، هێڵی ئینته‌رنێت، كڕینی ده‌رمان و گشت خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی.

خه‌سره‌و كه‌مال، بریكاری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێم راگه‌یاند: به‌پێی ئه‌و فه‌رمانه‌، ده‌بێت بۆ هه‌موو خه‌رجییه‌ك ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی دارایی وه‌ربگیرێت، ئه‌مه‌ش لێدانێكی گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و ئه‌گه‌ر زوو چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، كێشه‌ بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی دروست ده‌كات.

وتیشی:" پێشتر ئه‌گه‌ر له‌شاره‌وانییه‌كان یان فه‌رمانگه‌كانی ئاوی پارێزگانه‌وه‌ پڕۆژه‌یه‌كی گرنگ هه‌بوایه‌، ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌ت ده‌كراو دوای پێداچوونه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌درا، به‌ڵام ئێستا ده‌بێت له‌وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ ره‌زامه‌ندی وه‌ربگیرێت".

به‌وته‌ی خه‌سره‌و كه‌مال، له‌ئێستادا گه‌ڕانه‌وه‌ی داهات بۆ شاره‌وانی فه‌رمانگه‌كان ئاو راگیراوه‌، كه‌ پێشتر 17%ی داهاتی شاره‌وانییه‌كان و 20%ی داهاتی فه‌رمانگه‌كانی ئاو بۆ خۆیان بوو.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌، لیوا رزگار عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هاتوچۆی هه‌رێم راگه‌یاند: تاوه‌كو ئێستا هیچ فه‌رمانێكمان بۆ نه‌هاتووه‌ له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی داهات بۆ وه‌زاره‌تی دارایی، به‌ڵام خه‌رجییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی هاتوچۆ له‌مه‌دوا له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ ده‌بێت.

 

SNN : M9sharazoor 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure