هەواڵ

-

وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی هاوڵاتیان که‌ڕۆژانه‌ ده‌رباره‌ی پاسپۆرت ده‌یکه‌ن

9/10/2019 6:26:42 PM 160 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

ڕۆژانە ھاوڵاتیانی خۆشەویست پرسیار لەسەر پاسپۆرت دەکەن
بۆیە لێرەدا بە شێوەی پرسیار و وەڵام ھەوڵ دەدەین ھەموو وەڵامەکان بدەینەوە

بۆ دەرھێنانی پاسپۆرت چی پێویستە؟

• کارتی نیشتیمانی و کارتی زانیاری و یەک ڕەسم وە ئەگەر ھاوڵاتیەکە کارتی نیشتیمانی نەبێت ئەوکات تەسکەرەو جنسیەو کارتی زانیاری و یەک رەسم.

لە تەمەنی چەندەوە پێویستە رەگەزنامەی ھەبێت؟

• منداڵ کاتێک (١٠) ساڵ تەواو دەکات دەبێت رەگەزنامەی ھەبێت واتە ئەگەر( ١-٩-٢٠٠٩ لە دایک بوبێت و ٢-٩-٢٠١٩ ) مامەڵەی پاسپۆرت پێشکەش بکات دەبێت رەگەزنامەی ھەبێت.

منداڵەکەم (١٠) ساڵی تەواو کردووە بەڵام نفوسەکەمان بووە بە کارتی نیشتیمانی و چەند مانگێکی پێ دەچێت تا کارتی نیشتیمانیەکە وەردەگرینەوە چی بکەین؟

• زۆر ئاساییە سەردانی کارتی نیشتیمانی بکەن مامەڵەکە پێشکەش بکەن کاتێک تەواو بوون ئەفسەری رەگەزنامە پێتان دەڵێت چاوەڕێ بکەن تا کارتە نیشتیمانیەکە دێتەوە بۆتان لە بەغدا، ئێوەش لەو کاتەدا داوای (صورە قید)ی ئەلکترۆنی بکەن و دەتاندەنێ بەو صورە قیدە ئەلکترۆنیە لە پاسپۆرت کارەکەتان بۆ دەکرێ و حسابی کارتە نیشتمانیەکەی بۆ دەکرێت.

من باوکم موالیدی ١٩٦٠ یە ئایا پێویست دەکات بێم لەگەڵی بۆ پەنجە مۆر؟

• ئەو کەسانەی موالیدیان لە خوار ١٩٦٠ ە واتە موالید ٥٩ و ٥٨ و بەرەو خوار پێویست دەکات کوڕێکی یان کچێکی یان خوشکی یان برای یان نزیکترین کەسی پەنجە مۆری بۆ بکات ئەمەش بۆ کار ئاسانی ھاوڵاتیەکەیە چونکە مرۆڤ کە دەگاتە تەمەنێک پەنجە مۆرەکەی جوان ناخوێنێتەوەو لە ڕۆژی وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکەی پەنجە مۆرەکەی مطابق نابێت ئەوکات کێشەی بۆ دروست دەکات بۆ وەرگرتنەوەی، بەڵام کاتێک کەسێکی نزیکی موالید سەروو ١٩٦٠ پەنجە مۆری بۆ ئەکات مطابق دەبێت کار ئاسانیە بۆ بەتەمەنەکە کە ڕۆژی وەرگرتنەوە کەسەکەی دەتوانێ بۆی وەربگرێتەوە.

تێبینى:
ئەگەر هاوڵاتییەک نەخۆشى هەبوو، پەنجەمۆرى ناخوێندرێتەوە پێویست دەکات ئەگەر گەنجیش بێت کەسێکى نزیکى لەگەڵ خۆى بهێنێت بۆ پەنجەمۆر کەپێویست دەکات کەسە نزیکەکە پێناسى بارى شارستانى یان کارتى نیشتمانى لەگەڵ خویدابهێنێت ، وە زۆرکات ئەو کەسانەى نەخۆشى ( شەکرە و فشارى خوێن و پێست) یان هەیە پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە تەنانەت هەندێ جارکەسەکە نانى نەخواردووە و برسی بێت پەنجەمۆرى نایخوێنێتەوە.

منداڵی خوار ١٨ ساڵ پێویستی بە پەنجە مۆری بەخێوکەرە ؟

• بەڵێ دەبێت باوکی منداڵەکە لە پاسپۆرت ئامادە بێت بۆ پەنجە مۆر بۆ منداڵەکەی وە ھەر باوکەکە پاسپۆرتی منداڵەکەی وەردەگرێتەوە.

لە چ حاڵەتێکدا دایک دەتوانێت پەنجەمۆر بۆ منداڵەکانى بکات؟

• تەنھا لە یەک حاڵەتدا دایکەکە دەبێت بە ولی ئەمری منداڵەکە کە مێردەکەی عێراقی نەبێت.

ئەی ئەگەر باوکەکە ئامادە نەبوو؟

بۆ چارەسەری ئەم بابەتە دەبێت یەکێک لەم خاڵانە جێبەجێ بکەین:
١ - ئەگەر باوکەکە مردبوو دايكەکەى یان ئەو کەسەی منداڵەکە بەخێو دەکات سەردانی دادگای باری کەسێتی دەکات بۆ ئەوەی ( حجە الوصایە ) دەربکات . لەو کاتەدا دادگا حجە الوصایەی دائمی بۆ بەخێوکەری ئەو منداڵە دەکات...ئیتر دایکەکە یان ئەو کەسەی حجە الوصایەکەی بۆ دەکرێت دەتوانی پەنجە مۆر بۆ منداڵەکە بکات لە پاسپۆرت و دەبێتە ولی ئەمر

٢- لە حاڵەتی جیابوونەوەی ژن و مێرد کاتێ منداڵەکە لای دايكى بێت:
ا- ئەبێت باوکەکە ئامادە بێت لە پاسپۆرت بۆ پەنجە مۆر بۆ منداڵەکەی .
ب - ئەگەر باوکەکە ئامادە نەبوو بێت پەنجە مۆر بۆ منداڵەکەی بکات لەو کاتەدا دایکەکە دەچێت بۆ دادگا داوای (حجە الوصایە) كاتى دەکات و دواتر بەو حجە الوصایە دایکەکە دەبێت بە ولی ئەمر دەتوانێ پەنجە مۆر بۆ منداڵەکەی بکات.

٣ - ئەگەر باوکەکە وەکالەتێکی خاص لای (کاتب عدل) بۆ دایکەکە یان ھەر کەسێکی تر بکاتەوە بۆ دەرھێنانی پاسپۆرت بۆ مناڵەکەی ئەوا ئەو کاتە ئەو کەسەی وەکالەتەکەی بۆ کراوەتەوە پەنجە مۆر بۆ منداڵەکە دەکات.

٤- (حجە حضانە) پاسپۆرتی پێدەرناکرێت تەنھا لەیەک حاڵەتدا ، ئەویش ئەگەر بەڕێز دادوەرەکە بە شێوەیەکی صریح لەسەر حجە حضانەکە بنوسێ دایکەکە دەتوانی پاسپۆرت بۆ مناڵە ناکامەکانی دەربکات .

٥- ئەگەر باوکەکە (وكالة) عامەیەکی دەرکردبێت بۆ ژنەکەی یان بۆ کەسێکی تر و خۆی ڕۆیشتبێت بۆ دەرەوەی وڵات لەو کاتەدا دەبێت ئەو کەسەی (وكالة)کەی بۆ کراوەتەوە سەردانی (کاتب عدل) بکات بەو عامەیە وەکالە خاصەیەک بۆ کەسێکی تر بکاتەوە ئەو کات بەو وەکالەتە خاصە دەتوانێ ببێت بە ولی ئەمر بۆ دەرھێنانی پاسپۆرت بۆ منداڵەکەی..لەبەر ئەوەی بە پێی ڕێنمایی پاسپۆرتی گشتی بغداد کار بە (وكالة) ی عامە ناکرێت و تەنھا کار بە وەکالەتی خاصە دەکرێت.

٦ - کاتێک باوکەکە چۆتە دەرەوەی وڵات و (وكالة) بۆ کەس نەکردۆتەوەو ئێستا مندڵەکانی پێویستیان بە پاسپۆرتە..؟

• لەم کاتەدا دەبێت باوکەکە سەردانی سەفارەتی عێراق لەو ولاتە بکات و (وكالة)ێکی خاص بۆ کەسێک بکاتەوە...وە ئەو کات ئەو وەکیلە دێتە پاسپۆرت نوسراوی بۆ دەکرێت بۆ پاسپۆرتی گشتی لە بغداد لە ناوچەی کەڕادە ٥٢ وە لەوێوە نوسراوی بۆ دەکەن بۆ وەزارەتی دەرەوە بۆ تەصدیق کردنی وە دواتر دەیباتەوە بۆ پاسپۆرتی گشتی و ئەوکات دێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی شاری خۆی...وە دەبێت ئەو کەسەی خۆی وەکالەتەکەی کردۆتەوە بچێت بۆ بغداد

رەگەزنامەکەم کۆنە کاری پێدەکرێت؟
• بەلێ ھەرچەند کۆن بێت ئاساییە بە مەرجێ نەدڕابێت و وێنەکەی لێنەبوبێتەوەو مۆرەکانی کاڵ نەبوبێتەوە لەگەڵ نوسینەکانی.

پاسپۆرت چەند ڕۆژی پێ دەچێت تا تەواو دەبێت ؟

• لە دوای پەنجە مۆر و وەرگرتنی مامەڵەکەت لەئێستادا مانگ و نیوێکی پێدەچێت ، بەڵام ئەم حاڵەتەدەگۆڕیت بەپێی بوونى دەفتەرى پاسپۆرت کە لە بەغداوە رێژەى چەند دەگات بە بەڕێوەبەراییەتییەکان کات هەبووە لەماوەى سێ ڕۆژدا هاوڵاتى بووە بە خاوەنى پاسپۆرت.

بۆ ئەوەندەی پێدەچێت؟

• لەبەر ئەوەی جاران ئەم پاسپۆرتە لە ئەڵمانیا چاپ دەکرا کاتێ عێراق داوای دەکرد چەند ملێۆنێکی بۆ چاپ بکەن بە زوترین کات چاپ دەکراو دەگەیشتە عێراق وە بەڕێوەبەرایەتی شارەکان دەچوون لە بغداد ٧٥ ھەزاریان بە یەک جار دەھێناو بەشی چەندین مانگی دەکرد وە کە کەمی دەکرد دیسانەوە دەچون بۆ بغداد چەند ھەزاری تریان ھێنا بەڵام لە ١-١-٢٠١٩ ەوە حکومەتی عێراق ئەو کارگەی دروست کردنی پاسپۆرتەی کڕیەوە ھێنای کە فڕۆکەخانەی بغداد دایناو خۆی دەستی کرد بە دروست کردنی بۆیە لە سەرەتادایە ناتوانێت ژمارەیەکی زۆر چاپ بکات و دەفتەری پاسپۆرت لە عێراق کەم بووە و کاتێ بەڕێوەبەرایەتیەک دەچێت داوای پاسپۆرت بکات بۆ شارەکەی لە ٣٦٠٠ سێ ھەزار و شەش سەد پاسپۆرتی زیاتر نادەنێ...

ئەم کەم بونەوەیە تەنھا شارە کوردستانیەکانە؟

• نەخێر لە ھەموو عێراق وەک یەکە و دەفتەری پاسپۆرت کەم بۆتەوە

کاتێ پاسپۆرت دەرئەکەم پارە چەندی تێدەچێت؟

• بە پارەی چەک و فایل و فۆڕمی پڕکردنەوەی پاسپۆرت و ئیستینساخەوە نزیکەی ۳٥ ھەزاری تێدەچێت.

باشە لەسەر چەکی پاسپۆرتەکە نوسراوە ٢٥ ھەزار بەڵام نزیکی ٣٠ ھەزاریان لێ وەرگرتم؟

• لەبەر ئەوەی ئەو بانکە بۆ ھەر چەکێک دەبێت ٢٥ ھەزار بگەیەنێتە بەغداد بۆیە ئەو زیادەیە عمولەی بانک و رسم طابعە لەبەر ئەوەی ئەو بانکە خۆی ئەو چەکە چاپ دەکات و کارمەندی بۆ دا ئەنێ و شوێنی بە کرێ دەگرێت ئەو زیادەیە بانکەکە ھەڵی دەگرێت و پەیوەندی بە پاسپۆرتەوە نیە.

ئەگەر پاسپۆرتەکەم بەسەر بچێت غرامە دەکرێم؟

• نەخێر بە ھیچ جۆرێک غرامە ناکرێیت.

کەی ئەتوانم پاسپۆرتەکەم تازە بکەمەوە؟

• ئەگەر لە ساڵێک کەمتری تیابوو دەتوانی داوای تازە کردنەوەی بکەیت بۆ نموونە پاسپۆرتەکەو ٢-٩-٢٠٢٠ بەسەر دەچێت تۆ دەتوانی لە ٣-٩-٢٠١٩ ەوە بە دواوە داوای نوێ کردنەوەی بکەیت.

پاسپۆرت چەندی ماوە تێدا مابێ دەتوانی سەفەری پێبکەیت؟

ئەگەر لە شەش مانگ کەمتری تێدا مابێت ناتوانی سەفەری پێبکەیت و دەبێت نوێی بکەیتەوە...ئەمەش وەک عورفێکی دوەلیە چونکە گریمان پاسپۆرتەکەو مانگێکی تێدا ماوە دەچیتە وڵاتێک کەسەکە لەو وڵاتە توشی حادیسەیەک دەبێتەوە دەچێتە غەیبوبەوە مانگەکە تەواو دەبێت و کەسەکە چاک نابێتەوە ئەوکات پاسپۆرتەکە بەسەردەچێت بۆیە ھاولاتیەکەو ئەو ولاتەش لەو کاتەدا توشی کێشە دەبن چونکە پاسپۆرتەکی بەسەرچووە چۆن بینێرنەوە لە کاتێکدا بە پاسپۆرتی بەسەرچوو ناتوانی سەفەر بکەیت..یان تاوانێک ئەنجام بدەیت و لەو وڵاتە زیندان بکرێیت و پاسپۆرتەکەو بەسەر بچێت... بۆیە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە تووشی ئەو حاڵەتانە نەبێت پاسپۆرتێ لە ٦ مانگ کەمتری تیا بێت ڤیزای ناداتێ و ناھێڵێ داخلی ولاتەکەی ببیت.

بۆ پاسپۆرتەکەی خۆم بۆ ھەشت ساڵە بەس پاسپۆرتی مناڵەکەم بۆ چوار ساڵە؟

* بۆ تەمەنی سەروو ١٥ ساڵ بۆ ماوەی ٨ ساڵە، بەڵام بۆ خوار ئەم تەمەنە بۆ ماوەی چوار ساڵە، لەبەر ئەوەی گەشەی مناڵ خێرایەو بە زوویی گۆڕانکاری لە شیوەیدا ڕوو دەدات.

من پاسپۆرتەکەم چەند ساڵێكی تێدا ماوە بەس حەز دەکەم بیگۆڕم دەتوانم؟


• ئەصڵ ئەوەیە لە ساڵێ كەمتر ئینجا دەتوانی داوای نوێ کردنەوەی بکەیت ، بەڵام ڕێنماییەک ھەیە ناوی (حسب الرغبە ) یە لەو کاتەدا کە لە ساڵێکی زیاتر تێدایە و دەتەوێ بیگۆڕیت ئەوا چەکێکی ٢٠٠ دووسەد ھەزاری دەبڕی و بۆت دەگۆڕێت.

من ئیشێکی خێرام بۆ دروست بووەو پێویستە بە زوترین کات ببمە خاوەنی پاسپۆرت چیبکەم؟

• ڕێنمایەکی تر ھەیە ناوی ( الخدمە السریعە ) یە دەتوانی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر بۆ ٤٨ کاتژمێر ببیت بە خاوەنی پاسپۆرت بە بڕینی چەکێکی ٢٥٠ ھەزار دیناری

من ساڵانە زۆر سەفەر دەکەم زوو پاسۆرتەکەم پڕ دەبێتەوە ، کەی دەتوانم داوای نوێ بونەوەی بکەم؟

• پاسپۆرتی عێراقی ٤٨ لاپەڕەیە ..کاتێک گەیشتیتە لاپەڕە ٤٤ و ٤٥ ی پاسپۆرتەکەو واتە ئەو دوو پەرەیە فیزا و دخولیەو خروجیەی پێوە بوو دەتوانی داوای گۆڕینی پاسپۆرتەکەو بکەیت چەند ساڵیشی تێدا مابێت ئاساییە...

پاسپۆرتەکەم تێکچووە ( تلف ) بووە یان لێم وون بووە چیبکەم؟

تێکچوون و وونبوون یەک ئیجرائاتی ھەیە..ھاوڵاتیەکە سەردانی پاسپۆرت دەکات نوسراوی بۆ دەکەن بۆ پۆلیسی وونبووەکان ( ناونیشانی پۆلیسی وونبوەکان/ بینای پێشووی خانوبەرەی سلێمانی / تەنیشت مەحکەمەی کۆن )
پاشان لەوێشەوە دوای تەواو بوونی دەینێرن بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی یەک کە لە ناو بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕدایە بەرامبەر ماسی دەباشان ..

وە جەنابی دادوەر ئەگەر زانی بەھۆی کەمتەرخیەوە پاسپۆرتەکەو وای لێھاتووە بە پێی یاسای پاسپۆرت غرامەی دەکات بە بڕی ٢٥٠ ھەزار وە ئەگەر زانی بە ھۆکارێکی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی وای لێھاتووە غرامەی ناکات نموونە ماڵەکەی سوتاوە و پاسپۆرتەکەش لەوێ بووە ئەویش بە سەلماندن ئەبێ لە لایەن ئەفسەری پۆلیسی بەرگری شارستانییەوە..
دواتر دێتەوە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت و کارەکەی بۆ دەکرێت...

ئەی ئەگەر بۆ جاری دووەم ونی بکەم یان تەلەف ببێت سزاکەی چیە؟

سزاکەی غرامە دەکرێیت کەمتر نەبێت لە ٢٥٠ ھەزار و زیاتر نەبێت لە ملێۆنێک....وە تا دوای سێ مانگ لە بەرواری دەرچونی قەراری دادگاوە پاسپۆرتی پێنادرێت...تەنھا وەزیری ناوخۆی عێراق دەسەڵاتی ھەیە ئەو سێ مانگە لا بدات بۆ ھاوڵاتیەکە...

ئامادەکردنی:
نەقیبی مافپـــەروەر
ھاوژیــن عبداللە احمد

 

M9sharazoor

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure