هەواڵ

-

10 ترلیۆن دیناری خانەنشینان دیار نییە

2/5/2020 8:32:54 PM 143 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

سیانزە ساڵە بڕی ٧%ی مووچەی هەر فەرمانبەرێک بۆ سندووقی خانەنشینی وەردەگیرێت، بەڵام ئێستا ئەو سندووقە بوونی نییە و ئەو پارەیەش کە لە ماوەی ئەو سیانزە ساڵەدا لە فەرمانبەران کۆکراوەتەوە بە دە ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت.

بە پێی ماددەی 16ی یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006ی تایبەت بە سندووقی خانەنشینیی فەرمانبەران مانگانە بڕی ٧% لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت بۆ خانەنشینی، بەڵام زیاتر لە 13ساڵە ئەو یاسایە دەرچووە و تەنها ماددەیەک کە لێی جێبەجێ کرابێت گێڕانەوەی پارەکەیە لە فەرمانبەران و ناشزاندرێت ئەو پارەیە چی لێ کراوە.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان وتی: ״بە داخەوە ئەو سندووقە تەنها لە یاساکەدا هەیە، ئەمە شەرمەزارییە بۆ حكومەتی هەرێم كە پارە لە فەرمانبەران ببڕێت، بەڵام نەتوانێت ئەو پارە لەو سندووقە هەڵبگرێت.״

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت: ״بە پێی یاساکە مانگانە ٧% لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت بۆ ئەو سندووقی خانەنشینییە، هەروەها دەبێت حكومەت خۆشی ١٢%ی ئەو پارە بخانە ناو ئەو سندووقە، بەڵام نەك ئەوەی دانەناوە، بەڵكوو ئەوەی فەرمانبەرانیش گەڕاوەتەوە وەزارەتی دارایی و كەس نازانێت چی لێ هاتووە.״

بە پێی ئەو ئامارەکان لە هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن و 250 هەزار مووچەخۆر هەن، كە 244 هەزاریان خانەنشینن، واتە یەك ملیۆن و 6 هەزار مووچەخۆر هەن، كە بە پێی یاسا خانەنشینی ٧% لە مووچەکانیان دەبڕدرێت.

ئەگەر بۆ هەر مووچەخۆرێک یەک ملیۆن دیناری مانگانە دیاری بکرێت، ئەوا مانگانە هەر فەرمانبەرێک ٧٠ هەزار دیناری لێ دەبڕدرێت و مانگانەش دەکاتە ٧٠ ملیار و ٤٢٠ ملیۆن دینار. لە ساڵی ٢٠٠٦یشەوە تا ئێشتا کە حکومەت ئەو پارەیەی وەرگرتووە، ئێستا نزیکەی دە ترلیۆن دینار لەو سندووقەدا دەبوو کە حکومەت بە کاری هێناوە.

هەمان سندووق لە حکومەتی عێراقیدا هەیە و ئەو پارەیەی لە فەرمانبەران دەگێڕدرێتەوە دادەندرێت و ئێستا ئەو سندووقە هێندە دەوڵەمەندە حکومەت لە کاتی پێویستدا وەک قەرز پارەی لێ ڕادەکێشێت.

ئەرشەد حسێن، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان وتی: ״ئەو پارەی كە لە فەرمانبەران بڕدراوە چووەتەوە وەزارەتی دارایی و خراوەتەوە سەر میزانییەی حكومەت، چونكە سندووقەكە بە عەمەلی كارا نەبووە، بەڵام لەمەودوا ئەو سندووقە كارا دەبێت و دەبێت ئەو پارە لەو سندووقەدا دابنرێت.״

ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم ڕۆژی 12ی ئەم مانگە لە پەرلەمان ئاماژەی بەوە كرد، كە سندووقی خانەنشینی پارەی تێدا نییە و حكومەت بۆ مووچە بە كاری هێناوە، لە كاتێكدا كە ئەو سندووقە وەك پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەری خانەنشینیی هەرێم ئاماژەی پێ دەكەن بوونی نییە.

حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێم بۆ  وتی: ״ئەو سندووقە لە یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006 بڕیاری لەسەر دراوە، هەر بە پێی ئەو یاسایەش پارە لە فەرمانبەران بڕاوە، بەڵام سندووقەكە بوونی نییە، بەڵام لەم نزیكانە ئەو سندووقە دادەمەزرێت و پارەی دەخرێتە ناو.״

وتیشی: ״پارەکە هەر لە خەزێنە ماوەتەوە و دواتر حکومەت بۆ مووچە و خەرجیی حکومەت بە کاری هێناوە.״

PUKm9sharazoor ئاژانس

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure