هەواڵ

-

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سول و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق

2/11/2020 4:36:30 PM 103 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11-2-2020 له‌ شاری سلێمانی، كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی له‌ محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ (مه‌لا به‌ختیار، عه‌دنان موفتی، د. ئه‌رسه‌لان بایز، حاكم قادر حه‌مه‌جان، شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا) ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و عیماد ئه‌حمه‌د و حاجی مه‌سیفی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی گشتی ئاماده‌ی بوون، گفتوگۆ كرا له‌باره‌ی دۆخی عێراق و ناوچه‌كه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.

په‌یوه‌ست به‌دۆخی عیراق كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی ڕایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ دۆخی عیراق ئارام بێت و داخوازییه‌ ڕه‌واكانی خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بكرێ و خزمه‌تگوزاری زیاتر پێشكه‌شی هاونیشتمانیان بكرێ.

ڕاسپاردنی كاندیدی نوێی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه‌ بوو، هه‌ردوولا به‌وردی گفتوگۆی ئه‌م قۆناغه‌یان كردو جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی عیراقی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی عیراق بێ و مافه‌كانیان تیا پارێزراو بێ.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی وتیشی وه‌ك یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پشتیوانی له‌و كابینه‌یه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ماف و داخوازییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی كورد جێبه‌جێ بكا و له‌سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و گفتوگۆ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان بپارێزێ.

به‌شێكی تری دیداره‌كه‌ گفتوگۆكردن بوو له‌باره‌ی دۆخی عیراق له‌ هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ پێویسته‌ بازنه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر فراوان بكرێ و كۆتایی به‌ هه‌موو جووڵه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانیان بهێنرێ له‌عێراق و ناوچه‌كه‌.

PUKmedia نووسینگه‌ی ڕۆژنامه‌وانی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ

وێنه‌/  هاوژین شه‌ریف

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure