هەواڵ

-

روناک فەرەج: پێویستە ژنان وەک پیاو رۆڵ ببینین لەگەشەپێدانى ئابوری خێزاندا

هەورامان، شاهۆ هەورامى
8/4/2013 4:49:24 AM 625 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

رووناک فەرەج ناسراو بەروناک هەورامى، ناوى ئەو خانمە کوردەیە، کەپاش چەندین ساڵ لەژیانى تاراوگەو نیشتەجێبوونى لەوڵاتى سوید، لەئێستادا لەوێستگەیەکى تری کارەکانیدا، دواى گەرانەوەى بۆ نیشتمان و زیدی باوباپیرانى، لەهەوڵێکى کەموێنە و نامۆ بەژیان و کلتوری کۆمەڵگەى کوردەواریی، کەبابخانەیەک لە گوندی خەرپانى دەکاتەوەو وەک وەستاى کەباب، دەگاتە لوتکەى وەستا باشەکانى کەباب لەناوچەکە.
ڕوناک فرج لەئێستادا لەگوندى خەرپانى ناوچەى هەورامان سەرقالی کەبخانەکەیەتى و رۆژانە دەیان هاوڵاتى لەناوچە جیاوازەکانى هەڵەبجەو هەورامان و شارەزوورەو بۆ خواردنى کەباب روو لەخەرپانى دەکەن.
وەستا روناکی کەبابچی بەدەم کەباب لێدان و بەرێکردنى مشتەرییەکانییەوە بۆ m9sharazoor دواو وتى: تواناکانى ژنان هیچى کەمتر نیە لەتواناکانى پیاو، هەرچەندە لەکۆمەڵگەى کوردیدا کەبابچى دەبێت پیاوبێت بەڵام من کردوومە بەکارێکى ژنانە و شانازیشى پێوەدەکەم، من دەمەوێت لەم ڕێگەیەوە خزمەت بکەم و تواناکانى خۆم دەربخەم.
سەبارەت بە هەڵبژرادنى کارەکەى ورێگریەکانى بەردەمى، ڕووناک هەورامى ووتى: بەربەستێکى گەورە هەبوو لەبەردەم ژناندا لە هەورامان بەڵام من ئەو بەربەستەم شکاند، من لەسەرەتاى دەستپێکى ئەم کارەدا ڕێگیرى زۆرم بۆ دروستبوو، بەتایبەتى قسەو قسەلۆکى خەڵک.
وەستا روناکی کەبابچی لەکۆتایدا وتى: کەمال هەورامى هاوسەرم هاندەری سەرەکیم بوو لەم کارەدا، هەربۆیە دەستخۆشی لێدەکەم، هەروەها داوایشی لەژنانى هەورامان کرد هاوشانى پیاو رۆلی خۆیان لەپێشخستنى تواناى ئابوری خۆیاندا ببینن

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure