هەواڵ

-

مانگا، هەڵەبجە بێزار دەکات

راپورت/ فرحان حەمەخان
8/12/2013 12:47:01 PM 649 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه


بەخیوکردنى ئاژەڵ و بەرەڵاکردنیان لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، یەکێک لەدیارترین دیاردە ناشارستانییەکانە، کە ماوەى چەند ساڵێکە وەک گرفتێکى بێچارە، هاوڵاتیانى هەڵەبجەى بێزار و نارەحەت کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش پلانێکى ئەوتۆیان بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکە نییە.
بەوتەى هاولاتیان و دانیشتوانى قەزاى هەڵەبجە، هەرچەندە حاڵەتەکانى بەخێوکردنى ئاژەڵی بەرەڵا مێژوویەکى درێژى لەشارەکەدا هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونى پلان ورێگریی حکومەت لەم حاڵەتانە، دەبین رێژەى حاڵەتەکانى ئاژەڵ بەخێوکردن، حاڵەتى تێپەڕاندووەو سەریکیشاوە بۆ دیاردە،محمد عزەت دانیشتووى گەڕەکى شارەوانی بۆ M9sharazoor وتى یەکێک لەدیاردە هەرەناشیرینەکانى شارەکەمان، پیشتر چەند حاڵەَتێک بووە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی نەبوونى پلانێکى گونجاو بۆ رووبەرووبونەوەى حاڵەتەکان، دەبینین گرفتەکە حاڵەتى تێپەڕاندووە و بۆتە دیاردەیەکى باوی شارەکە، بەجۆرێک سەرەراى دروستکردنى سیمایەکى ناشارستانى، هاوکات مەترسی گەورەى لەسەر ناوچە سەوزکراوەکانیش دروستکردووە.

مانگا خواردى!
بلاوبونەوەى مانگا لەناو بازار و شوێنە گشتییەکان گرفتێکى تری بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە، کەبریتییە لە لەناوچوونى ئەو دار و درەختانەى کەلەلایەن هاوڵاتیان، یان حکومەتەوە بۆ جوانکاری و سەوزکردنى شارەکە نێژراون، رێباز عەلى هاوڵاتیەکى دیکەى هەڵەبجەیە دەڵێت: دواى ئەوەى درەختێکى جوانم پەیدا کرد لەبەردەم ماڵەکەمان ناشتم، بەڵام پاش ماوەیەک مانگا خواردى! وتیشی:َ تائێستە نەم بیستووە لایەنێکی پەیوەندیار، دەست بەسەر مانگایەکى بەرەڵادا بگرن، هەروەها پێویستە خاوەن ئاژەڵەکانیش هەست بەبەرپرسیارێتى ئەخلاقی خۆیان بکەن و رێگەنەدەن ئاژەلەکانیان ببنە هۆی تێکدانى سیماى راستەقینەى شارەکە.
دەست بەسەر ئاژەڵەکاندا دەگرن!
خدر کریم سەرۆکى شارەوانى هەڵەبجە هۆکارى دەستبەسەرانەگرتنى ئەو ئاژەڵانەى بۆ ئەوە گەراندەوە کەلە ماوەى رابردوودا شوێنێک نەبووە ئاژەڵەکانى تێدا رابگرن، ،بەڵام ئێستا لە ریگەى نوسراوێکى تایبەتەوە و لەکاتێکى دیارى نەکراودا، هەڵمەت بۆ دەستبەسەراگرتنى ئەو ئاژاڵانە دەست پێدەکەین، وتیشی: دەست بەسەر هەر ئاژەڵێکدا بگرین بەهیچ شێوەیەک نایگەڕێنینەوە بۆ خاوەنەکەى.
بەوتەى کوێستان ئەکرەم جێگرى سەرۆکى شارەوانى هەڵەبجە، لەئێستادا زیاد لە 25 باخچە لەقەزاى هەڵەبجەدا هەیە و رێژەیی سەوزایی لەشارەکەدا گەیشتۆتە 15%

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure