هەواڵ

-

پوتین: ئێستا خەڵکی کریمیا هاووڵاتی رووسیان

ئاژانسەکان
3/19/2014 2:49:36 AM 605 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا لە دوای دوو رۆژ لە راگەیاندنی ئەنجامی ریفراندۆمی كریمیا، رایگەیاند، كە خەڵكی كریمیا ئێستا بوونەتە هاووڵاتی رووسیا. پوتین لە وتارێكیدا ئۆكراینای بە وڵاتێكی ستراتیژی بۆ وڵاتەكەی وەسفكرد و داواشی لە پەرلەمانی وڵاتەكەی كرد پەلە بكەن لە دەركردنی یاسایەك بۆ وەرگرتنی خاكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان. پوتین لە گوتارەکەیدا، ئاماژەی بە سەردەمی كۆتاییهێنان بە جەنگی سارد و هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤێتی جاران كرد، "دوای هەڵوەشاندەوەی یەكێتی سۆڤێتی جاران، لە رەوشێكی زۆر خراپدا بووین، زۆر شتمان قبووڵكرد". دەربارەی رووداوەكانی كیێڤ و پەیوەندی بە مۆسكۆوە، سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بە گرنگی ئەو پەیوەندییانە كرد، "كیێڤ گرنگی ستراتیژی هەیە بۆ رووسیا، ئەوەی لە كیێڤ روویدا كودەتا بوو بەسەر دەسەڵاتێكی شەرعی، مۆسكۆش مافی دەستتێوەردانی هەیە". لە بەشێکی دیکەی گوتاەکەیدا، پوتین رایگەیاند، کە خەڵكی كریمیا و سیڤاستوپول "ئێستا لەگەڵ ئێمە هاووڵاتی رووسیان"، رێفراندۆمەكەی كریمیا بەپێی عورف و یاسای نێودەوڵەتی ئەنجامدرا . نزیكەی 96%ـی خەڵک "بڕیاریاندا لەگەڵ رووسیا جارێكی دیكە یەكبگرنەوە". هەرچی تایبەت بوو بە پەیوەندی مۆسكۆ و پایتەختەكانی رۆژئاوا، ڤلادیمێر پوتین گوتی، "هاوبەشەكانمان لە رۆژئاوا هێڵی سووریان بەزاند، دەبێت ئەوان جەنگی سارد رابگرن و رێز لە بەرژەوەندییەكانی رووسیا بگرن، ئەوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەوڵدەدەن سیاسەتی خۆیان بسەپێنن، بەهاری عەرەبی بەهۆی دەستتێوەردانی رۆژئاواوە، بوو بە پایزی عەرەبی". لە كۆتایی قسەكانیدا پوتین ئاماژەی بە بەهای ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین كرد، "ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین، كە ئەمریكا شانازی پێوەدەكات، خەڵكی كریمیاش شانازی پێوەدەكەن.
سەرۆکی روسیارایشیگەیاند: کە سزاکانى رۆژئاوا کاریان لیناکات و هەوڵیش دەدەن بەهەمان شێوە وەڵامی سزاکانیان بدەنەوە.

 

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure