هەواڵ

-

مه‌ترسیه‌كانی له‌سه‌ر هه‌رێم نیشانه‌كانی ده‌ركه‌وتنی ڤایرۆسی "كۆرۆنا" و چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی

m9sharazoor
5/11/2014 3:33:02 AM 524 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا په‌تایه‌كی ڤایرۆسی به‌ناوی كۆرۆنا، له‌ وڵاتی سعودییه‌ بڵاوبوویه‌وه‌، كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌ی به‌ هۆی وشتره‌وه‌یه‌و تا ئێستا نزیكه‌ی 100 كه‌سی كوشتووه‌و ده‌یانیش تووشی نه‌خۆشیه‌كه‌بوون، له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ میسرو مالیزیاش ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی له‌ سه‌فه‌ری عومره‌ گه‌ڕابوونه‌وه‌ چه‌ند كه‌سێكیان به‌هۆی توشبوونیان به‌و نه‌خۆشیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا، لای خۆشیه‌وه‌ حكومه‌تی عیراق له‌ چه‌ند پارێزگایه‌ك حاڵه‌تی نائاسایی راگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستانیش له‌ ئێستادا زیاتر له‌ سێ هه‌زار عومره‌كاری له‌ وڵاتی سعودیه‌یه‌، وتبێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمیش رایده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێستا ده‌رزییه‌كی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ نییه‌.

نیشانه‌كانی

د. خالیس قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند: له‌ ئێستادا ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ وڵاتی سعودیه‌ هه‌یه‌، نیشانه‌كانی بریتیه‌ له‌ كۆكه‌و هه‌ناسه‌ توندی و ژانی ماسولكه‌كان و نه‌مانی ئاره‌زووی خواردن، دواتر ده‌بێته‌ هۆی هه‌وكردنی سییه‌كان و له‌ كاركه‌وتنی كۆ ئه‌ندامی هه‌ناسه‌و گورچیه‌له‌كان و دواتریش مردنی كه‌سه‌كه‌، ئه‌مه‌ش به‌رێژه‌ی %30 ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی ئه‌و په‌تایه‌ ده‌بن.

مه‌ترسیه‌كانی له‌سه‌ر هه‌رێم

له‌ماوه‌ی رابردوودا ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتیان به‌مه‌به‌ستی به‌ جێگه‌یاندنی سوننه‌تی عومره‌ سه‌ردانی وڵاتی سعودییه‌یان كردوه‌و ئێستاش به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سێ هه‌زار عومره‌كاری هه‌رێم له‌و وڵاته‌ن، د. خالیس وتی: "مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ی خه‌ڵكانێكی زۆر ده‌چن بۆ عومره‌ و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ تووش ببن، بۆیه‌ پێویست ده‌كات زۆر ئاگاداری خۆیان بن و نه‌چنه‌ ئه‌و جێگایانه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ی تیادا به‌ربڵاوه‌".

چۆنێتی خۆپاراستن

د. خالیس هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، "بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌بگرین له‌ روودانی هه‌ر حاڵه‌تێكی له‌وجۆره‌ داوامان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێم كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌فه‌ری عومره‌ ده‌كه‌ن ئێمه‌ هۆشیاریان پێبده‌ین، بزانن نه‌خۆشیه‌كه‌ چییه‌و چۆن خۆیان ده‌پارێزن، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌شیان به‌ هه‌مانشێوه‌ پشكنینیان بۆ بكرێت، ئامۆژگاریان بكه‌ین ئه‌گه‌ر نیشانه‌كانی نه‌خۆشیه‌كه‌یان تیادا ده‌ركه‌وت له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا سه‌ردانی بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی بكه‌ن بۆ ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشیه‌كه‌یان ئه‌گه‌ر تووشی بووبن بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر وه‌ربكرن، ئه‌گه‌رچی تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی تووشبوومان نییه‌ به‌و نه‌ خۆشییه‌".

چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌

هه‌ر په‌تاو نه‌خۆشییه‌ك له‌ حاڵه‌تی بڵاوبوونه‌وه‌یدا به‌ زوویی چاره‌سه‌ر و عیلاجی پێویستی بۆ ده‌دۆزرێته‌وه‌، یان هه‌وڵده‌درێت چاره‌سه‌رێكی وای بۆ بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ بتوانێت به‌سه‌ر نه‌خۆشیه‌كه‌دا زاڵ بێت، به‌ڵام ئه‌م نه‌خۆشییه‌ تا ئێستا چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، د. خالیس وتی: "ئه‌م نه‌خۆشیه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڤایرۆسییه‌كه‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌ی زیاتر یاریده‌ده‌ری هه‌یه‌، تا ئێستا هیچ ده‌رزی و كوتانێكی تایبه‌ت به‌و په‌تایه‌ نییه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ ته‌نها له‌ وڵاتێكدا بڵاو بووه‌ته‌وه‌و هێشتا ته‌شه‌نه‌ی نه‌كردوه‌ بۆ ده‌وروبه‌ری خۆی".

له‌ باره‌ی گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌رگرتن له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ و چۆنێتی كۆنتڕۆڵكردنی، وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم روونیكرده‌وه‌: "تا ئێستادا ئیجرائاته‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ ئه‌و ئاسته‌ی ژووری عه‌مه‌لیاتی بۆ پێكبهێنرێت، چونكه‌ له‌ ئێستادا پێویست به‌وه‌ ده‌كات زیاتر له‌ رێگه‌ی ئه‌و عومره‌كانه‌وه‌ سه‌ردانی سعودیه‌ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی رێنماییان پێبده‌ن تا له‌ هۆكاره‌كانی تووشبوون به‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ خۆیان بپارێزن، بۆیه‌ چاودێری حاڵه‌ته‌كان ده‌كه‌ین و ئه‌گه‌ر پێویستیش بكاته‌ هه‌نگاوی دیكه‌ ده‌گیرینه‌به‌ر، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ی كراوه‌ پێویستی به‌ زیاتر نییه‌".

ڤایرۆسی‌ "كۆرۆنا" كه‌ به‌ هه‌وكردنی‌ توندی‌ سییه‌كان ناوده‌برێت یه‌كێكه‌ له‌و ڤایرۆسانه‌ی‌ تووشی‌ كۆئه‌ندامی‌ هه‌ناسه‌دان ده‌بێت و تائێستا زانیاری‌ ورد نییه‌ له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی‌ ئه‌و ڤایرۆسه‌ و چۆنێتی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ و چاره‌سه‌ریشی‌.
له‌و كاته‌وه‌ی‌ له‌ ئه‌یلولی‌ 2012دا كۆرۆنا ده‌ركه‌وت، تائێستا زیاتر له‌ 500 كه‌س تووشبوون و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ له‌ وڵاتی‌ سعودیه‌ نزیكه‌ی‌ 150 كه‌سیان گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure