هەواڵ

-

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بارزانی و نەوشیروان مستەفا ئاشكرا دەكرێت

m9sharazoor
5/16/2014 7:12:59 AM 467 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

یەكێك لە ئەندامانی شاندی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ سەردانیەكەی دوێنی پیرمام، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی نێوان نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانی ئاشكرا دەكات. بە پێی هەواڵێكی سایتەی (سبەی) محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، رێكخه‌ری‌ ژوری‌ په‌یوه‌ندیه‌ دبلۆماسیه‌كانی گۆڕان، سه‌باره‌ت به‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ دوێنێ وتویەتی" ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كی كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ بارزانی و نه‌وشیروان مسته‌فا، بۆ باسكردن بوه‌ له‌ پلانی كورد له‌ چوار ساڵی‌ داهاتوی‌ به‌غداو مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و حكومه‌ته‌ی‌ دروستده‌كرێت. دروستكردنی یه‌ك تیم-ی‌ كوردی‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كان و دانانی یه‌ك به‌رنامه‌و هه‌وڵی‌ چه‌سپاندنیشی‌ له‌ چوار ساڵی‌ داهاتودا، وه‌ك ئه‌نجام له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ كه‌وتوه‌ته‌وه‌. له‌وباره‌یه‌وه‌ محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم وتی: له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا زیاتر باسی په‌رله‌مانی‌ عێراق كرا، تا لایه‌نه‌ كوردیه‌كان ئاڵوگۆڕی‌ بیروڕا بكه‌ن و به‌ یه‌ك گروپ كار بكه‌ن له‌ چوار ساڵی‌ داهاتو، بۆ گفتوگۆ و به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت. سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌ییان بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر یه‌كده‌نگی كورد له‌ به‌غدا رایگه‌یاند: ئاماده‌ین كۆبونه‌وه‌ بكه‌ین. هاوكات ئاماژه‌ به‌وه‌شدا: بڕیاره‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ تر بكرێت و تیمێكی‌ هاوبه‌ش دروستبكرێت بۆ دانانی به‌رنامه‌ی‌ كورد له‌ چوار ساڵی‌ داهاتودا. به‌ وته‌ی‌ محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: قه‌ناعه‌تێك دروستبوه‌ لای‌ لایه‌نه‌كان كورد وه‌ك تیم له‌ به‌غدا كاربكات و به‌رنامه‌ی‌ خۆی‌ بچه‌سپێنێت. به‌ وته‌ی‌ محه‌د تۆفیق ره‌حیم، هه‌وڵی به‌ ده‌ستهێناتی ده‌ستكه‌وتی حیزبایه‌تی له‌ به‌غدا یه‌كێك بوه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ بارزانی و نه‌وشیروان مسته‌فا باسكراوه‌و ته‌ئكید كراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ رێگه‌ به‌وكاره‌ نه‌درێت. له‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 7-3-2010ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، به‌ په‌رۆشیه‌وه‌ گۆڕان داوای‌ یه‌كده‌نگی و یه‌ك گوتاری‌ كوردی‌ ده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆی‌ جوداخوازی چه‌ند لایه‌نێكه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ نه‌كراو كاریگه‌ریه‌ سلبیه‌كانیشی‌ زۆر به‌ زه‌قی له‌ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ رابوردو به‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، كه‌ په‌رۆشی گۆڕان بۆ یه‌كگرتویی كورد له‌ به‌غدا له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ "تائێستا له‌ به‌غدا هێز بڕیار ده‌دات چیت ده‌ستده‌كه‌وێت یاخود چیت ده‌ستناكه‌وێت نه‌ك ده‌ستور". سه‌باره‌ت به‌ چه‌سپاندنی داواكاریه‌كانی كورد له‌ به‌غدا ئه‌گه‌ر یه‌كگرتو بێت و خاوه‌نی یه‌ك به‌رنامه‌ بێت، محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم گه‌شبینی خۆی‌ ده‌ربڕی و وتی: من پێموایه‌ ئه‌گه‌ر بێتو له‌ به‌غدا رێگه‌ نه‌درێت یاری‌ بكرێت له‌سه‌ر چه‌ند په‌تێكی كوردی‌، به‌غدا ناچار ده‌بێت به‌شێكی زۆر له‌ كێشه‌و داواكاریه‌كانی كورد جێبه‌جێ بكات. وتیشی: زۆر گرنگه‌ یه‌كگرتو بین، ناكۆكیه‌كانمان له‌ناوخۆی‌ هه‌رێم به‌كارنه‌هێنرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نی تر. محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ نێوان بارزانی و نه‌وشیروان مسته‌فا باسی پێكنه‌هێنانی كابینه‌ی‌ هه‌شته‌م كراوه‌. ئه‌وه‌شی وت، كه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان-یش به‌لایانه‌وه‌ سه‌یره‌ تائێستا حكومه‌ت پێكنه‌هاتوه‌و هۆكاره‌كه‌ی‌ چیه‌و پرسیاریان كردوه‌: كێشه‌و كۆسپه‌كان چین له‌ به‌رده‌م پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت. رێكخه‌ری‌ ژوری‌ په‌یوه‌ندیه‌ دبلۆماسیه‌كانی گۆڕان رونیشیكرده‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی تر، دواكه‌وتنی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تیان باسكردوه‌و پێیانوتون كه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ كاریگه‌ری‌ سلبی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر ئاستی‌ ده‌ره‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری‌ گۆڕان له‌ كابینه‌ی‌ هه‌شت و پرۆژه‌كانی بۆ گۆڕانكاری‌ له‌و وه‌زاره‌تانه‌ی‌ وه‌ریگرتون، محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم رایگه‌یاند: گۆڕان پێیوایه‌ ده‌توانێت كاریگه‌ری‌ هه‌بێت له‌ كابینه‌ی‌ هه‌شت و كابینه‌كه‌ به‌ جیاواز له‌ كابینه‌كانی پێشوتر ده‌بینێت. پرۆژه‌ی‌ گۆڕانكاری‌ بۆ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ ئاماده‌كراون و جێبه‌جێ ده‌كرێن.گۆڕان ئیستحاقی خۆی‌ له‌ كابینه‌ی‌ هه‌شت وه‌رگرتوه‌. دوێنێ، هەریەك نەوشیروان مستەفا و عومەری سەید عەلی و محەمەد تۆفیق رەحیم سەردانی پیرمامیان كرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم كۆبوونەوە و دواتریش وەفدێكی یەكێـتی نیشتیمانی كوردستانیش سەردانی مەسعود بارزانیان كرد.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure