هەواڵ

-

تاقیكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، رێژەی دەرچوونی كەمكردۆتەوە ‏ ‌

هەولێر؛ رەوەست نەوزاد
5/24/2014 2:51:09 AM 545 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

چەند ساڵێكە دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری لەهەولێر بەپێی سیستەمی كۆریای باشوور بەڕێوەدەچێت كە سیستەمە كۆنەكەی پێدانی مۆڵەتی شوفێری ‏لەكارخست، بەڵام ئەو سیستەمە تازەیە بەهۆی ووردی لەچاودێریكردنی شوفێری تازە تا ئەندازەیەكی زۆر دەرچوونی شۆفێرانی لەو تاقیكردنەوەیە ‏قورس كردووە كە بەهۆیەوە بۆتە جێگای نیگەرانی هاووڵاتیان.‏
ئامێری ئەلیكترۆنی
لەوبارەیەوە نەقیبی هاتووچۆ ئومێد عەبدولمەجید ئەفسەری تاقیكردنەوە لەبەشی مۆڵەتی شوفێری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بەكوردستانی ‏نوێی راگەیاند: سیستەمی پێدانی مۆڵەتی شوفێرییەكەمان بەشێوەیەكی زۆر رێكوپێك دامەزراوە، كە بۆ تاقیكردنەوەكان ئۆتۆمبێلی بچووك بۆ مۆڵەتی ‏تایبەتی‌و ئۆتۆمبێلی گەورەی جۆری دوو تەنی بۆ مۆڵەتی گشتی بەكاردەهێنین.‏
باسی لەوەشكرد؛ ئامێری ئەلیكترۆنی تایبەتمان بۆ تاقیكردنەوەی شوفێری لەناو ئۆتۆمبێلەكان داناوە كە وەكو تۆڕێكی ئەلیكترۆنی وایەو بەژووری ‏كارمەندانی چاودێری تاقیكردنەوەی مۆڵەتەكە بەستراوەتەوە.‏
سەبارەت بەگلەیی هاووڵاتیان بەهۆی قورسی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری لەهەولێر بەسیستەمی تازەكە، نەقیب ئومێد وتی: «سیستەمەكەمان هیچ ‏كێشەیەكی نیە تا ببێتە هۆی بێزاری هاووڵاتیان، بەڵكو كێشەكە تەنیا لەنەبوونی ئارامی هەندێك كەسە، چونكە ئەو كەسانەی دێنە لامان بۆ ‏دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری پێشتر هیچ خولێكی فێربوونی شوفێری رێكوپێكیان نەبینیووە، بۆیە رووبەرووی ئەو سیستەمە تۆكمەو ووردە دەبێتەوەو ‏هۆكارەكەشی بۆ كەموكوڕی كاری نووسینگەكانی فێربوونی شوفێری لەشاری هەولێر دەگەڕێتەوە كە بەشێوەیەكی باش مەشقی شوفێرییان پێناكەن.‏
وتیشی : ئەو سیستەمە لەزۆر شت وەكو سیستەمە كۆنەكەیەو تەنیا كۆمپانیا كۆریەكە شوێنەكەی بۆ دروست كردووین‌و ئامێری پێشكەوتووی بۆ ‏دابین كردووین كە پێشتر نەیبووە.‏
ئێستا بەهۆی ووردی سیستەمە نوێیەكەی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری لەهەولێر، رێژەی سەركەوتن‌و دەرچوونی شوفێران بەبەروارد بەجاران ‏كەمیكردووەو سەبارەت بەوە ئەو نەقیبە وتی: «پێشتر بەهۆی كۆنی سیستەمەكە زۆرێك لەشوفێران بەهۆی واستەكاری‌و خزمایەتی ‏لەتاقیكردنەوەكان دەردەچوون، هۆكارێكی تری كەمبوونی رێژەی دەرچوون لەتاقیكردنەوەی تراییەكەش بۆ هێنانی سیستەم‌و ئامێری ئەلیكترۆنی ‏پێشكەوتووە كە تاقیكردنەوەكەی قورستر كردووەو وەكو پێشوو ئاسان نیە»، باسی لەوەشكرد؛ ئەوە هۆكارێكە بۆ ئەوەی لەمەودوا ئەو كەسەی ‏مۆڵەتی شوفێری لەهەولێر دەربهێنێت بەهۆی قورسی تاقیكردنەوەكە شوفێرێكی باشی لێ دەربچێت‌و زیاتر پابەندبێت بەڕێنماییەكانی ئۆتۆمبێل ‏لێخوڕین كە ئێستا هەندێك شتی تر لەو سیستەمە نوێیە زیاد كراوە وەك؛ شوێنی پەڕینەوەی پیادە كە دەبێت شوفێرەكە بۆ سەركەوتن ‏لەتاقیكردنەوەی شوفێری لەو بەشەش سەركەوتوو بێت.‏
روو لەناوچەكانی تر دەكەن
هەر سەبارەت بەقورسی تاقیكردنەوەكان‌و دەركردنی مۆڵەتی شۆفێری لەناوچەكانی تر نەقیب ئۆمێد رایگەیاند: لەو سیستەمە نوێیەدا رێژەی ‏دەرچوون لەتاقیكردنەوەی مۆڵەتی شوفێری لەنێوان پیاوان زیاترە بەبەروارد بەئافرەتان، چونكە پیاوان لەشوفێری كردندا كەمتر هەست بەترس‌و ‏دڵەڕاوكێ دەكەن.‏
ئەوەشی نەشاردەوە كە بەهۆی قورسی تاقیكردنەوەكەی لای ئێمە زۆر كەس هەبووە لەلای ئێمە سەركەوتوو نەبووە، بۆیە بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی ‏شوفێری روو لەناوچەكانی سۆران‌و كۆیە دەكەن، كە بەوتەی هەندێك كەس دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری لەو دوو شوێنە ئاسانترە بەراورد بەوەی ‏هەولێر.‏
كاتەكەی كەمە
یەكێك لەو هاووڵاتیانەی شاری هەولێر كە بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری سەردانی بەشی مۆڵەتی شوفێری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێری ‏كردبوو، بەڵام لەتاقیكردنەوەكە دەرنەچوو بوو لەسەر داوای خۆی ناوەكەیمان ئاشكرا نەكرد ئەو دەیوت: من دانیشتووی بەریتانیام‌و مۆڵەتی شوفێری ‏ئەو وڵاتەشم هەیە، بەڵام تاقیكردنەوەی شوفێری لەهەولێر بەبەراورد بەوەی بەریتانیا قورسترە، چونكە كاتی تاقیكردنەوەكەی هەولێر زۆر كەمەو ‏تەنها چوار دەقیقەیە لەكاتێكدا تاقیكردنەوەكەی بەریتانیا 45 دەقیقەیە، كە ئەم كاتە زۆرەو وادەكات شوفێرەكە شارەزاییەكی باش ‏لەتاقیكردنەوەكەو شوفێری وەرگرێت‌و سوود لەكاتە زۆرەكە وەربگرێت.‏
ئەو هاووڵاتیە كوردەی دانیشتووی بەریتانیا باسی لەوەشكرد؛ دەڵێن سیستەمی تاقیكردنەوەی مۆڵەتی شوفێری هەولێر سیستەمێكی كۆریای باشوورە، ‏بەڵام لەهیچ وڵاتێكی دنیادا سیستەمی لەو شێوەیە بوونی نیە، بۆیە واباشترە حكومەتی هەرێم لەوڵاتانی ئەوروپا سیستەمی باشتری تاقیكردنەوەی ‏شوفێری بهێنن لەوەی ئێستا باشتر دەبێت.‏

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure