هەواڵ

-

عوسمان بانیمارانی:خەڵكی هەرێمی كوردستان حوكمڕانیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان قبووڵ دەكەن ‌

دیداری: رەوەست نەوزاد
5/26/2014 3:59:48 AM 531 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

له‌میانی دیدارێکی کوردستانی نوێ-دا له‌گه‌ڵ هەڤاڵ عوسمان بانیمارانی تێکۆشەرو ئەندامی سەرکردایەتیی دێرینی یەکێتی‌، سه‌باره‌ت به‌ڕۆڵی یه‌کێتی دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران‌و پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان‌و هه‌ڵسانه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌هێزێکی زۆره‌وە بۆ ناو ساحه‌ی سیاسی ده‌دوێت، هاوکات باس له‌دواین گۆڕانکارییه‌کانی ناو خودی یه‌کێتی ده‌کات‌و پێی وایه‌ ده‌بێت کێشه‌کانی چاره‌سه‌ربکات‌، چونکه‌ رۆڵی یه‌کێتی لەچارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا بەتایبەتی كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی گرنگی‌و قورسایی خۆی هه‌یه‌.

یه‌کێتی کاریگه‌ری ده‌بێت
سه‌باره‌ت به‌ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌کانی 30ی نیسان، عوسمان بانیمارانی پێی وایه‌ که‌: دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، یەكێتی بە بەدەستهێنانی دەنگێكی زۆری خه‌ڵکی کوردستان گەڕایەوە بۆ سه‌ر پێگه‌که‌ی خۆی، كە كاریگەری لەسەر كوردستان‌و عیراق دەبێت.
دیارە یەكێتی دوای ئەوەی لەسەر هەڵوێستی نەتەوەیی‌و نیشتمانی خۆی بۆ یەك ریزی ماڵی كورد لەكوردستان‌و بەغدا بۆ پلانێكی ستراتیژی‌و بەشێكیش بۆ بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی لەمافەكانی خۆی بەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستانی هاوپەیمانی جۆرێك لەچاوپۆشی له‌به‌شێک له‌پشكی خۆی لەبەغدا کرد، ئەوە بووە هۆی ئەوەی جەماوەری یەكێتی، یەكێتی سزاداو دەنگەكانی لەهەڵبژاردنی رابردوو كەمیكرد.
بۆ ئەمڕۆو داهاتوو رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهۆی هەڵوێستە بوێرەكانی لەسەر مەسەلەی نەتەوەیی‌و پێداگریکردن لەمافەكانی گەلی كوردو هەوڵدان بۆ ئەوەی كێشەكانی لەگەڵ حكومەتی ناوەند چارەسەر بكات، ئەوانە هۆكاربوون كە خەڵكی كوردستان دووركەوتنەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبڕیاری سیاسی بەمەترسی بزانێ بۆ سەر دیموكراسی‌و پێشكەوتن‌و پێداگری لەسەر مافەكانی گەلی كورد لەهەرێم‌و بەغدا، بۆیە ئەمجارە خەڵكی كوردستان بەڕاستی دەنگیان بەیەكێتی-دا لەبه‌راورد له‌گه‌ڵ ئەو سزایەی رابردوو باشتر لەجاران یەكێـتی دەنگەكانی زیادیكرد.
وتیشی: یەكێتی بەهەڵسانەوەی لەدوای ئەم هەڵبژاردنە بەرپرسیاریەتی زیاتری كەوتە سەرشانی، هەم لەناوخۆی یەكێتی‌و هەم بەرامبەر ناوچە دابڕێنراوه‌كانی كوردستان، لێره‌وه‌ ده‌بێت یەكێتی لەوە تێبگات كە خەڵكی یەكێتی پێویستی بەگۆڕان‌و چاكسازی لەناو ریزەكانی یەكێتی هەیە، بۆیه‌ دەبێت لەئەولەویاتی كارەكانی دوای هەڵسانەوەی یەكێتی بێت‌و گۆڕانكاری بكات، به‌جۆرێک لەزووترین كاتدا ده‌بێت كۆنگرەی خۆی ئەنجام بدات‌و ئارەزووەكانی خەڵكی یەكێتی بێنێتە دی. دیارە گۆڕانكاری دەبێت بەشێوەی كردەیی بێت‌وبه‌ڕاستیش یەكێتی دەتوانێت خەڵكی خۆی لەگۆڕان‌و چاكسازی تێر بکات.
ئه‌رکی یه‌کێتی له‌به‌رامبه‌ر ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان
سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستی یه‌کێتی له‌به‌رامبه‌ر ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان، بانیمارانی روونیكردەوە كە بەزیادبوونی دەنگ‌و كورسیەكانی یەكێتی خۆی لەخۆیدا كاریگەری جددی دەبێت لەسەر سەرجەم قەیرانەكان لەكوردستان‌و كێشەكانی نێوان هەرێم بەغداو زۆر مەسەلەی سیاسی لەعیراق دەگۆڕێت، بەتایبەت دوای ئەوەی یەكێتی لەناوچە دابڕێنراوەكانیش دەنگەكانی زیادیكردو بەپلەی یەكەم بەرامبەر سەرجەم حزبەكانی دیکه‌ی كوردستان.
یەكێتی لەسەر هەڵوێستە نەگۆڕەكانی بەرامبەر ناوچە دابڕێنراوەكان توانی مەسەلەی جێبەجێكردنی مادەی140 بباتە پێشەوە بەهێنانی ئەو ژمارە زۆرەی دەنگەكانی لەو ناوچانه‌دا، كە ئەوە بۆخۆی لەداهاتوودا كار ئاسانی دەكات بۆ جێبەجێكردنی مادەكەو گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان‌و لەهەمانكاتیشدا یەكێتی بەرامبەر خەڵكی ناوچە دابڕێنراوەكان ئەرك‌و لێپرسراویەتی زیاتری ده‌كەوێتە سەرشانی، كە لەمەو دوا بەپێی نەخشەسازی‌و پێداگرتن لەسەر گێڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێم، دەبێت كاری زیاتر لەوەی رابردوو بكات‌و بیخاتە ئەولەویەتی كارەكانی.
ئاماژەی بەوەشدا كە لەمەودوا خەڵكی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان چیتر ئەوە قبووڵ ناكەن بەخەڵكی دەرەوەی كوردستان ئەژمار بكرێن، بۆیه‌ دەبێت یەكێتی كاربكات بۆ ئەوەی خەڵكی ناوچە دابڕێنراوه‌كان لەكەركوك‌و شەنگارەوە تا دەگاتە خانەقین لەبڕیاری سیاسی كوردستان پشكیان هەبێت‌و بەشداربن، چونكە پانتاییەكی زۆرو ژمارەیەكی زۆری خەڵكی كوردستان لەناوچە دابڕێنراوەكان دەژین‌و دەبێت لەمەوداو بەهیچ شێوەیەك ئەوان بەخەڵكی دەرەوەی هەرێم لەقەڵەم نەدرێن‌و لەپەرلەمانی كوردستان‌و حكومەتی هەرێم رۆڵیان هەبێت‌و پشكیان پێ بدرێت، چونكە ئەگەر بێت‌و لەداهاتوودا كیانێكی كوردی دروست بێت، بەبێ بوونی كەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكانی تر، ئەوا ئەو كیانە هیچ گرنگیەكی نابێت، بەڵكو دەبێتە جێبەجێكردنی داواكاریەكانی ناحەزانی گەلی كورد، چونكە هیچ كەسێك لەنەیارەكانی كورد لاریان نییە لەوەی ئەو سێ پارێزگایەی هەرێم كە هەولێرو سلێمانی‌و دهۆك-ن ببنە هەرێمێك‌و دەوڵەتێكی سەربەخۆ، بەڵكو لاریان لەوەیە كەركوك بێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە سەركردایەتی كورد ئەگەر ریفراندۆم بكات، بۆ ئەوەی هەرسێ پارێزگاكە ببێتە كیانێكی سەربەخۆ پێموایە ئەوە كارێكی هەڵەیە، چونكە بەبێ بوونی كەركوك لەناو هەرێمێكی سەربەخۆی كوردستان، ئەوە كارێكی بێسوودو هەڵەیە بۆ مافەكانی میللەتی كورد.
هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی یه‌کێتی
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ ئەو هێزانەی كە پێیان وابوو یەكێتی نەماوە، بانیمارانی رایگه‌یاند: به‌ڕاستی دەركەوت كە دووربین نین لەواقیعی هه‌رێمی كوردستان‌و به‌پێچەوانەی واقیع‌و ویستی خەڵكی كوردستان هەنگاو دەنێن، چونكە هەموو حزبێك لەدنیادا بەهەڵوێستەكانی دەناسرێتەوەو ئەگەر بێت‌و بەراوردی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكەیت، لەگەڵ لایەنەكانی تری سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان لەڕووی مەسەلەی دیموكراسی‌و هەڵوێستی نەتەوەیی‌و نیشتمانی‌و هەڵوێستی كوردانەی بەرامبەر پارچەكانی تری كوردستان، ئەوانە هەمووی مێژوون بۆ یەكێتی، بۆیە خەڵكی هەرێمی كوردستان بەهەر جۆرێك بێت قبووڵی حوكمڕانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن، ئەگەر سەیر بكەین دەبینین پارێزگای سلێمانی كە تاكە پارێزگایە لەسنووری هەرێم كە چەندین رەنگی جیاوازی تێدایەو تەماشای ژمارەی كورسی لایەنەكان بكەن چۆنە، دەپرسین بۆچی ئەوە لەشوێنەكانی تری هەرێم نییە كە لەژێر دەسەڵاتی یەكێتی نییە؟ ئەگەر دهۆك‌و شوێنەكانی تر لەژێر دەسەڵاتی یەكێتی بوونایە ئێستا دەسكە گوڵەكە لەوێش جێبەجێ دەكراو لایەنەكانی تریش هەریەكەو بەشی خۆی دەبوو نەوەك یەك لایەن 70%و80% رێژەكە ببات، بۆیە به‌ڕاستی یەكێتی هێزێكە نكۆڵی لێناكرێت‌و خەڵكی هەرێمی كوردستان حوكمڕانی ئەو حزبەی قبووڵە.
ئه‌وانه‌ی ده‌یان وت یه‌کێتی نه‌ماوه‌
عوسمان بانیمارانی ئاشكراشی كرد، ئەوانەی پێیان وابوو یەكێتیی كۆتایی هاتووەو هەڵوەشاوەتەوە بەڕاستی دەركەوت دووربین نین، چونكە ئەگەر دووربین بوونایە لێكدانەوەی ئاوایان نەدەكرد، بۆیە هیوادارم لەداهاتوو واقیع بینانە سەیری مەسەلەی كوردی بكەن‌و گوێ لەپێشنیارو بۆچوونەكانی یەكێتی بگرن، هەم بۆ دیموكراتیزەكردنی ناوخۆی هەرێم، هەم بۆ گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان، چونكە بیرمەندانی یەكێـتی‌و نەهج‌و بەرنامەی یەكێـتی دەركەوت، که‌ هەم لەناوچە دابڕێنراوەكان خەڵكی دەیەوێت‌و هەم لەناوخۆی هەرێمی كوردستانیش لەڕووی حوكمڕانییەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان قبووڵە، بۆیە هیوادارم جارێكی تر ئەوانەی وابیریان دەكردەوە كە یەكێتی نەماوە ئەوا با باشتر بیربكەنەوەو گوێ بۆ راو بەرنامەكانی یەكێتی بگرن.
بانیمارانی درێژه‌ به‌قسه‌کانی ده‌داو ده‌ڵێت: یەكێتی سەلماندی كە هێزێكە هیچ گەلەكۆمەكیەك‌و پیلانێك ناتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە، بۆیه‌ هیوادارم ئەو لایەنانەی كە پێیانوابوو یەكێتی لەناو دەچێت بگەنە ئەو رایەی، كە بەبێ یەكێتی ئەگەر بیر لەهەر حوكمڕانیەك بكەنه‌وه‌، بەڕاستی هەڵەدەكەن‌و ئەوانیش دوای ئەو هەڵبژاردنە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەو لەپێكهێنانی كابینەی ئەمجارەی حكومەتی هەرێمیش پێیانەوە دیارەو دركیان بەهەڵەی خۆیان كردووە، بۆیه‌ لەمەودوا دەبێت بەخۆیاندا بچنەوەو ئەو راوێژكارانەشی كە ئەو ئامارانەیان دەدەنێ، دەبێت لەمەودوا باشتر لێكۆڵینەوە لەسەر لێكدانەوەیان لەسەر لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بكەن.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure