هەواڵ

-

پێگەی حزبەكانی هەرێم لەنێوان دوو خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا ‌

سلێمان مسته‌فا حه‌سه‌ن‌
5/27/2014 4:58:14 AM 533 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەنێوان هەردوو هەڵبژاردنی ساڵی 2010 و 2014 ی ئەنجومەنی نوێنەراندا، پێگەی حزبە سیاسییەكانی هەرێم لەسەر ئاستی عیراق، تا رادەیەكی زۆر گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، كە دەكرێت زیاتر لەخوێندنەوەیەكی بۆ بكرێت، لە دنیای سیاسەت و داتاو هەڵبژاردندا، زۆر جار نێوانی دوو خولی هەڵبژاردن،ئاماژەی روون و ئاشكران سەبارەت بە دەرخستنی پێگەی حزبە سیاسییەكان. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، جیاوازییەكی زۆری هەیە بە بەراورد بەهەڵبژاردنی (پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان) لەبەر دوو خاڵی زۆر گرنگ ، یەكەم دەنگی ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستانە كە چەندین پەیام و ئاماژەی تیادایە، دووەم پۆلبەندی حزبەكانە لەسەر ئاستی عیراق، بۆ یە هەوڵ دەدەین بۆ هەر حزبێكی هەرێمی كوردستان خوێندنەوەیەكی وردی بۆبكەین لەگەڵ خستنەڕووی ئەنجامەكانی هەردوو خولی هەڵبژاردن.

پارتی دیموكراتی كوردستان
لەهەڵبژاردنی ساڵی 2010 ی ئەنجومەنی نوێنەراندا خاوەنی 926673 دەنگ بوو، بە سوود بینین لەسیستەمی هەڵبژاردن و پێكەوەنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ حزبەكانی هەرێمدا، بەتایبەتی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیدا توانی 29 كورسی ئەنجومەن مسۆگەر بكات، كە تاكە قەوارەی براوە بوو لەڕووی كورسی و توانی هەژموونی خۆی بسەپێنێ‌ بەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستانیدا، پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەڵبژاردنی 2014 بە بەراور بە هەڵبژاردنی 2010 حزبێكی سەركەوتوو نەبوو بە هەمان پێگەی خۆی، ئەگەر پارتی لەم هەڵبژاردنە 1058318 دەنگی بەدەست هێنابێت، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 نزیكەی (131645) دەنگی زیاد كردبێت، ناتوانین بڵێن پارتی براوەی ئەم هەڵبژاردنەیە، چونكە سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی دەنگدەران لەنێوان دوو خولدا، پارتی لەم هەڵبژاردنە تەنها 25 كورسی بەدەستهێناوە، كە بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2010 چوار كورسی لە دەست داوە، كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان، لەسەر ئاستی ناوچەكە و عیراق و هەرێمی كوردستاندا.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەهەڵبژاردنی ساڵی 2010 رووبەڕووی گەورەترین ئەزمەو هەڵەی سیاسی گەورە بوەوە كە سەركردایەتی بەرپرس بوو لەبەهەند وەرنەگرتنی كاریگەری سیستەمی هەڵبژاردن و تەكنیكی هەڵبژاردن، كە خەمی سەركردایەتی دوای جیابوونەوەی گۆڕان و بەشداربوونیان لەهەڵبژاردنی ساڵی 2009پەرلەمانی كوردستان و بەدەستهێنانی 25 كورسی ، یەكێتی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 زیاتر ژمارەی دەنگی لا گرنگ بوو ، نەك ژمارەی كورسی، دیارە شاراوە نییە ژمارەی دەنگ گەر نەكرێن بە كورسی لەسەر مێزی دانوستاندن هیچ بەهایەكی سیاسی و قانونیان نییە، لەهەڵبژاردنی ساڵی 2010 یەكێتی توانی 647272 دەنگ بەدەست بێنێت، بەڵام لەبەرامبەردا بوو بەخاوەنی 14 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران، پێگەی یەكێتی بە رادەیەك لاواز بوو كە لەهەڵوێستەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاسانی هەستی پێدەكرا، لەدابەشكردنی پۆستەكانی بەغداش رەنگیدایەوە، یەكێتی سەرەڕای جیابوونەوەی نیوەی سەركردایەتی حزبەكەی، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لەساڵی 2013 رووبەڕووی شكستێكی زۆر گەورە بوەوە، لەسەروبەندی ئامادەكاری و بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، زۆر لایەن دوا بزماریان بۆ تابوتی یەكێتی ئامادە كربوو، لە ریزبەندی حزبەكانی سێیەم هەژماریان دەكرد. لەهەڵبژاردنی ساڵی 2014 یەكێتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، یەكێتی توانی 847689 دەنگ بەدەست بێنێت، كە توانی ببێتە خاوەنی 21 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران، بە بەراورد بەهەڵبژاردنەكانی 2010 یەكێتی 200417 دەنگی زیاتر بەدەستهێنا، هەروەها توانی ژمارەی كورسییەكانیشی لە 14 كورسی بكاتە 21 كورسی، واتە زیادكردنی 7 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران، یەكێتی لە رووی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوخۆی، دووری جەنابی مام جەلال، ناكۆكی و ناتەبایی ناوماڵی یەكێتی، گوشاری پارتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو، گوشاری بەشێك لەوڵاتانی دەرەكی، توانی هەڵەیەك بۆ دۆست و نەیارانی راست بكاتەوە، ئەویش بەدیلی یەكێتی، یەكێتییە، ئەگەر ئەو پرسیارە دووبارە بكەینەوە بڵێن یەكێتی بۆ براوەی یەكەمە، لەوەڵامدا ئەتوانین بڵێین، یەكێتی توانی 21 كورسی بەدەست بێنێت، یەكێتی توانی متمانەی كەركوكییەكان بە دەست بێنێت، بێگومان بە متمانەی عەرەب و توركمان و مەسیحییەكانیشەوە، كە بەتەنها توانی 6 كورسی بەدەست بێنێت بە قەد هەموو حزبەكان تر، یەكێتی بەم سەركەوتنەیەوە توانی پێگەی مێژوویی خۆی لە دەست نەدات، لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكەو عیراق و هەرێمدا، یەكێتی توانی نەك دەنگ، بەڵكو متمانەی كوردانی ناوچە دابڕێنراوەكانیش بە دەست بێنێت.

بزووتنەوەی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی جەماوەری هاتە گۆڕەپانی سیاسەت، كە لە هەناوی یەكێتی جیابوەوە، ئەو هێزە لە یەكەم دەركەوتنیدا توانی 25 كورسی پەرلەمانی كوردستان بە دەست بێنێت، لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ساڵی 2010 گۆڕان خاوەنی 481181 دەنگ و 8 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران بوو، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لەساڵی 2013 توانی دەنگ و كورسی زیاتر لەحزبی دایكی بەدەست بهێنێت، تا رادەیەك ئەم سەركەوتنە مەستی كرد، گۆڕەپانی سیاسەت و ململانێی گواستەوە زۆنی سەوز و كەوتە بەربەرەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەرئەنجام گۆڕان توانی لەم هەڵبژاردنە 486039 دەنگ بە دەست بێنێت لەگەڵ 9 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران، گۆڕان وەك چۆن سیاسەتی تەیاركردنی شەقامێكی توڕەی پێڕەو كرد، بە هەمان نەفەس مامەڵەی لەگەڵ یەكێتی كرد، گۆڕان گەورەترین هەڵەی سیاسی و ستراتیجی كرد كاتێ‌ لە لیستی كەركوك كشایەوە، گۆڕان گەورەترین هەڵەی كرد كاتێ‌ پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاكان، پیرۆزی سحری بەڵێنەكانی گۆڕانی بەتاڵكردەوە كاتێ لەگەڵ پارتی بەمشێوە رێككەوت، راستە گۆڕان كورسییەكی زیاتر هێناوە، بەڵام لەبەرامبەردا متمانەی ناوچە دابڕێنراوەكانی لە دەست دا، گۆڕان جارێكی تر كەوتەوە بازنەی شارێك، نەك بازنەی هەرێمێك، نەك بازنەی وڵاتێك.

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان لەهەڵبژاردنی ساڵی 2010 توانی 247393 دەنگ و4 كورسی بە دەست بێنێت ، كە تا رادەیەك سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ یەكگرتووی ئیسلامی، بەڵام یەكگرتوی ئیسلامی لەم هەڵبژاردنە توانی 197475 دەنگ و 4 كورسی بە دەست بێنێتەوە، یەكگرتوو كورسی كەمی نەكردووە، بەڵام نوێنەرایەتی پایتەختی لە دەست دا، یەكگرتوو لەم هەڵبژاردنە 49918 دەنگی لە دەست دا، یەكگرتوو پێگەی خۆی لە ناوچە دابڕێنراوەكان بە دەست نەهێنا، بە رادەیەك تەنها لە كەركوك 17983 دەنگی لە دەست دا، یەكگرتووش زیاتر بەرەو دهۆك هەڵكشا.

كۆمەڵی ئیسلامی
كۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 خاوەنی 153631 دەنگ و 2 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران بوو، لەم هەڵبژاردنە توانی 144905 دەنگ و 3 كورسی بە دەست بێنێت، ئەتوانین بڵێین كومەڵی ئیسلامی لەم هەڵبژاردنە براوەیە، بەڵام كومەڵی ئیسلامیش لە ناوچە دابڕێنراوەكان نەیتوانی متمانەی دەنگدەران بە دەست بێنێت.

لایەنەكانی تر
نە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو نە لەهەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران، لایەنەكانی تر نەیانتوانی كورسی بە دەست بێنن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا پەیامێكە بۆ حزبەكانی تری هەرێم كە زیاتر خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان ئامادەو سازبكەن، لەهەمانكاتدا بژاردەی یەكگرتنەوەش بكەن بە یەكێ‌ لە بژاردە لەپێشینەكانیان، بۆ بەهەند وەرگرتنی كاریگەری یاسا و سیستەمەكانی هەڵبژاردن.
لەبەر رۆشنایی ئەم دەر ئەنجامە ئەتوانین بڵێین، یەكێتی و پارتی دوو هێزی سەرەكی هەرێمی كوردستانن، هەڵەیەكی گەورە دەكەن هێزی یەكتر نادیدە بكەن، بۆیە ئەم دوو هێزە ئەبێت لە سەر گوتاری سیاسیی هاوبەش رێكبكەون، لە سەر ئاستی جیهان و ناوچەكەو عیراق و هەرێمی كوردستان، یەكێتی پێگەی خۆی بە دەست هێنایەوە، تەجاوزی تەنگەژەی جیابوونەوەی كوڕەكەی كرد.
گۆڕان و یەكێتی، یا یەكێتی و گۆڕان ، تەنها رێگە لە بەردەمیان رێككەوتن و سازان و خوێندنەوەی یەكترە، سەرەڕای مێژووی هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و سیاسەتی هاوبەش كۆیان دەكاتەوە، بەمەرجێ‌ هەڵوێستەكانیان وەلا بنێن و كار بە بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بكەن.
بێگومان بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان تاكە بژاردەی سەركەوتوو، سازان و رێككەوتنی سەرجەم حزبە سیاسییەكانی هەرێمە، راستە لەم خولە خاوەنی 62 كورسین، بەڵام لە بەرامبەر پێكهاتەی عەرەب كەمینەین، ئەگەر پێگیری بە پرسە نیشتمانی و نەتەوایەتییەكانمان نەكەین، سەركەوتوو نابین، بەڵام شتێكی گرنگ هەیە زەمەنی برا گەورەیی بەسەر چوو، زەمەنی هێزە، هێزی كوردیش لە یەكێتی و یەكبووندایە.

تێبینی: بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی سەیری خشتەی بەراوردی دەنگی قەوارەكان بكەن لەنێوان دوو هەڵبژاردندا.

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure